ئەوەی لافاو نەیبرد ئاگر دەیسوتێنێت
  2019-06-06       436       

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

سه‌رباری گه‌رمی كه‌شوهه‌وا، عه‌لی موسا و چوار له‌ كوڕه‌كانی، ته‌واوی رۆژه‌كانیان له‌ پاسه‌وانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا به‌سه‌رده‌به‌ن، تا رێگریی بكه‌ن له‌و شه‌پۆلی ئاگره‌ی ماوه‌یه‌كه‌ به‌رهه‌می جوتیارانی ته‌له‌عفه‌ری گرتۆته‌وه‌.

"ده‌ترسین زه‌وییه‌كانی ئێمه‌ ببێته‌ ئامانجی ئه‌و ئاگره‌ی كشتوكاڵی ناوچه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری گرتۆته‌وه‌" عه‌لی موسا وای وت، چونكه‌ ده‌یان دۆنم چێنراو به‌ گه‌م و جۆی هه‌یه‌و هێشتا دروێنه‌ی نه‌كردون.
ترسی جوتیارانی ته‌له‌عفه‌ر و پاسه‌وانییان بۆ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ كاتێكدایه‌، هێشتا هۆكاری سه‌ره‌كی روداوه‌كان رون نین و نازانرێت كێیی له‌ پشته‌وه‌یه‌، گروپه‌ چه‌كداره‌كان، ململانێی سیاسی یان روداوێكی سروشتییه‌ و به‌هۆی به‌رزی پله‌كانی گه‌رماوه‌یه‌.
عه‌لی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دیارده‌ی سوتانی به‌روبومه‌كانی گه‌نم و جۆ بۆته‌ دیارده‌یه‌كی ترسناك و جێی نیگه‌رانی ئێمه‌یه‌، رۆژ نیه‌ ئاگر نه‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ و كشتوكاڵی جوتیاران لێره‌و له‌وێ".
به‌شێك له‌ تۆمه‌ته‌كان روی له‌ چه‌كدارانی داعشه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی میدیای ئه‌و رێكخراوه‌ به‌رپرسیارێتی چه‌ند روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كان گرته‌ئه‌ستۆ و خاوه‌نه‌كانیانی به‌ "لاده‌ر" ناوبرد، هه‌رچه‌نده‌ كۆتاییهاتنی داعش له‌ یعراق زیاتر ساڵێك و نیوه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌.


سه‌عد خالد، جوتیار له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "روداوه‌كانی ئاگر توشی نیگه‌رانی زۆری كردوین و ناچارین خۆیمان پاسه‌وانی زه‌وییه‌كانمان بكه‌ین".
روداوه‌كان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی دروێنه‌ی گه‌نم و جۆ، ئه‌وه‌ش دوای زستانێكی سه‌خت و بارانی زۆر، كه‌ بۆ چه‌ندین رۆژ بوه‌ هۆكاری دروستبونی لافاو، كه‌ ئه‌وه‌ش زیانی به‌ روبه‌رێكی به‌رفراوانی زه‌وی كشتوكاڵی گه‌یاند.
"به‌شێك له‌ جوتیاران به‌هۆی بۆمب و پاشماوه‌كانی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ نه‌یانتوانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان بچێنن، هه‌ندێكی دیكه‌ش له‌ جوتیاران زیانیان پێگه‌یشت به‌هۆی لافاو و بارینی ته‌رزه‌وه‌، ئێستاش روبه‌ڕوی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی تر بوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاگره‌".
سه‌عد خالد وتی "زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ له‌هه‌موو ئه‌م روداوانه‌دا ئابوری وڵاته‌كه‌ و له‌ ده‌ره‌نجامدا هاوڵاتیانه‌".
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رگری شارستانی بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌ 8ی ئایار تا 4ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، 44 حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نه‌ینه‌وا تۆماركراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 11 هه‌زار و 183 دۆنم سوتاون، كه‌ روبه‌رێكی به‌رفراوانی ده‌كه‌وێته‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر.


سالم محه‌مه‌د، لێپرسراوی كشتوكاڵی ته‌له‌عفه‌ر بۆ‌ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ كه‌ روبه‌ڕێكی فراوانی زه‌وی چێنراو به‌ گه‌نم و جۆ له‌ قه‌زاكه‌ سوتاون و داوای له‌ جوتیاران كرد "چاودێری به‌روبومه‌كانیان بكه‌ن تا وه‌رزی دروێنه‌ كۆتاییدێت".
قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر له‌ خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ توركمان پێكهاتون و ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ به‌پێی مادده‌ی 140ی ده‌ستور، سنوره‌كه‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كشتوكاڵی به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌نمه‌ له‌ عیراق.
به‌وته‌ی به‌رێوه‌به‌ری كشتوكاڵی ته‌له‌عفه‌ر، هۆكاری به‌شێك له‌ ئاگره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شۆرتی كاره‌با، بۆ ئه‌وه‌ش نمونه‌ی زه‌وییه‌كی هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی دروێنه‌دا گڕیگرت و به‌هۆیه‌وه‌ 20 دۆنم گه‌نم سوتا، به‌رله‌وه‌ی له‌لایه‌ن جوتیاران و هاوڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵی ته‌واوه‌تی ئاگره‌كه‌ بكرێت.
هه‌فته‌ی رابردو 28ی ئایار، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ره‌تیكرده‌وه‌ هۆكاری روداوه‌كانی ئاگر دوژمنكارانه‌ بێت، "زۆرینه‌ی به‌هۆی ناكۆكییه‌كان و به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رماوه‌یه‌"، پێشیوابوو ئه‌و روبه‌ره‌ی سوتاوه‌ به‌راورد به‌ وڵاتانی تر گه‌وره‌نییه‌.
له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییدا هه‌فتانه‌یدا، عه‌بدولمه‌هدی 2ی حوه‌زیران جارێكیتر باسی له‌ روداوه‌كانی سوتانی به‌روبومی جوتیاران كرد و وتی "هۆكاری ئاگره‌كان تاوانكاری و تیرۆریستییه، هه‌ندێك ئاگركه‌وتنه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی شۆرتی كاره‌با یان ململانێ یاخود تۆڵه‌كردنه‌وه‌ روده‌ده‌ن"، داواشیكرد ئه‌و دۆسیه‌یه‌ زیاد له‌ قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌ نه‌كرێت.

جگه‌ له‌ تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی، له‌ روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا، جوتیاران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بۆ كوژاندنه‌وه‌ و كۆنتڕۆڵكردنی ئاگره‌كان به‌شدارده‌بن.
حسێن به‌رزنجی، لێپرسراوی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ته‌له‌عفه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هێزه‌كانیان به‌شداربون له‌ كۆنتڕۆڵی چه‌ندین ئاگر له‌ سنوره‌كه‌، ئاماده‌ییشی نیشاندا بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و جوتیاران به‌ ئامانجی راگرتن و بنه‌بڕی ئه‌و دیارده‌ مه‌ترسیداره‌، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت.
قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری 255 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بون و له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌وه‌ له‌ ئابی 2017دا، نزیكه‌ی سه‌دا 45ی دانیشتوانه‌ ئاواره‌كه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×