نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد
  2019-06-10       986       


لەدانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستان  بە ئامادەبونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی باڵای حزبی‌و حوكمی كوردستان‌و عێراق‌و نوێنەرانی وڵاتان، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، كە تێیدا سوێندیی خوارد بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت.


ئاوێنە: ئەمرۆ "دو شەممە" دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لەشاری هەولێر بەرێوە دەچێت كە تایبەتە بە سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، لەدوای سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم‌و پێشكەشكردنی وتاری ژمارەیەك كەسایەتی حزبی‌و حكومی چاوەروان دەكرێن نێچیرڤان بارزانی یەكەمین وتاری خۆی وەك سەرۆكی هەرێم پێشكەش بكات.


مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرۆكی پێشوی هەرێمی كوردستان لەدانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە بە هەمو توانایەوە پشتیوانی لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەكات.


مەسعود بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد كە وێرایی پیرۆزبایی كردن لە برازاكەی بە بۆنەی بونی بە سەرۆكی نوێی هەرێم پشتیوانی خۆشی بۆ راگەیاند، ئەو وتی " داوای جددیم لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرال ئەوەیە کە پێکەوە هەوڵ بدەن هەرچی زوترە ئەو کێشانەی ماون، چارەسەریان بکەن، بەتایبەتیش ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، بەتایبەتیش ناوچەکانی کێشە لەسەر، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکان قوڵتر دەبنەوە و جێی مەترسیی جددین".


راشیگەیاند لەناو هەرێمیش هیوادارە لایەنەکان بە گیانی هەست بە بەرپرسیارێتیکردن کار بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن.


بارزانی پیرۆزبایی ‌و سوپاسی خۆی ئاراستەی هاوڵاتیانی كوردستان كرد، ئاماژەی بەوەش كرد هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەسەركەوتویی ئەنجامدراوە‌و هەنگاو بە هەنگاویش قۆناغەكانی دیكەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هیواشی خواست كە روداوەكانی ساڵی 2014 دوبارە نەبنەوە.


دواتر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەكات‌و داواش لەمەسعود بارزانی دەكات وەك كەسایەتییەكی كاریگەر‌و گرنگ رۆڵی خۆی بگێرێت بۆ دروستكردنی تەبایی لە هەرێمی كوردستان.



بەرهەم ساڵەح، سەرۆك كۆماری عێراق لەدانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستان وتارێكی بە بۆنەی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرد، لەسەرەتای وتارەكەیدا وێرای گەیاندنی پیرۆزبایی خۆی،  ستایشی رۆڵ‌و گرنگی مەسعود بارزانی كرد وەك كەسایەتییەك‌و رایگەیاند كە نزیكەی نیو سەدە خەباتی كردوە بۆ ئامانجەكانی گەلی كوردستان‌و داواشیكرد لەپێناو دروستكردنی تەبایی‌و پێكەوەیی رۆڵ بگێرێت.



راشیدەگەیەنێت پێگە‌و رۆڵی كەسەكان بە پلە‌و پۆست نیە، رڵی مەسعود بارزانی لە ئایندەدا دیار دەبێت‌و چاوەروانی زۆریان لێی هەیە، باس لەوەش دەكات ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەبێ‌ دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد بەدی نایەت.



پاشان هەریەك لە موحەمەد حەلبوسی‌و نوێنەری عادل عەبدولمەهدی ‌و عەمار حەكیم وتاری خۆیان پێشكەشكرد‌و ویرای پیرۆزبایكردنیان بەهیوای ئاسایبونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان بون، سەركەوتنیشیان بەسەر رێكخراوی داعش بە دەسگەوتێكی مەزن ناوبرد

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×