نێچیرڤان بارزانی: سوپاسی ئەو لایەنانە دەكەم دەنگیان پێدام ئەوانەشی دەنگیان پێنەدام
  2019-06-10       827       


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا رایگەیاند ناخۆشترین روداو هاتنی داعش‌و پەلاماردانی بەشێك لەخاكی كوردستان‌و عێراق بوە، هەروەها ئەو وتی "سوپاسی ئەو لایەنانە دەكەم دەنگیان پێدام ئەوانەشی دەنگیان پێنەدام‌و ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان نەبون.




ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی لەوتارەكەیدا وتی "سوپاس کە وەک نوێنەرانی گەل دەنگتان دا بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتو سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان دا و ئەوانەی دەنگیان نەدائەوانەی ڕۆژی دەنگدان نەچو ونە پەرلەمان سوپاسی هەمووتان دەکەم، هەریەک لە ئێوە بە خواستی خۆی و بە نوێنەرایەتیی دەنگدەر و لەسەر راسپاردەی ئەو حزبەی نوێنەرایەتیی دەکەن لە پەرلەمان، ئەرکی دیموکراسیی خۆتان مومارەسە کرد".


راشیدەگەیەنێت مەسعود بارزانی رۆڵی گرنگ‌و سەركەوتوی بینیوە لە روبەروبونەوەی چەكدارانی داعش، ئەو وتی "وەك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان راستەوخۆ بەشداریكردوە لەروبەروبونەوەی تیرۆرستان كرد‌و شەونخونی كرد لەگەڵ پێشمەرگە".

 

ئاماژەی بەوەشكرد هەرێمی كوردستان ئومێدی بە دەستوری عێراق بو، بەڵام جێبەجێنەرا، باس لەوەش دەكات جیاوازییەكانیان نابنە رێگر لەبەردەم ئامانجە گشتییەكان‌و هەوڵدەدەن پەیوەندییەكی باش لەگەڵ وڵاتان دروست بكەن، دەشڵێت "لەهەرێمی كوردستان بنكۆڵی یەكتر نەكەین".

 

وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

بەڕێز سەرۆک بارزانی

بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق

بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا

بەڕێز وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ کاروباری کەنداو

بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

بەڕێزان باڵیۆزانی وڵاتان لە عێراق

دیپلۆماتکاران

سەرکردە و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکان

میوانان و ئامادەبووانی خۆشەویست لە عێراق و بەغدا کە تەشریفتان هێناوە، هەمووتان بەخێر بێن

مایەی خۆشحاڵیمە کە هەمووتان لێرەن و لەگەڵمان بەشدارن

بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی گەلی هەرێمی کوردستان بە گشت ڕەنگ و بۆچوونەکانیانەوە، سووپاس کە وەک نوێنەرانی گەل دەنگتان دا بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو

سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان دا و ئەوانەی دەنگیان نەدا

ئەوانەی ڕۆژی دەنگدان نەچوونە پەرلەمان

سوپاسی هەمووتان دەکەم

هەریەک لە ئێوە بە خواستی خۆی و بە نوێنەرایەتیی دەنگدەر و لەسەر راسپاردەی ئەو حزبەی نوێنەرایەتیی دەکەن لە پەرلەمان، ئەرکی دیموکراسیی خۆتان مومارەسە کرد

لەم کاتەدا گرنگترین دەستکەوت بەردەوامبوونی خودی پرۆسەی دیموکراسییە

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە کاتی خۆ ئامادەکردن بۆ ئەم ئەرکە نوێیە، گەلێک یادی ناخۆش و خۆش دێنەوە بیرمان

هەندێک ڕووداو لە بیر ناکرێن تا لێیانەوە فێر ببین، هەندێک ڕووداو زۆر نوێن کە هێشتا خۆیان لەگەڵ کاری ڕۆژانەمان تێکەڵ دەکەن، نوێترینیان هێرشی داعش بوو کە شێوازی کوشتارەکەیان هەموومانی تووشی شۆک کرد و دونیای هەژاند

زۆر کەس پێشبینیی دڕندەیی لەم جۆرەی نەدەکرد، زۆر کەس باوەڕی نەدەکرد هیزی تاریکپەرستی دەستی بچێتە ئەم هەموو تاوانە.

بۆ ماوەیەکی کورت لەوە دەچوو کە تیرۆریستان لە کارەکەیان سەرکەوتوو بن، جەنابی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگ و سەرکەوتووی بینی لە بەرپەرچدانەوەی داعش و تێکشکاندنی خەونی تاریکپەرستییان. جەنابیان وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ بەشداری لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد و شەونخوونی کرد لەگەڵ پێشمەرگە، بە خۆڕاگری و ئەزموونی پێشمەرگایەتیی لە ١٦ ساڵییەوە تا ئەمڕۆ خزتە خزمەتی مرۆڤایەتی لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان.

لەو قۆناغە سەختەدا جگە لە ڕۆڵی سەربازیی یەکلاکەرەوە و بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە، جەنابی سەرۆک بە ئەزموونی نزیکەی پەنجا ساڵ خەباتی خۆی، بە حیکمەتی لێزانی و شارەزایی، گەلی کوردستانی لە هەڕەشەیەکی راستەقینەوە بۆ کەناری ئارامی پەڕاندەوە، ئەم ڕێوڕەسمەی ئەمڕۆش کە زادەی دیموکراسییە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و تێکۆشەرانی گەلەکەمانە.

دوای راپەڕین، لە ئازاری ١٩٩١ لە کۆیە بۆ یەکەمجار سەرۆک بارزانی داوای کرد بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت و گەلی کوردستان نوێنەرایەتیی خۆی لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڵبژێرێت.

پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانان و بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هاوشان لەگەڵ هێزەکانی عێراق، سەرکەوتن لە ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و ڕزگارکردنی خەڵکی چەوساوەی دەستی داعش، هەموومان قوربانیی گەورەمان لە پێناو ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان و گەلەکەمان دا.

سڵاو و دروود بۆ گیانی شەهیدانی گەلەکەمان

سڵاو لە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە سوپا و حەشدی شەعبی و ئەو هێزانەی ڕۆڵی مێژوویی خۆیان لەو قۆناغە ناسکەدا بینی.

بەرگریی ئێمە بەرگری بوو لە مافی ژیان و سەرفرازی، هێزەکانی عێراق ڕۆڵی باشیان بینی لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.

سوپاسی بێپایان بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا کە بوونە هۆی گەڕاندنەوەی هیوا و ژیان و ئاشتی و ئازادی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

پێشمەرگە سەلماندی کە وەک هەمیشە دەتوانێت بەرگری لە وڵات بکات.

لە قۆناغی داهاتوو لە هەموو ڕووێکەوە هەوڵ دەدەین پێشمەرگە ڕێک بخرێتەوە و وەک بەشێک لە هێزی بەرگریی عێراق ئەرکی خۆی بکات.

کوردستان سەلماندوویەتی کە بەشیکی دیار و کاریگەری ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و ڕۆڵی بەرچاوی لە پێشکەوتنەکانی ناوچەکەدا هەیە و پێشکەوتنەکانی ناوچەکە و جیهانیش کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێم هەیە، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن، دەمانەویت دەستی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین.

ئێمە بە قۆناغێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەستیاردا تێدەپەڕین، کۆمەڵگەی ئێمەش بێ داخوازیی ئازادی و سەربەستی و خواستی ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە، ئێمە لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا زۆرجار لە فەرهەنگی سیاسی و نەریتی میدیاییدا پتر جەخت لە ناتەبایی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکەین، با لەمەودوا لەگەڵ یەکتر کۆک و تەبا و ساز بین.

دەزانم ململانێ و جیاوازی هەر دەمێنێت، ئەمە شتێکی ئاساییە، داوا دەکەم با بیرکردنەوەمان ناکۆک و ناتەبا نەبێت، با بیر و هەڵسوکەوت و کردارمان بونیادنەربێت بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری هاوبەش و ئایندەیەکی هاوبەش.

با نیشتمان کۆکەرەوەی هەمووان بێت و نوێنەرانی پێکهاتەکانی کوردستان بە هەموو جیاوازییانەوە بەشداری لە ڕەوتی بەرەو ئایندەی کوردستان بکات.

داوای من وەک سەرۆکی چەند ساڵی داهاتووی کوردستان ئەوەیە کە پێکەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئاواتی خۆمان و لە حزبەکانمان گەورەتر بکەین، پێکەوە لە ئاستی ناوخۆی کوردستان، لە ئاستی هەرێم و عێراق، لە ئاستی وڵاتانی دراوسێ و لە ئاستی نێودەوڵەتی، ژیان و نیشتمانمان بپارێزین و بەرەو پێشەوەی ببەین.

هیچ گومانم نییە کاتێک پێکەوە نەخشەڕێی هاوبەش بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێین، ڕێی هەڵە ناگرین و دەزانین چی پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش.

دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی لە بەغدا پێکەوە کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ پرسە دەستوورییەکان، دەستوورێک کە چوار لەسەر پێنجی دەنگدەران لە هەموو عێراق دەنگیان پێ داوە. دەستوورێک کە ببێتە هۆی زامنکردنی پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتن.

ئێمە ئومێدمان بە دەستوور هەیە، بەداخەوە نەتوانرا وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و ئەو عێراقە نوێیە بونیاد بنرێت کە گەلانی عێراق خەونیان پێوە دەبینی، ئەو عێراقەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و بەشداریی کارای تێدا هەبوو و بەرگری لێ کرد، لە عێراق هیچ بەدیلێک بۆ دەستوور نییە، بە ئەزموون بینیمان کە پشتگوێخستنی بە مەبەست و بێمەبەست یان پشتگویخستنی ئەو دەستوورە دەبێتە هۆی ناتەبایی و ناسازیی نوێ لە نێوان پێکهاتەکان، دەتوانین جارێکی دیکە دەستوورەکەمان نوێ بکەینەوە و ڕێزی لێ بگرین، تاوەکوو تاریکپەرستانی وەک داعش درووست نەبنەوە و کارەساتی وەک شنگال و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و عێراق دووبارە نەبنەوە.

تاوەکوو عێراق و کوردستان لە مەترسیی تیرۆر دوور بن کە هێشتا بە جددی هەڕەشە دەکات.

لە مێژووی دوور و نزیکماندا شەڕ بۆتە هۆی هەرەسهێنانی ئابووریمان، شەڕفرۆش زۆرجار بیر لەوە ناکاتەوە کە ئاگری شەڕ ماڵی خۆشی دەگرێتەوە، باشترین نموونەش هێرشی ڕژێمی ڕابردوو بوو بۆ سەر کوردستان و ئێران و کوێت، لە کۆتاییشدا دۆخی عێراق تێکچوو و ژیانی خەڵکی ئاڵۆز بوو، تائێستاش خەڵکی هەرێم و عێراق و ناوچەکەش باجی خراپەکارییەکانی ئەو ڕژێمە دەدەن.

با برینی ڕابردوومان بە لێبووردەیی و سینگفراوانی ساڕێژ بکەین، نەک بە گیانی تۆڵەکردنەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز

با پێکەوە بە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە هەنگاوی بونیادنەر بنێین بۆ ڕێککەوتن لەسەر نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش بۆ ژیانێکی هاوبەش. گەلی کوردستان هەمیشە مرۆڤ دۆستیی خۆی نیشان داوە، هەرگیز گەلی کوردستان ڕێگەی نەداوە کە شەڕی ڕژێمەکانی عێراق کە بەسەر کوردستاندا سەپێندرا، ببێتە شەڕی کورد و عەرەب. عێراق دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، با بۆ هەموو عێراقی بسەلمێنین کە پێکەوەبوونمان و پاراستنی ژیانمان لە هەموو سامانێک گرنگترە.

لە ئاستی هەرێمیش بەرنامەی هاوبەشمان دابڕێژین، گۆڕانکارییە خێراکان پێویستییان بە دیدی هاوبەش هەیە، چونکە لە کۆتاییدا هەمووان بەرپرس دەبین لە سەرکەوتن و شکستەکان، کاتێک هەوڵی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم دەدەین و بەردەوام هەوڵی بووژاندنەوەی ئابووریمان دەدەین، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە هەریەک لەوانەش هاوشێوەی ئێمە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە.

ئەرکی سەرۆکی هەرێم دەبێت، ڕێ خۆشبکات و زەمینە سازی بکات بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەرێم لەگەڵ دراوسێکان، بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئابووری و بازرگانی و چارەسەرکردنی گرفتە ئابوورییە هاوبەشەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییە دراوسێیەتییەکان.

پاراستنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی کە پاراستن و مانەوەی هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانن، ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. بەبێ هاوکاریی و کۆمەکی سەربازیی وڵاتان، داعش دەیتوانی زەرەری زیاتر بە هەرێم بگەیەنێت.

سوپاسی یەک بە یەکی خەڵکی کوردستان دەکەین کە وێڕای شەڕ و کەمیی مووچە و سستیی بازاڕی کار، یارمەتیی حکوومەتیان دا تاوەکوو ئەو دۆخە بە سەربەرزی تێپەڕێنین.

دەبێت دان بە جیاوازییەکانماندا بنێین و جیاوازییەکانمان نابنە ڕێگر لە سەرخستنی خواست و ڕێگر و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و شایستەی داهاتووێکی باشترین بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوومان.

پێکەوەژیان و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و بوارەکانی دیکە، پێویستی بە کاری جددی هەیە بە جۆرێک لەگەڵ قۆناغی ئێستا و داهاتوومان، ژینگە وەک سەرچاوەی سەرەکیی ژیان زەرەرمەند نەبێت.

بە ئەمانەتەوە وڵاتەکەمان دەدەینە دەست نەوەی داهاتوو بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشمان.

وەک سەرۆکی هەرێم ئەوپەڕی توانا و ئەمانەتی خۆم بەکار دەهێنم بۆ هاوکاریکردنی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی نوێ و کابینە و هەموو وەزیرەکانی تاوەکوو لە بەرپرسیاری و کاری خۆیاندا سەرکەوتوو بن. سەرکەوتنی هەریەک لە ئێمە سەرکەوتنی هەموومانە.

جارێکی دیکە سەرجەم کوردستانییان دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان دەبێت لە پێناو ژیانێکی ئاشتییانە و ئارامی کوردستاندا. هەرێمی کوردستان موڵکی هەمووانە بە هەموو جیاوازییەکانەوە. سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ هەمووان دەبێت و  بە یەکچاو سەیری هەمووان دەکات.

دووپاتی دەکەمەوە ئارامی و ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵگە ئامانجی سەرەکی دەبێت. هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچە و پاراستنی پەیوەندیی و سەنگی هەرێمی کوردستان کاری ئێمە دەبێت. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و زامنکردنی بەها و ئازادییەکانی جیهانی پێشکەوتوو.

هەموومان یەک خۆر لەسەرمان هەڵدەستێ و یەک ئاسمان دامان دەپۆشێت.

سوپاس بۆ سەرۆک و سەرکردە و هەموو بەرپرسان لە هەر کوێیەک بە نامە و تەلەفۆن و بە هۆکاری جیاواز پیرۆزباییان لێ کردووین.

دووبارە زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەکتان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×