رێزان شێخ دلێر دو داواكاری ئاڕاسته‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌كات
  2019-06-10       2562       

رێزان شێخ دلێر، په‌رله‌مانتاری پێشوی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی عێراق دو داواكاری ئاڕاسته‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی نوێی هه‌رێم ده‌كات كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ ته‌نازول له‌ موچه‌كه‌ی بكات و بیخاته‌ خزمەت پڕۆژەی خزمەتگوزاییەوە.

ئاوێنه‌: رێزان شێخ دلێر، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وێڕای پیرۆزبایی له‌ نێچیرڤان بارزانی به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربونی وه‌ك سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمی كوردستان، هیوای خواستوه‌ جیاواز له‌ كاره‌كانی رابردوی خۆی بۆ خزمه‌تی ته‌واوی كوردستانیان ته‌رخان بكات.

رێزان شێخ دلێر دو دواكاری ئاڕاسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كردوه‌و له‌ داواكاریی یه‌كه‌میاندا وتویه‌تی"کوردستان چەند ساڵێکە بەدەست کەمی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، پێویستە لەسەریان ئەو موچەیەی وەریدەگرێت وەک سەرۆکی هەرێم و لەسەر ئەژماری تایبەتی خۆی "حصەی شخصی" بیخاتە خزمەت پڕۆژەی خزمەتگوزاییەوە و تەنازول لە موچەکەی بکات، ئەمەش وادەکات سەرۆکی هەرێمی هەمو کوردستان بێت نەوەک سەرۆکی حزبێک یاخود سەرۆکی هەرێمی ناوچەیەک."

له‌داواكاریی دوه‌میشدا، وتویه‌تی"ئاشکرایە ڕێژەی بەشداریکردنی ژن لە جومگەکانی حومکڕانی بەو شێوە دڵخۆشکەرە نیە ژنان بتوانن دەسەڵات بگرنە دەست یا شەریکی بڕیاربن، بۆیە داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم ڕێژەی ژن لەناو سەرۆکایەتی هەرێم لە سەدا سی کەمتر نەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرۆکایەتییەکی یەکسانە نەوەک سەرۆکایەتییەکی پیاو سالاری."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×