چەواشەکردنی خوێندکار لەتاقیکردنەوەدا بۆچی؟
  2019-06-14       2477       

ھێمن ئەحمەد



بەسەرنجدان لە بابەتەکانی تاقیکردنەوە و بارودۆخ و ژینگەی تاقیکردنەوەی خوێندکار گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە ئەمساڵ ھەوڵێکی زۆر ناڕەوا ھەیە بۆ چەواشەکردن و نیگەرانکردن و بگرە ناھەقیکردن وھەندێ جار پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکانی خوێندکار . ئەمەش لەم خاڵانەدا بەدی دەکرێت :
یەکەم ؛ سەرەڕای ئەو ھەموو نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و نادڵنیاییانەی خوێندکار ،ژینگەی تاقیکردنەوەیان زۆر نەگونجاو و نالەبارە .لەزۆربەی ھۆڵەکان تەنھا فێنککەرەوەیەک ھەیە ( پلەکانی گەرماش لەسەرو ٤٠ پلەوەیە ) ، کاریگەری ئامێرەکەش لە چەند مەترێک تێپەڕ ناکات . سارەڕای دەنگدەرکردنی ئامێرەکە دەبێتە ھۆی پەستکردن و وەرەسکردنی خوێندکاری نزیک ئامێرەکە ،ھەندێ جایش پەڕەی تاقیکردنەوە و سۆما لەدەست خوێندکار دەفڕێنێت بۆ دوور . ھەندێ جاریش خوێندکار لەبەر ئارەقەی دەستی داوای پارچە پەڕۆیەک دەکا بیخاتە ژێر دەستی بو پاراستن و پاکڕاگرتنی پەڕەی سۆماکەی .
خۆم چاودێرم لە ھوڵی خوێندکارانی ( پۆلی دوازدە ) ، ھەموو ئەم شتانە لە پێش چاوم ڕودەدەن و بەڕاستی زۆر دڵگرانم دەکەن .
دووەم ؛ کاتێک خوێندکار داوای چون بۆ (WC) دەکات ، دوای دوو کاتژمێر ڕێگەی پێدەدرێت بچێت ئەمیش بە یاوەری یاریدەدەری ھۆڵ و ھەندێجار بەڕێوەبەریش . جێگەی باسە کە نیگەرانی و شڵەژان و دڵەڕاوکێ حاڵەتی (میزە چڕکێ زیاد دەکات) . ئەمانیش ھاوشێوەی سزادراوێکی تاوانە گەورەکان دێنە پێش چاو کە چۆن بە گارد چاوێریدەکرێن .
سێیەم ؛ من زۆر سەرم سوڕدەمێنێ لە لیژنە و بابەتی تاقیکردنەوەکان ،کە زوربەی بابەتەکان پڕبون لە ھەڵەی چاپی و ڕێزمانی و پێنەزانین و نەشارەزای و بێئەزمونی . بۆ نمونە ،گەر سەرنج بدەینە پرسیارەکانی(ئینگلیزی پۆلی نۆ) کە من خۆم مامۆستاو پسپۆڕی ئەم بابەتەم و دە ساڵە وانەی پۆلی نۆ دەڵێمەوە دەبینی کە ؛ (چوار پرسیار ) لەدەرەوەی مەنھەج ھاتۆتەوە کە بە( ڕەنگی شین ) دیاریکراوە ، (پرسیارێک) دوو ھەڵبژاردنی بۆ دەبێت کە بە (ڕەنگی سەوز) دیاریکراوە واتە بایی (١٠ نمرە) پرسیاری دەرەکی و ھەڵە ھەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی پرسیارەکان لەدەوری چەند بابەتێکی دیاریکراو دەخولێنەوە ئەوانیش ؛(ڕانەبردووی سادە و نەرێی ڕانەبردووی سادە و ڕابردووی سادە....). بۆ زانیاریتان بەش (unit) ھەیە ھیچ پرسیارێکی تیا نەھاتۆتەوە، کەواتە پرسیارەکان گشتگیر (شمولی نین).
گەر پرسیارەکانی (زمانی کوردی پۆلی دوازدە ) وەک نمونەیەکی تر وەرگرین دەبینین کە؛ زیاتر لە ( ٣٠ ھەڵە )ی ڕێزمانی و چاپی و بێئەزمونی تیدایە ( بەپێی وتەی مامۆستایانی پسپۆر لە بابەتەکە ) . وێڕای بابەتەکانی (کیمیا و بیرکار و ....) کە لەلایەن خوێندکاران بە گران ناوزەند کران و ھەندێ لە خوێندکاران ھۆڵەکانیان جێھێشت بۆ خوولی دووەم ،خۆم شاھیدحاڵی ئەمە بووم.
چوارەم ؛ بەڕێوەبەر و یاریدەدەر تەواو مامڵەیان گۆڕابوو لەگەڵ خوێندکار بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو. مامۆستا بەھیچ جۆرێک ڕێگەی پێناندرێ وەڵامی خوێندکار بداتەوە بەبێ ئەوەی بزانرێ پێویستی خوێندکارەکە چیە.
پێنجەم ؛ شتێکیتر کە شایەنی بیرھێنانەوەیە ، ڕێز نەگرتنە لە ئەرک و ماندوبوون و بەرپرسیارێتی مامۆستای چاودێر و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرە بەڕێزەکان، ئەرکی بەڕێوبەرەکان ھەر زۆر قورستر بووە بەوەی ھەموو دوۆ ڕۆژ ێک دەیانێرن بۆ ھۆڵێکی نوێ. وێڕای ھەموو ئەم شتانەی وەبیرم ھێنایەوە پارەپێدانێکی ڕەمزی تەرخان دەکرێت بۆ مامۆستا کە ئاماژەی پێدەدەم بۆ ھەردوو قۆناغی ( ٩ و ١٢ ). مامۆستای چاودێر پۆلی نۆیەم  نزیکەی ٦٠ ھەزار و پۆلی دوازدە ٧٠ ھەزار ، یاریدەدەر ٨٠ بۆ ١٠٠ ھەزار ، بەڕێوبەر ١١٠ بۆ ١٤٠  ھەزاری پێدەدرێت ، کە بەڕای من ئەمە دەچێتە خانەی سوکایەتیپێکردن بە مامۆستان و ھەموو پڕۆسەی خوێندنەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم ؛ 
تێناگەم ئەم ھەموو پسپۆڕ و شاڕەزاو خاوەن ماستەر و دکتۆرا یە ھەبێت بۆ دەبێت شێواز و دۆخی تاقیکردنەوەکان بەم شێوەیە بن !! .کاتێک ھەمو پێداویستیەکان بەردەست و فەراھەمکراون بۆچی ھۆڵ و ژینگەی تاقیکردنەوەکان بەم جۆرەن !! یان واباشترە بڵێین نیگەرانکردن و تەنگەتاوکردنی خوێندکار بۆچی ؟؟

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×