هەولێر؛ دو باندی دزی دەستگیرکران
  2019-06-24       553       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دو باندی دزییان دەستگیركردون كە هەڵساون بە دزینی پارەو كەلوپەلی نێو ئۆتۆمبێلەكانی دو پاركینگ لەو شارە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە دوای ئەوەی چەند سکاڵایەک تۆمارکران لەلایەن پۆلیس کەوا کەلوپەلی نێو ئۆتۆمبێلەکانی پاڕکینگی نەخۆشخانەو مزگەوتەکانی نێو شاری هەولێر دەدزرا، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕوداوانە کردەوەو توانی دو باندی دزی نێو ئۆتۆمبێلەکان دەستگیربکات.

سەبارەت بە باندی یەكەم، محەمەد کەرخی عادل، لێکۆڵەر لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژهەڵات رایگەیاندوە، دوای ئەوەی چەند سکاڵایەک لە نوسینگەکەمان تۆمارکرا کەوا دزی لە نێو چەند ئۆتۆمبێلێکی پاڕکینگی نەخۆشخانەی (رزگاری و کۆماری) کراوە، ئێمەش دوای وەرگرتنی زانیاری توانیمان ناسنامەی دو تۆمەتبار ئاشکرابکەین و دەستگیریان بکەین.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تۆمەتباران بە ناوەكانی (ب. س. ن. تەمەن ۱۹ ساڵ) و (م. ج. ڕ. تەمەن ۱۷ ساڵ) دوای دەستگیرکردنیان دانیان ناوە بە تاوانەکانیاندا کە هەڵساون بە دزینی بڕی  شەش هەزارو 800 دۆلاری ئەمەریکی و (۲۰) بیست مسقاڵ زێڕ.

هەروەها سەبارەت بە باندی دوەم گەیلان عوسمان کەریم، کارمەندی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی باشور رایگەیاندوە، دوای تۆمارکردنی چەند سکاڵایەک لە نوسینگەکەمان کەوا لە پاڕکینگی چەند مزگەوتێکی شاری هەولێر دزی لە نێو چەند ئۆتۆمبێلێک کراوە، ئێمەش دوای وەرگرتنی زانیاری توانیمان ناسنامەی دو تۆمەتبار ئاشکرابکەین و دەستگیریان بکەین.

ئاماژەی بەوەشداوە كە تۆمەتباران بە ناوەكانی (ڕ. ق. ڕ. تەمەن ۲۰ ساڵ)و (ی. ڕ. ع. تەمەن ۱۹ ساڵ) دوای دەستگیرکردنیان دانیان ناوە بە تاوانەکانیاندا کەوا هەڵسابون بە دزینی سێ مۆبایل و بڕێکی زۆر پارە.

بەپێی قسەی پۆلیس تۆمەتباران بەپێی ماددەی (٤٤٦) لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×