عەبدوڵای کوێخا موبارەک: گۆڕان پێغەمبەری ئاخر زەمان نیە
  2019-06-26       1720       

عەبدوڵای کوێخا موبارەک، هەڵسوراوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان‌‌و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن ناڕازییەکانی ناو گۆڕان بەنیازی دروستکردنی حزب بن، ئەو دەڵێت "باسی دروستکردنی حزب نەکراوە، ھەرکاتیش ئەوە پێویست بێت بە دزیەوە نابێت و گۆڕانیش پێغەمبەری ئاخر زەمان نیە".

ئاوێنە: عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لەوتارێکیدا بەناور "درۆو دراو"، کە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، بەتوندی رەخنە لەبەڕێوەبردنی ئێستای گۆڕان دەگرێ‌و دەڵێت "ئەوانەی ئێستای گردەکە کۆپی درۆکانی پارتی و یەکێتی دەکەن بۆ چەواشەکاری خەڵک و ڕایکردنی سیاسەتە چەوتەکانی خۆیان و پارەکانیشیان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیا و کڕینی پشک و بەڕێوەبردنی سایت و میدیای چەواشەکار و کڕین و کۆیلە کردنی خەڵک بەکاری بھێنن.".

 

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی "عەبدوڵای کوێخا موبارەک"ە:

 

درۆ و دراو

دەنگۆی دروستکردنی حزب لەلایەن ناڕازیەکانی گۆڕانەوە لە لای ئەو گروپەوە دروستکراوە کە ئێستا بەھۆی درۆ و چەواشەکاری ئەوانەوە گردەکە ناوی نراوە (گردە درۆزنە)
ئەم دەنگۆ ناڕاستەشیان لەپێناو شاردنەوەی عەیبوعارەکانی خۆیان و بێ بایەخکردنی ئەو ڕەخنە جدیەیە کە ناڕازیەکان ھەیانە لە ئەدای کار و بڕیاردانی ئێستای ئەوان، ئەیانەوێ بەم دەنگۆ ناڕاستە بە جەماوەری گۆڕان بڵێن کە ناڕازیەکان لەپێناو مەرامی خۆیان و دروستکردنی حزب بۆ خۆیان ناڕازین و ڕەخنە ئەگرن.
ڕەنگە باسی دورکەوتنەوە لە گرد و گۆڕانی ئێستا کرابێت، بەڵام باسی دروستکردنی حزب نەکراوە، ھەرکاتیش ئەوە پێویست بێت بە دزیەوە نابێت و گۆڕانیش پێغەمبەری ئاخر زەمان نیە.
کێشە ڕاستەقینەکەی ئێمە دروستکردنی حزب نیە، بەڵکو ئەو تەفسیرە جیاوازەیە بۆ قسەکەی نەوشیروان مستەفا کە وتی پارتی و یەکێتی تەنھا درۆ و دراویان بەدەستەوەیە و ئەوەشیان لەدەست دەردێنین، ئێستا دوو بۆچون و ئاراستەی جیاواز لەسەر ئەو قسەیە دروست بوە، ئێمەومانان پێمان وایە نەوشیروان مستەفا مەبەستی لەو قسەیە ئەوە بوە کە درۆکانیان بۆ خەڵک ئاشکرا بکەین و پارەکانیشیان لێ بسێنینەوە بۆ خەڵک، بەڵام ئەوانەی ئێستای گردەکە پێیانوایە مەبەستی نەوشیروان مستەفا ئەوەبوە کە کۆپی درۆکانی پارتی و یەکێتی بکەن بۆ چەواشەکاری خەڵک و ڕایکردنی سیاسەتە چەوتەکانی خۆیان و پارەکانیشیان لێبسێننەوە بۆ خۆیان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیا و کڕینی پشک و بەڕێوەبردنی سایت و میدیای چەواشەکار و کڕین و کۆیلە کردنی خەڵک بەکاری بھێنن.
چەند نمونەیەک وەک بەڵگە
-لەلایەک ھەڵسوڕاوی گۆڕان نان بڕاو کرواوە و سزا دراوە، لەلایەکی ترەوە ٢٥ دەفتەر دۆلار و پارەی ژێربەژێر لە ھەمان حزب وەرگیراوە و دەمی میدیای گۆڕانی پێ داخراوە لەئاست ئەو غەدرەی لە شوێنکەوتوانی گۆڕانیان کردوە.
-لەلایەک گۆڕانخواز سواڵی بۆ گۆڕان کردوە و پارە و شەکروچای ماڵی خۆی بردوە بۆ مەکۆ و ژور و بانگەشەی ھەڵبژاردن، لەلایەکی تر پشکی کۆمپانیا و سایت و پەیجی فەیک بە پارەیەکی زۆر دروستکراوە.
-لەلایەک ئیدعای گەڕاندنەوەی موڵکی گشتی کراوە، لەلایەکی تر موڵکی گشتی لەسەر سەرکردە و کوڕی سەرکردەی گۆڕان تاپۆ کراوە.
-لەلایەک ناڕەزایەتی ھەیە لە دژی نزیکبونەوەی گۆڕان لە یەکێتی و پارتی، لەلایەکی تر ناڕازیەکان تۆمەتبار دەکرێن کە بەدەستی یەکێتی و پارتی ئەیانەوێت گۆڕان لەناو بەرن.
-لەلایەک باسی سیستەم و موئەسەسە ئەکرێ لایەکی تر پشتیوانی لە حوکمی سوڵتانی و گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین دەکرێت.
-جارێک ئەوترێ سەرکردە ناڕازیەکان قەت بەرگریان لە گۆڕان نەکردوە لەکاتی تەنگانەدا، جارێکی تر ئەوترێ سەرکردە ناڕازیەکان توند ڕەون و بەھۆی کێشەی شەخسیەوە گۆڕان توشی کێشە دەکەن.
-لەلایەک ئەڵێن شکستی گۆڕان ھی ١٢/٥ پەرلەمانی عێراقە و سەرۆک و لیژنەی بانگەشەی ئەوکات بەرپرسیارن لەو شکستە، چونکە گۆڕان ئەوکات تەنھا ٢٠٠ ھەزار دەنگی بەدەست ھێناوەتەوە، لەلایەکی تر ئەڵێن بایکۆت چیەکانی ٣٠/٩ی پەرلەمانی کوردستان شکستیان بە گۆڕان ھێنا و گۆڕان تەنھا ١٨٧ ھەزار دەنگی بەدەست ھێناوە.
بەراستی ئیتر پێویستە جەماوەری گۆڕان و ئەو کەسایەتی و نوسەر و چاودێرە سیاسیەیانەی کە پشتیوانی گۆڕانیان کرد و گۆڕانیان سەرخست قسەی جدی و یەکلا کەرەوەیان ھەبێت لەسەر بۆچونی ئەم دوو ئاراستەیەی ناو گۆڕان و پشتیوانی لە بۆچون و ئاراستە ڕاستەکە بکەن، چونکە ھەمومان ئەزانین کە کار بەم پینەوپەڕۆ و درۆ و دەلەسە و خۆ خەڵەتاندن و خەڵک خەڵەتاندنە ناچێتە سەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×