سەرۆكایەتی داواكاری گشتی داوا لەفەرمانگەكانی دەكات بەبێ رەزامەندی ئەوان سكاڵا نەجوڵێنن
  2019-06-26       2699       

سەرۆكایەتی داواكاریی گشتی، داوا لە فەرمانگەكانی داواكاریی گشتی لە پارێزگاو ئیدارەكانی هەرێم دەكات بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی ئەوان سكاڵا نەجوڵێنن. پارێزەرەرێكیش پێی وایە ئەوە "قەدەغەكردن"ی كاری ئەندامانی داواكاریی گشتییە.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی داواكاریی گشتی هەرێم لەنوسراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوەو ئیمزای دادوەر ئازاد حەسەن ئەحمەد، سەرۆكی داواكاری گشتی لەسەرەو ئاڕاستەی فەرمانگەی داواكاری گشتی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان، هەڵەبجە و راپەڕین كراوە لەبارەی جوڵاندنی سكاڵا، تێیدا هاتوە"لەبەر بەرژەوەندی گشتی و راپەڕاندنی كارەكان بەشێوەیەكی دروست، داوا دەكەین پێش جوڵاندنی هەر سكاڵایەك لەلایەن فەرمانگەكەتان، بە نوسراوێك بەراییەكانمان بۆ رەوانە بكەن یاخود بە ئیمەیل بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدرێت لەلایەن دەستەی داوای مافی گشتی."

هەروەها لەنوسراوەكەدا هاتوە"تەنها لیژنەی مافی گشتی فەرمانگەكان هەڵدەستن بە جوڵاندنی سكاڵاكان."

پارێزه‌ر كارزان فازیڵ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، بۆ ئاوێنە باسی لەوە كرد كە ئەو نوسراوە لەدەرەوەی یاسای كاری داواكاری گشتییە.

ئەو پارێزەرە وتی"یاسایەكمان هەیە لەهەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت بەناوی یاسای داواكاری گشتی، ئەم یاسایە یەك بەندی تێدا نییە پشتڕاستی ئەم كارە بكاتەوە."

وتیشی"مەعقولە فەرمانگەكانی داواكاری گشتی بەم رۆژگارە هەر سكاڵایەك هەبو، بۆ ئەوە بگەڕێنەوە بۆ داواكاری گشتی هەرێم."

كارزان فازیڵ پێشی وایە، هۆكاری دەركردنی ئەو نوسراوە لەلایەن دەستەی داواكاری گشتییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەماوەی رابردودا هەندێك لەئەندامانی داواكاری گشتی هەندێك سكاڵایان جوڵاند.

كارزان ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە سەرەتای گرتنەبەری رێكارەكان لەلایەن سەرۆكایەتی داواكاری گشتییەوە بەرامبەر بە كاری فەرمانگەكانی داواكاریی گشتی لە پارێزگاو ئیدارەكان، بە نوسراوێكی تر لە چەند مانگی رابردو دەستی پێكرد بەوەی كە هیچ ئەندامێكی داواكاریی گشتی نابێت بەشداریی هیچ كۆڕو كۆبونەوەیەك بكات و لێدوان بۆ میدیاكان بدات.

وتیشی"ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە كۆمەڵێك ئەندامی داواكاریی گشتی هەبون كە جێی دەستخۆشی بون، زۆر لە بابەتە گشتییەكاندا قسەیان دەكرد بە تایبەت لەناوچەی سلێمانی، لەسەر ئەو سكاڵایانەی كە رای گشتی لەسەر بو رونكردنەوەیان دەدا.

ئەوەشی خستەڕو"پێشتر ئەوە لەئەندامانی داواكاری گشتی قەدەغەكراو ئێستاش هاتۆتە سەر ئەوەی كارەكەی خۆیشیان لێ قەدەغە بكەن كە ئەمە كاری تایبەتی خۆیانە."

ئاوێنە پەیوەندیكرد بەچەند پسپۆڕێكی بوارەكە نەیانویست ناویان ئاشكرابكرێت و لێدوان بدەن، بەڵام كۆك بون لەسەر ئەوەی بڕیارێكی خراپەو نایاساییەو فەرمانگەی داواكاری گشتی دەكاتە فەرمانگەیەكی ئیفلیج و زیادە چونكە مافی یاسایی داكۆكیكردن لەمافی گشتییان لێ دەسێنێتەوە كە یاسا پێی بەخشیون.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×