شارێك لەبەردەم چەند دەبەیەك بۆیاخدا: فاروق بۆ پەشیمانبووە؟
  2019-07-12       2452       

محەمەد نوری


١
ئەمیل زۆلا لە كۆمەڵێ نامەی تایبەت كە لەساڵی ١٨٧١بۆ رۆژنامەی لۆسیمافۆری ناردوە ،باس لەو هەفتە خوێناویی وپڕ ئاڵۆزیەی دوا ساتەكانی ئابڵوقەدانی پاریس دەكات و دەنوسێت :بەناوی دڵسۆزی وكەرامەتەوە باس لە شارەكەمان دەكرێت ،كەواش نییە .
لەسەروبەندی خوێندنەوەی ئەم نامانەی ئەمیل زۆلادا بووم، مەسەلەی دیوارەكەی سلێمانی هاتە ئاراوە ،كە گوایە لەسەر ئەركی ئاسیا سێڵی فاروقی مەلا مستەفا وێنەكان تازەدەكرێنەوە ،بەڵام ئەمجارە پیرەمێرد وقازی مەحمەد و ئەمین زەكی خانەنشینكراون و هۆتێلەكەی شاری جوان دەبێتە رەمزی سلێمانی .رەنگە پاش كاڵبوونەوەی ئەم سێتە وێنەیەش لە داهاتوویەكی نزیكدا وێنەی فاروقی مەلا مستەفا خۆی دابنین وەك متەنەورێك كە خزمەتەكانی ئەو نەبوونایە ،سلێمانی نەدەبوو بەشار و نە لەسەر گۆی زەویش دەما ،ئەگەر وانییە ئەی ئەوەنییەهۆتێل و خەستەخانە هەرزانەكەی بووەتە جێی سەرنجی هەموو گەشتیار و گەریدە و هاوڵاتییەكان.
دوابەدوای گۆڕینی وێنەكان بە وێنەی هۆتێل، فاروقی مەلا مستەفا رایگەیاند كە هەر پرۆژەكە رادەگرم و وێنەكەش دەسڕمەوە (دیارە خەڵكی خەڵەتاند و نە وێنە سڕایەوە ، بەس منەتی شەش قوتوو بۆیاخ كە ناكەتە نرخی چەند دارسنوبەرێك كە بەهۆی شاری جوانەوە بڕانەوە بەخەڵكی سلێمانی فرۆشتەوە ).دوای مەرحەمەتی ئەم سەرمایەدارە پرۆژەكە هەربەردەوامبوو بەڵام رونكردنەوەیەك بڵاوبووە باس لەوەدەكرا ئەم پرۆژەیە زنجیرە تابلۆیەكە و شاری جوانیش وەك مەكتەبی فەیسەڵەییە ومزگەوتی گەورە وزانكۆی سلێمانی وگردی مامەیارە مەعالمی شارستانی ئەم شارە نیشان دەدەن(بەواتای مەكتەبی فەیسەڵییە كە سەردەمانێك سەكۆی خوێندەواربوونی شاربووە ،وەك دیسكۆیەك یەك مەعالیمن ،مزگەوتی گەورە كە مەكانی پێگەیاندن وهۆشیاری دینی بووە لەگەڵ رسێپشنی هۆتێلێك یەك مانایان هەیە،زانكۆی سلێمانی كە نیشانەی شاربونی سلێمانییە و سەدان هەزار بڕوانامەداری پێگەیاندوە لەگەڵ باڕێكی مەستبوون یەك ئامانجی هەیە ،گردی مامەیارە كە رەمزێكی رابردووی سادە وبێ گرێ بووە لەگەڵ شەوێكی مانەوە لەناو چەرچەفی پێنج ئەستێرەیدا یەك تامیان هەبوە )ئەمە چ گاڵتەجاڕییەكە ئەم سەرمایەدارە خۆبەچەپزانە بەم شارەی دەكات ،ئەمە چ سوكایەتییەكە هۆتێلیك پارەی دەستدەكەوێت بشوبهێنرێت بە مزگەوتێك كە مەعالمێكی شارە یان بەمامەیارەی سادە و بە زانكۆیەك بەراورد بكرێت . كەواتە خۆ دەبوو چافی لاند كە زۆرترین سەردانكەری هەیە ئەویش دابنرایە بەس نییە چوونە ژورەوەی سێ سەد قات لە هوتێلە پێنج ئەستێرەكە هەرزانترە ،خۆ ئەگەر بەرزی پێوەرە باجاف تاوەریش بخرێتە لیستی مەعالمی شارستانی شارەوە، خۆ ئەگەر فراوانی مەرجە با بەرزاییەكانی سلێمانیش لەو دیوارەدا وێنەی بكێشرایە. لەكۆی دونیا هوتێلیك كە پارە پەیدادەكات و هەرشتێكی بڵاوبووبیتەوە دەبێتە ریكلام بۆی ،هاوتەریبە لەگەڵ زانكۆ وقوتابخانە ومزگەوت؟لەكوێ دونیا باڕ و پۆل یەك مانای هەیە ؟ مزگەوت و دانس یەك وەزیفەیان هەیە ؟ ئەمە چ خوێندنەوەیەكە بۆ مەعالمی شار ؟ بەچ پێوەر و هەڵسەنگاندنێك لۆگۆیەكی بازرگانی دەبێتە سیما ورەمزی شار ؟بە چ بیركردنەوەیەك شار لەڕێی هۆتێلێكەوە دەناسرێتەوە كە پارە پەیدابكات و تەنها بۆ ئەو كەسانەشە كە هەبون دەتوانن ژەمێك نانخواردنی گرانبەها بخۆن .
ئەوەی جێی پرسیارە بۆ شارەوانی منەتی فاروقی مەلا مستەفا هەڵدەگرێت ؟بۆچی خۆی ئەو كارە ناكات ؟ئەگەر فاروقی مەلا مستەفاش وەك سەرمایەدارێك ئەم كارەبكات بۆ منەتی چەند قوتوو بۆیاخێك دەفرۆشێتەوە بەهەموان ،بۆ شار لەبەردەم مەرحەمەتی سەرمایەدارێكدایە كە ئەوەندەی قورسایی شار سودی وەرگرتوە و قازانجی كردوە .بۆ شارێك دەپاڕێتەوە لە خاوەنی خەتی موبایل ونەخۆشخانەی تایبەت و هۆتێلی گرانبەها كە شار بووەتە قاسەیەكی كراوە لەبەردەمیدا بەهەموو شێوەیەك خێری لێبنیوە، ئیترئەم نازكردنەی ئەو بۆ ؟ئەم پاڕانەوەی شارەوانیش لەئەو بۆ؟
رەنگە پاساوی ئەم بیركردنەوەش ئەوەبێت كە شاری جوان بووەتە رەمزی سلئمانی ولەهەموو شاشەی تەلەفزیونەكاندا بووەتە باگراوند دیسانەوە ئەمەش پێوەرێكی هەڵەیە ، بۆ؟ رەنگە موجامەلەی خاوەنی ئاسیا بێت كە ریكلام بدات بەو تیڤیانە ،لەسەرێكی تریشەوە ئەو كادری وێنەی هۆتێلەكە دیمەنێكی جوانە ،دیمەنی جوان نابێتە رەمز .هۆتێلی پێنج ئەستێرە نابیتە سمبولی ناسینەوەی شار .ئەمەی لە سلێمانی روودەدا تەنها ریكلامە بۆ هوتێلێك و بەس ،یان مانایەكی شاعیرانەی هەیە :
ئەهلی مزگەوت بیت و یان باوكت لە قوتابخانەی فەیسەڵیە خوێندوبیتی و لەمامەیارەسەیرانی كردوبێت تۆ كە زانكۆ تەواو دەكەیت تەمانا بكە لەو هۆتێلە ببێت بە گارسۆن.
٢
بێدەنگی هەموو كایەكانی گرتووەتەوە ،دەست بۆ هەر بوارێك بەریت تەنیووە بە بێدەنگی ،بێدەنگبوون بەرامبەر هەموو شتێك ،بێ دەنگبوون بەرامبەر هەموو دەستدرێژییەك،هەموو بازرگانییەك وهەموو غەدرێك وهەموو ناعەدالەتییەك. بێدەنگ تەماشای دەكەین وبێدەنگ دەڕوات .دونیای ئێمە دونیای بێدەنگبوونە بەرامبەر هەموو ناشرینییەك وهەموو دەستەمۆكردنێك وهەموو گاڵتەكردنێك . دونیای ئێمە پڕە لە بێدەنگی وهەناسەكورتی هەڵوێست و حەپەسان بەدیار غەدرەوە.هەموو هەڵوێست وەرگرتنێك بەرامبەر نادادیی وناراستگۆیی كەف وكوڵییەكە هەرزوو كۆتایی دێت ،لەكاتێكدا كاتێتی بێدەنگی بشكێنین ،كاتێتی ئیتر هەڵوێستەكانمان كورت وكەم و بێ مانا نەبن ،كاتێتی كە وتمان ئەمە غەدرە بەردەوامبین ،نەك بەیەك رۆژ هەموو توڕەییەكانمان دەرببڕین ودوای بێدەنگ دابنیشین.ناكرێت بێدەنگبین یان دەنگ و. توڕەیمان چەند ساتێكی كەمبێت،ناكرێت هەڵوێستەكانمان وەك هەناسە كورت بێت ،ناكرێت سورنەبین لەسەر داوا و داواكارییەكانمان،ناكرێت كەمێك دەنگ بەرزبكەینەوە و زۆرترین كات بێدەنگبین .ناكرێت تەنها بەكۆمێنتێك یان دێڕێك توڕەیی خۆمان دەرببڕین دوای ئیتر هیچ نەگڕینەوە سەر توڕەییمان .
بێدەنگی وكورتی هەناسەی هەڵوێستەكانمان دونیای ئێمەی نەك وێران كردوە ،بەڵكو بووینەتە گاڵتەجاڕ بەدەست هەموو شتییەكەوە ،ئێمە هاوشێوەی كەفی شیرین زوو هەڵدەچین وزووش دادەمركێنەوە .ئەم كورتییە وادەكات سەرمایەدارێك منەتی دە قوتوو بۆیاخ بكات بەسەر خۆمان وباوان ونەوەكانماندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×