ئیئتیلافەكەی عەبادی داوا دەكات زمانی گفتوگۆ لەچارەسەری پرسی پارێزگاری كەركوكدا زاڵ بكرێت
  2019-07-13       637       

ئیئتیلافی نەسر، بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، داوا دەكات كەركوك بەدوربگیرێت لەهەر ئەجیندایەك و جەخت لەسەر پێویستی زاڵكردنی زمانی گفتوگۆ دەكاتەوە لەچارەسەركردنی پرسی پارێزگاری شارەكەدا.

ئاوێنە: ئیئتیلافی نەسر لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، داوا لە پێكهاتەكانی كەركوك دەكەن زمانی گفتوگۆ زاڵ بكەن لە چارەسەركردنی پرسی پارێزگاری شارەكەدا، بەجۆرێك كە مافی هەموان و ئاسایش و سەقامگیری پارێزگاكە دەستەبەر بكات.

هێماشی بۆ ئەوە كردوە كە دەستەبەركردنی مافی بەرامبەر، بنەمای سەرەكییە بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستورو دور لە سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع.

هەروەك ئیئتیلافی نەسر داواشی كردوە كەركوك بەدور بگیرێت لە هەر ئەجیندایەكی نەتەوەیی و تائیفی و حزبی لەپێناو دەستەبەركردنی ئاشتی و خۆشگوزارەتی بۆ شارەكەو خەڵكەكەی.

دیاریكردنی تەیب جەبار، وەك كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە، كاردانەوەی توندی عەرەب و توركمانەكانی پارێزگاكەی لێكەوتەوەو بەشێوەی جیاجیا لەوانە خۆپیشاندان، رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتیان بۆ دانانی پارێزگاری نوێی شارەكە رەتكردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×