خەزعەلی: كەركوك عێراقییە. نوقتە سەری دێڕ
  2019-07-14       1736       

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، سەبارەت بە كێشەی شاری كەركوك هەڕەشەدەكات و دەڵێت؛ كەركوك شارێكی عێراقییە. ئەوەش دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، هێمای بۆ ئەوە كردبو كە سازش لەسەر ناسنامەی كوردستانیبونی كەركوك ناكەن.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ یەكشەممە لە تویتێكی كورتدا وتی"كەركوك عێراقییە. نوقتە سەری دێڕ."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لەپەیامێكدا رایگەیاندبو"هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانیبونی ناسنامەی كەركوك ناكەین."

بارزانی وتبوشی"پێویستە كێشەكانی كەركوك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی هەمو پێكهاتەكانی كەركوك بێت."

هەر ئەمڕۆ لەوەڵامی ئەم پەیامەی مەسعود بارزانیدا، محەمەد بەیاتی بەرپرسی میحوەری باكوری حەشدی شەعبی، لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكی پارتی، وتبوی''پەیامەكەتمان بەوردی خوێندەوەو بەڕاشكاوی پێتان دەڵێین، كە كێشەی كەركوك لەنێوان بەغداو هەرێمی كوردستاندا نییە وەكو رونتان كردوەتەوە، بەڵكو كێشەی كەركوكییەكانە، هەروەك سوربونتان لەسەر كوردستانیبونی ئەو شارە لەلایەن عەرەب و توركمانەكانی كەركوك رەتكراوەیە، لەبەرئەوەی هەمو ئەو ژمارانەی لەبەردەستمانە لە رابردو لە ئێستادا خەونەكەی تۆ ناسەلمێنن بەوەی كەركوك زۆرینەی كوردییە.''

هەمو ئەو قسانەی دوای ئەوە دێن كە هەفتەی رابردو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتن لەسەر ئەوەی تەیب جەبار، كاندید بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەوەش كاردانەوەی پێكهاتەكانی دیكەی كەركوكی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت عەرەبەكان كە رۆژێك دوای رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی، خۆپیشاندانێكیان دژ بە دانانی پارێزگارێكی كورد لە شارەكە ئەنجامدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×