پەرلەمانتارێك هۆشداریی لەبارەی بڕیارێكی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەدات
  2019-07-15       1171       

مەم بورهان قانیع، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان مەترسی خۆی نیشاندا لەوەی كە یەكێك لە بڕیارەكانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران "بۆ مەبەستی شاردنەوەی راستییەكان و نهێنییە مەترسیدارەكان بێت لە رایگشتی."

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە یەكەم كۆبونەوەی خۆیدا چەند بڕیارێكی دەركرد كە یەكێكیان بریتییە لەوەی "فەرمانبەران دەبێت پابەندبن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن."

لەبارەی ئەو بڕیارەوە مەم بورهان قانیع لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی نوسراودا رایگەیاند"پاراستنی نهێنیی كار، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییە، بەڵام ئەم بەرپرسیارێتییە تا ئەو شوێنە راستە، كە پاراستنی نهێنییەكە، هەڕەشە نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتیی و دژی پرەنسیپەكانی شەفافییەت و دیموكراسیی نەبێت".

مەم بورهان قانع، مەترسیی خۆی نیشاندا كە "ئەم بڕیارە، بۆ مەبەستی شاردنەوەی راستییەكان و نهێنییە مەترسیدارەكان بێت لە رایگشتیی".

وتیشی"نابێت ئەم بڕیارە دژی بەند و پرەنسیپەكانی "یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاریی لە هەرێمی كوردستان- عیراق" بێت، كە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013یە و هێشتا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان، بەپێویستیشی زانی"پاراستنی نهێنیی كاروباری فەرمانبەرییەتی، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پیرۆزیی كاری فەرمانبەرێتیدا بێت، نەك دروستكردنی حكومڕانییەكی پۆلیسیی، كە دامەزراوەكانی حكومەت، بەڕوی مێدیا و هاونیشتمانیاندا داخراوبن و دژی سادەترین پرەنسیپی شەفافییەت بێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×