هیومان رایتس ۆوچ: "هەینی خوێناوی زاهیدان"، خوێناویترین رۆژی ئەمساڵ بو
  2022-12-23       353       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی ئێران، هێزی كوشندەی نایاساییان بەكارهێناوە دژ بە ناڕەزایەتییەكان لە زاهیدان و بەهۆیەوە رۆژی 30ی ئەیلولی ئەمساڵ لەو شارە دەیان خۆپیشاندەر كوژراون و برینداربون كە دواتر ئەو رۆژە بە "هەینی خوێناوی" ناوی دەركرد.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی ئێران لەژێر ناوی "هەینی خوێناوی، خوێناویترین رۆژی ئەمساڵ" بوە وتویەتی، 52 ڤیدیۆ و وێنەی بڵاوكراوەی رۆژی 30ی ئەیلولی ئەمساڵی پشتڕاستكردونەتەوە لەگەڵ ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ 13 كەس لە شایەتحاڵان و كەسوكاری ئەو كەسانەی لەو رۆژەدا ل لە زاهیدان كوژراون كە دەریدەخەن هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە خۆپیشاندەران و خەڵكی پیادەی سەر شەقامەكان كردوەو تەنها لەو رۆژەدا 10 كەس كوژراون و 30 كەسی دیكەش برینداربون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەو كەسانەی لەو رۆژەدا كوژران لانیكەم هەشتیان بە فیشەك كوژراون و لەنێویشیاندا سێ منداڵ هەبون.

تارا سپەهری فەڕ، توێژەری باڵای كاروباری ئێران لە هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندەران لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە هەینی خوێناویدا لە زاهیدان، زۆترین كەس بوە لە بەراورد بە خۆپیشاندانەكانی دیكە، بەڵام هیچ بەرپرسێك لەسەر ئەوە دەستگیرنەكراوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە "دڕندایەتی بێشوماری حكومەت پاڵی بەو كۆمەڵگەیانەی ئێرانەوە ناوە كە ماوەیەكی دورودرێژە پەراوێزخراون، دەست بدەنە ناڕەزایەتی."

هیومان رایتس ۆوچ داواشی لە "نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ بەدواداچونی راستییەكان لەبارەی ئێران" كردوە، گرنگییەكی تایبەت بە پێشێلكارییەكانی هێزە ئەمنییەكان بدات لەو ناوچانەی ئێران كە پێكهاتەی جیاواز زۆرینەی دانیشتوانەكەی پێكدەهێنن لەوانە لە زاهیدانی ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان كە زۆربەی دانیشتوانەكەی بەلوچن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×