مه‌سرور بارزانی نیازپاكی‌ هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی
  2019-07-16       841       

مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌و محه‌مه‌د حه‌لبوسی كۆبوه‌وه‌و نیازپاكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدای‌ گه‌یانده‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ وه‌فدی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ به‌غداو له‌سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبونه‌وه‌و دواتر له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیران‌و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوه‌وه‌.

له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌فدی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق، نیازپاكیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا خرایه‌ڕوو گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌كرا.

بریاره‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌دا پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان، بوجەو نەوت، كەركوك‌و ئاوارەكان گفتوگۆیان لەباره‌وه‌ بكرێت، بۆ ئەوەی لەداھاتویەكی نزیكدا ھەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەری كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بنرێت.

وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێكهاتووه‌ له‌مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×