ئا: ئاوێنە
بەشێكی بەرچاو لەپۆستە گرنگەكانی حزبو حكومەتو پەرلەمان بەمیرات لەباوكەوە بۆ كوڕو
كچەكانیان بەجێدەمێنێت، نێچیرڤان بارزانی، فهوزی ههریری كوڕی فرەنسۆ ههریری، سهركردهی
كۆچكردوی پارتی كرده سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان، کوڕی ئەو پیاوەی
"دەروێشی بێ غەلو غەشی ماڵی بارزانی بو".
"قرەنسۆ هەریری، پیاوی جوامێری رۆژانی تەنگانەو
نمونەی وەفاو دڵسۆزیی بو".
ئەمە وتەی نێچیرڤان بارزانییە دەربارەی فرەنسۆ لەساتەوەختی
تیرۆركردنیدا. كە لەنوسێنێکدا ئاماژە بەوە دەكات "فەرەنسۆ هەریری هەمیشە پیاوی
متمانەپێكراوی ماڵی بارزانی بوە".
نێچیرڤان دەڵێت "لەوەتەی چاوم كردوەتەوە لەم دنیایەدا، ئەزانمو
ئەبینمو ئەبیستم كاك فرەنسۆ لەگەڵ بارزانییە، لەگەڵ ئیدریس بارزانیو مەسعود
بارزانییە. چاكم لەبیرە چۆن ئیدریس بارزانی لەرۆژانی سەختی دوای نسكۆی 1975 پشتی بەشەهید
فەرەنسۆ بەست كە یەكێك بو لەو سێ چوار كەسەی پشتی پێبەستنو جێی متمانەی تەواوی ئەو
بون لەو رۆژە سەختانەدا؟".
دەشڵێت "پەیوەندی ئەو بە(بارزانییەوە) تەنیا
پەیوەندی حزبیو سیاسی نەبو، بەڵكو لەقوڵایی روحەوە هەستو بیرو ئامانجی ئاوێتەی عیشق
بەبارزانی بوە".
بنەماڵەی هەریری، یەكێكە لەو بنەماڵانەی زیاتر
لەپەنجا ساڵە بێ دابڕان لەدەوری ماڵی بارزانین. ئەمو چەندان بنەماڵانەی دیکەی دەوری ئەم ماڵە ئەو ستونە پتەوانەن
بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەم ماڵەیان بەپێوە راگرتوەو نەوە لەدوای نەوە درێژەیان بەباڵادەستی
بارزانیو پارتی داوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا هەمیشە ماڵی بارزانی بایەخیان بەم
بنەماڵانە داوەو پاداشتیان كردون.
ئێستا لەناو حزبە گەورەو بچوکەکانی کوردستاندا ئەمە بوە نەریت کە پێگەی کۆمەڵایەتیو بەشێکی گرنگی پۆستەکان لەناو خێزانو بنەماڵەیەکدا لەباوکەوە بۆ منالەکانی بەمیرات دەمینێتەوە، بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکانو پۆستەکانی حکومەتو پەرلەمان ئەم نەریتەی تیا پەیڕەو کراوە.
فرەنسۆ هەریری، یەكێك بو لەو كەسایەتییە ئاشورییە
مەسیحییانەی كە خۆیو نزیكترین كەسەكانی هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولەوە،
چونە ریزی پارتییەوەو ئەوەی لەدەستیان هات لەپێناو پارتیو بارزانیدا درێغیان نەكرد.
فرەنسۆ هەریری، پاش ئەوەی لەتەمەنی 23 ساڵیدا، خانەی مامۆستایان تەواو
دەكات، ساڵی 1960و 1961 لەناوچەكانی بلێ و بارزانو باڵەكیانو سۆران دەبێتە مامۆستای
وەرزشو لەساڵی 1963شەوە پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلولەوە دەكاو لەنزیكەوە ئیدریسو مەسعود
بارزانی دەناسێو ئەمەش دەرگای بارەگای مستەفا بارزانی بەڕودا دەكاتەوە.
دەرگایەك كە ئەم دەبێت بەیەكێك لەپاسەوانە بەئەمەكەكانیو
مستەفا بارزانیش لەدوای خۆی، ئەم كەسە دڵسۆزە بەمیرات بۆ كوڕو نەوەكانی بەجێدەهێڵێ.
محەمەدی مەلا قادر، ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی
پارتی لەیاداشتەكانیدا دەڵێت "لەكاتی شۆڕشی ئەیلودا هەردەم لەدوای نیوەڕۆیان
گەر رۆیشتبونایە بارەگای بارزانی ئەوا شەهید فرەنسۆ لەوێ لەبەر دەرگای بارزانی وەستا
بو، بەراستی فرەنسۆو بارەگای بارزانی دوو شتی پێكەوە بەسترا بوون و ئەم پەیوەندییە
رۆژ بەرۆژ لە گەشەكردن و بەهێزیدا بوو، تا بارزانیی نەمر مابوو لە گەڵ ئەودا بوو،
دوای كۆچی دوایی بارزانیی نەمریش پەیوەندی لە گەڵ كاك ئیدریسی هەمیشە زیندووو كاك
مسعود دابوو، كاك ئیدریس زۆر رێزی دەگرت و بایەخی پێ دەدا".
فرەنسۆ، بەدرێژایی چل ساڵی پارتی بونی، چەندان
پۆستو پلەی حزبیو حوكمی پێدراوە، پاش بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970 بوە بەقایمقامی
قەزای چۆمان، ساڵی 19979 لەكۆنگرەی نۆیەمی پارتی بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە،
ساڵی 1992 لەیەكەم هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستاندا سەرۆكایەتی فراكسیۆنی زەردی پێدراوە،
لەكاتی دو ئیدارەییدا پۆستی وەزیری هەرێمی پێدراوەو پاشان لەساڵی 1996 تا 2000 بوە
بەپارێزگای هەولێرو دواتر بەرپرسیارێتی لقی2ی پارتی پێسپێردراوە.
فرەنسۆ كە وەک عەبدوڵا ئاگرینی ئەندامی پێشوی
سەرکردایەتی پارتی دەڵێ "دەروێشی بێ غەلو غەشی ماڵی بارزانی بو"، پیاوێكی
قسە لەڕو بو كە زۆرجار قسەكانی بەزمانی باوی خەڵكیو بەشێوەی گاڵتەئامێز بۆ
ورژاندنی ركەبەرەكانی پارتی دەرئەبڕیو سەرنجی خەڵكییان رادەكێشا.
فرەنسۆ نەك هەر خۆی، بەڵكو براو كەسەكانیشی دیسان
لەخزمەتی پارتیدا بون، "دنسا تۆما هەریری" كە برا بچوكی فرەنسۆا هەریری
بو، لەسەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولەوە بوە پێشمەرگەی پارتیو وەك بێژەر لەدەنگی
كوردستان بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلول كاری كرد.
فرەنسۆ هەریری كە وەك كادێرەكانی سەردەمی شۆرَشی
ئەیلول دەڵێن "هەمەكارە بو"، رۆژی 18ی شوباتی 2001، لەشەقامی 60 مەتریی
هەولێر، لەلایەن گروپێكی ئیسلامی توندڕەوەوە تیرۆر كرا.
ئەوكاتەی فرەنسۆ لەهەولێر تیرۆر كرا، فەوزی كوڕە
گەورەی تەمەنی 43 ساڵ بو، ماوەی 20 ساڵی تەمەنی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ژیا
بو، ئەندازیاری كارەبا بو، لەهێڵی فڕۆکەوانی بەریتانیاش كاری كردبو.
پارتی وەك نەریتی هەمیشەیی لەگرنگیدان بەكوڕو
كچو نەوەی ئەو خێزانو بنەماڵانەی پارتی "رەسەنو بێ غەلو غەش" بون،
راستەوخۆ فەوزی وەك نوێنەری پارتی بۆ چەندین پۆستی جیا هەڵبژارد.
ساڵی 2003 تا2005 بو بە بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی
دەرەوەی عێراق، ساڵی 2006 تا 2010 كرا بەوەزیری پیشەسازیی عێراق.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش، پاش ئەوەی بەفەرمانێكی هەرێمی،
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەوزی هەریری وەك سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی
هەرێمی كوردستان دەستنیشانكرد، رۆژی دوشەممە 15ی تهمموزی 2019، بەشداریی لهكۆبونەوەی
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستاندا كردو رۆژی دواتریش ئەندامێكی ئەو وەفدە بو
بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدایان كرد.
سەرنجڕاكێش ئەوەیە، فەوزی هەریری لەساڵیادی تیرۆر كردنی باوكیدا رایگەیاندوە
كە "فرەنسۆ هەریری تەنانەت خانویەکیشی
بۆ خێزانەکەی لەپاش خۆی بەجێنەهێشتوە".
\