سەفەرنامەکەی عومەر لوتفی بۆ کەیپ تاون لە ساڵی ١٨٦٢
  2023-03-11       1534       
وێنەی خودی نوسەر کە لەناوەڕاست دانیشتووەو ڕیشێکی هەیەو منداڵێکی لەپێشە

سوداد ڕەسووڵ

 

بە دەگمەن هەڵدەکەوێت کوردێک ژیننامە یان سەفەرنامەی خۆی نووسی بێتەوە، بەتایبەت ئەو کوردانەی کە لە سەدەی نۆزدەم لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا کارمەند و فەرمانبەر بوون، ڕۆشنبیر و ئەهلی قەڵەم بوون، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە نووسین و وتاریان هەیە، کتێبی چاپکراویان هەیە، دەیانتوانی ژیننامەی خۆیان لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بنووسنەوە، یان کاتێک سەفەریان کردووە بۆ ئەوروپا و ئەفەریقا سەفەرەکانیان بنووسیبایەوە، کە بۆ ئەمڕۆ ئەم ژیننامە و سەفەرنامانە دەبوون بە مێژوویەکی گرانبەها بۆ مێژووی کورد و کۆمەڵێک دیوی تاریکی رووداوەکانی ئەو سەردەمەیان بۆ ئێمە ڕووناک دەکردەوە. بۆ نموونە هەتا ئێستا ژیانی یەک شاعیری کورد، کە لە پێش سەدەی بیستەم لە نێو دەوڵەتی عوسمانیدا ژیاون، دیار نییە، هیچ بەڵگەنامەیەکی نووسراو لەسەر ژیانیان نییە. چەندە گرنگ بوو ئەگەر نالی خۆی بە هەر زمانێک بوایە چەند لاپەڕەیەک لە ژیننامەی خۆی نووسی بایەوە، ئەوسا ئەوەندە ژیانی نادیار نەدەبوو کە ئێستا دەبێ لە کون و قوژبنی بەڵگەنامە عوسمانییەکان بگەڕێی هەتا هەواڵێکی ژیانی دەدۆزیەوە. ئەمە دیارە ئەوان لایان گرنگ نەبووە باسی ژیانی خۆیان بکەن، یان باو نەبووە ژیننامەیان بنووسنەوە، بەڵام ئێستا بۆ ئێمە زۆر گرنگە مێژووی ژیانیان بەڕاستی بزانین نەک بە داستانی خەیاڵی و گێڕانەوەی دەماودەم کە نازانرێ چەندی ڕاستە.

لەم ڕووەوە خۆشبەختانە عومەر لوتفی سەفەرەکەی خۆی نووسیوەتە؛ ناوبراو برازای ئەبوبەکر ئەفەندی(١٨١٤-١٨٨٠) بووە و بە ڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە بۆ گوندی سیساوەی ناوچەی خۆشناوەتی لە باشووری کوردستان. عومەر لوتفی لە سەفەرەکەی یاوەری ئەبوبەکر ئەفەندی بووە کە لە ساڵی ١٨٦٢ هەردووکیان لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بۆ کەیپ تاون نێردراون، بۆ ئەوەی ڕێنمایی دینی بە موسڵمانەکانی ئەوێ بدەن. عومەر لوتفی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە کەیپ تاون لەگەڵ ئەبوبەکر دەمێنێتەوە، لەم ماوەیەدا هاوکاری دەبێت و لە مەدرەسە دینییەکان و مزگەوتەکان دەرس دەڵێتەوە. دواتر لە مانگی ئایاری ١٨٦٦ ئەبوبەکر بەجێ دەهێڵێ و خۆی بە تەنیا بە کەشتی لە کەیپ تاونەوە بەڕێی دەریای سوور دەگەڕێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ. لە دوای گەڕانەوەی بۆ ئەستەنبوڵ سەفەرەکەی بە تورکیی عوسمانی دەنووسێتەوە لە دوو توێی کتێبێکی ١١٢ لاپەڕەیی بە چاپی گەیاندووە.

ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٩١ لە کەیپ تاون بۆ ئینگلیزی تەرجەمە کراوە؛ لەمێژ بوو بە دوای ئەم تەرجەمە ئینگلیزییەدا دەگەڕام و دەستم نەدەکەوت، خۆشبەختانە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆپیەکی پی دی ئێفی ئەم سەفەرنامەیەم لە لایەن محەمەد زۆبری ئەفەندی (نەوەی سێیەمی ئەبوبەکر ئەفەندی لە کەیپ تاون) پێ گەیشت، و یەکسەر دەستم بە خوێندنەوەی کرد؛ چیڕۆکی سەفەرنامەکەی ئەوەندە سەرنجکێش و بەپێزە ناتوانی وازی لێ بێنی هەتا هەمووی تەواو دەکەی.

سەفەرەکەیان لە ئەستەنبوڵەوە بە کەشتی دەست پێ دەکات، بە دەریای ناوەڕاست، سەرەتا دەچن بۆ جەزیرەی کۆرسیکا، ئەوجا بۆ شاری مێسینا لە ئیتاڵیا، ئەوجا لەوێوە بۆ جەزیرەی سەردینیا، لەوێشەوە بۆ پاریس و ئەوجا بۆ لەندەن. دوو مانگ لە لەندەن لە هۆتێل دەمێننەوە، ئەوجا دەچن بۆ لیڤەرپول و سواری کەشتی دەبن بەرەو کەیپ تاون. بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کەشتی دەبن هەتا دەگەن بە بەندەری کەیپ تاون کە ناوی جەمسەری هیوای خۆشی (رأس الرجاء الصالح) بووە لە ئەفەریقیای باشوور.

ئەم سەفەرنامەیە بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە، بێجگە لەوەی کە سەفەرەکە بەجوانی دەگێڕێتەوە و ڕووداوەکان بە ڕێککەوتی سەعات و ڕۆژ و مانگ و ساڵ باس دەکات، ئەمە لایەکی سەفەرنامەکەیە، لە لایەکی دیکەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ ژیننامەی ئەبو بەکر ئەفەندی دەگێڕێتەوە و باسی هەموو چالاکی و کارەکانی لە کەیپ تاون دەکات. باسی ژیان و دابونەریتی موسڵمانانی کەیپ دەکات کە کۆمەڵێک دابونەریتی سەیریان هەبووە، لە هەندێک بنەمای دینی ئیسلام لایان دابوو، ئەبوبەکر هەوڵی داوە ئەوانە بگەڕێنێتەوە بۆ سەر ڕێگەی ڕاستی شەریعەتی ئیسلام.
هەروەها باسی ئەوەش دەکات لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێک زیاتر لە ٥٠٠ کەس پێکەوە چوون بۆ سەری چیای تەیبل Table Mountain کە چیایەکی بەرزە لە کەیپ تاون و لووتکەی نییە و سەرەکەی تەختە، هەر بۆیە بە "چیای مێز" ناو براوە، چونکە وەک مێز سەرەکەی تەختە؛ بە سێ سەعات گەیشتوون بە سەرەکەی، شەو لەو چیایە دەمێننەوە، بۆ ڕوژی دواتر و لە گەڕانەوەیان ڕێگەیان لێ ون دەبێت و پەراگەندە دەبن، چەند کەسێکیان لێ ون دەبێ و سۆراخیان نازانن.

چیڕۆکی گەڕانەوەی بە کەشتی بۆ ئەستەنبوڵ، ئەویش بە جوانی باس دەکات، وەک بەسەرهاتێکی خۆش و پڕ لە ڕووداو سەفەرەکەی دەگێڕێتەوە. ئەمجارە لە گەڕانەوەی بە کەشتییەک دەگەڕێتەوە کە لە ڕێی ئۆقیانووسی هیندییەوە دەچێت بۆ تەنگەی باب المندب ئەوجا بۆ دەریای سوور بەرەو میسر. لە ڕێگە کەشتییەکە تووشی گێژەڵووکەی دەریایی دێت و شەپۆلی دەریا کەشتییەکە بەتوندی بەم لاو بەو لادا دەبات، کە هەموو سەرنشینەکان ترسی ئەوەیان هەبووە غەرق بێت. لە ڕێگە لە دەریای سوور لە جەددە دادەبەزێت و دەچێت بۆ مەککە بۆ زیارەتی حەج، ئەوجا سوار کەشتییەکە دەبێتەوە بۆ بەندەری سویس، لەوێ هەموویان دێننە خوارەوە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن، دوای ئەوە بە شەمەندەفەر دەچێت بۆ قاهیرە، بۆ ماوەی چوار مانگ لە قاهیرە دەمێنێتەوە و چووە بۆ ئەزهەر، لەوێ دەست بە خوێندن بکات، کتوپڕ دوچاری نەخۆشی دەبێت و هەموو لەشی ئەستوور دەبێت و ناتوانێت ڕێ بکات، دەیبەن بۆ خەستەخانە، دوو مانگ لەوێ دەرمان وەردەگرێ هەتا چاک دەبێتەوە. دوای ئەوە دەچێت بۆ ئەسکەندەرییە، لە بەندەری ئەو شارە سواری کەشتی دەبێت بەرەو ئەستەنبوڵ، بە سەلامەتی دەگاتەوە ئەو شارەی کە چوار ساڵ لەمەوبەر بەجێی هێشت بوو لە سەفەری بۆ کەیپ تاون.

ئەم کتێبە بەداخەوە هەتا ئێستا تەرجەمەی کوردی نەکراوە، بە هیوام یەکێک تورکیی عوسمانی باش بزانێت خۆی لە تەرجەمەی بدات و ئەم سەفەرنامەیە بخاتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە، چیڕۆکی ئەم دوو کەسایەتییە کوردە بە خوێنەری کورد ئاشنا بکات. ئەگەر کەس نەبێت لە تورکیی عوسمانییەوە بیکات، خۆم دەتوانم لە ئینگلیزییەوە بیکەم، بەڵام تەرجەمە لە زمانی یەکەمەوە بکرێ تاموچێژی زیاتر دەبێ هەتا لە زمانی دووەم کە ئینگلیزییە، کە زمانێکە بە کولتوور لە تورکیی عوسمانی دوورە، ئەو زمانە کە پڕیەتی لە وشە و زاراوە و کۆدی کولتووریی ئیسلام و موسڵمانان.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×