كەركوك؛ نەگواستنەوەی موچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بۆ سەر بەغدا ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە
  2023-06-12       1081       
كەركوك/ پۆلێكی خوێندنی كوردی فۆتۆ: كەركوك ناو

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو:

پەرلەمانی عیراق لە پەسەندكردنی بودجەدا رەتیكردەوە موچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك بچێتە سەر بەغدا، ئەوەش ناڕەزایەتی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك لێكەوتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، پەرلەمانی عیراق پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراقی بۆ ساڵەكانی (2023، 2024 و 2025) پەسەند كرد و بەزۆرینەی دەنگ گواستنەوەی میلاكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك بۆ سەر حكومەتی عیراق رەتكردەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە، مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک گردبونەوە لە دژی دەنگ نەدان بە بڕیاری گواستنەوەی ڕاژەکانیان بۆ سەر بەغداو لابردنی ئەو بڕگەیە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا.

نوێنەرانی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لایەنی كوردی هەبوە كە رێگر بوە لە خوێندنەوەی ئەو بڕگەیەو خستنە دەنگدانی، "ئەمەش برینی مامۆستایانی كوردی ناوچە جێناكۆكەكان قوڵتر دەكاتەوە."

نەجوە كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانى عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "رەتكردنەوەی ئەو بڕگەیە بە مانای ئەوەیە تاوەكو 2026و خولێكی تری پەرلەمانی ئەو پرسە ناكرێت، چونكە ئەم بودجەیەی پەسەند كراوە بۆ سێ ساڵە".

وتیشی "كوتلە كوردییەكان پشتیوانی ئەو هەنگاوە بون، چەند مانگێكە ئەو پرسە لەسەر هەردو ئاستی وەزارەتی پەروەردەی عیراق و هەرێم گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان رەتیكردەوە، لەوەشدا كوتلە عەرەبییەكان دژی بون".

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم 14 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر میلاكیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمە، بەڵام لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین وانە دەڵێنەوە.

لە كارنامەی حكومەتی ئێستای عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بڕگەیەك (بڕگەی 21 - لاپەڕە 25) تەرخانكراوە بۆ بەستنەوە و گواستنەوەی هەمو قوتابخانەكانی دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان و راژە (میلاكات)ـیان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردییەوە لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ.

شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى لە پارێزگاى کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەڵێ دۆسییەكە بەشێك بو لە كارنامەی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی، ئەوەش لە چوارچێوەی داواكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دواتر پرسەكە بەسترایەوە بە پەسەندكردنی بودجە، بۆ ئەوەش پێویست بو لە یاسای بودجەدا دەنگی بۆ بدرێت."

وتیشی "زوڵم لەو مامۆستاو فەرمانبەرانە دەكرێت، چونكە ئەوان لە كەركوك، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین وانە دەڵێنەوە و پڕۆگرامی خوێندنیشیان سەر بە حكومەتی عیراقە، بەڵام راژەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە".

شێرزاد رەشید، كە هاوكات ئەندامێكی ئەو لیژنەیە بو كە لەنێوان هەردو وەزارەتی پەروەردەی عیراق و هەرێم بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنرابو، وتی "ئێستا ئێمە هەروەكو  پێشوو دەوامی خۆمان دەكەینەوە و وانە دەڵێینەوە، موچەكانمان هەر لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام پڕۆگرامی خوێندن هەر لە سەر حكومەتی عیراق دەبێت".

موچەی حكومەتی عیراق لەكاتی خۆیدا بە فەرمانبەران دەدرێت بە پێچەوانەی هەرێمی كوردستان كە دوادەكەوێت، هەروەها ئەگەر خانەنشینێكی حكومەتی عیراق خزمەتی 42 ساڵی هەبێت، موچەی ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگرێت، لەگەڵ هاوكارییەك بەناوی بارگرانی ژیان بە بڕی نزیكەی 300 هەزار دینار، جگە لە موكافەئەی كاتی خانەنشینی كە دەگاتە 30 ملیۆن دینار، بەڵام هەمان ساڵی خزمەت لای حكومەتی هەرێم، موچەكەی 900 هەزار دینار دەبێت و موكافەئەی كاتی خانەنشینی تەنیا 10 ملیۆن دینارە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×