ئاشتی هەورامی کرا به‌ یاریدەدەری مەسرور بارزانی
  2019-07-21       1908       


بەپێی فەرمانێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی لە کابینەی نۆیەمدا کرایە یاریدەدەری مەسرور بارزانی بۆ کاروباری وزە.

ئاوێنه‌: به‌ گوێره‌ی فه‌رمانێكی سەرۆک وەزیران كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردوە، تیایدا هاتوە "بڕیاردرا بەراسپاردنی عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئاشتی هەورامی، بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە".

لە فەرمانەکەدا دەسەڵاتەکانی یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە دیاریکراوە، کە بریتییە لە:

1. بەدواداچووانی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردە و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.

2. پێشکەشکردنی راسپاردە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە بواری وزەدا

3. هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری وزە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق

4. بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەرکە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا

5. ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007 ، داڕشتنی بەرنامەی کۆبوونەوەکان.

ئەم دەسەڵاتانە بە پێی مادەی شەش و مادەی چواری یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان پێی دراون.

لە مادەی شەشی یاساکەدا هاتووە:

یەکەم: رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکانی نەوت، داڕشتن و رێکخستن و چاودێریکردنی سیاسەتی پرۆسەکانی نەوت، سەرباری رێکخستن و پلاندانان و پیادەکردن و سەرپەرشتیکردن و پشکنین و وردبینی بۆ جێبەجێکردنی هەموو پرۆسەکانی نەوت. هەروەها بە بازاڕکردنی نەوت. 

دووەم: گفتوگۆکردن و ئەنجامدانی رێککەوتنامەکان و جێبەجێکردنی هەموو مۆڵەتەکان لەوانەش ئەو گرێبەستە نەوتیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دابێت. 

هەروەها بە پێی خاڵی هەژدەیەم لە مادەی یەکەمی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکانی نەوت ئەمانە دەگرێتەوە: بەدواداگەڕان و دۆزینەوە بە مەبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن، عەمبارکردن، گواستنەوە، پاڵاوتن، فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت یان بنیاتنان و دانان و دامەزراندنی هەر هەیکەلێکی دەزگاکان و مەکینەکان بۆ مەبەستی ئاماژەبۆکراو، دواکۆتاییهێنان بە مۆڵەت و یان لابردنی هەر یەکێک لەو هەیکەل و دامەزراو و بیناکان.

ئاشتی هەورامی کە لە کابینەکانی 5 و 6 و 7 و 8 دا وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، لەكابینەی نۆیەمیشدا وەک یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە بەردەوام دەبێ. 

  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×