سكاڵای یاسایی دژی زانكۆی ئه‌مریكی له‌سلێمانی تۆمار ده‌كرێت
  2019-07-21       2753       

 سكاڵای یاسایی دژی زانكۆی ئه‌مریكی له‌سلێمانی لەلایەن (د. ئالان مومتاز نوری)و  (د. جۆناثان ئۆتۆ پۆڵ)ەوە تۆمار ده‌كرێت، ئه‌وان ده‌ڵێن ''لە ئێستادا زانكۆكه‌ لەژێر باری قورسی نەفامی‌و بێباکی‌و خۆپەرستیی بەڕێوەبەرانییەوە، دوچاری قەیران هاتوە''.


ئاوێنه‌: راگەیەنراوێکی رۆژنامەوانی لە لایەن (د. ئالان مومتاز نوری)و  (د. جۆناثان ئۆتۆ پۆڵ)ەوە  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، کە تیایداهاتوه‌ ''ئاشکرایە پڕۆژەی زانکۆی ئەمریکی لەشاری سلێمانیدا، پڕۆژەیەکی گرنگ‌و ناوازەی رۆشنبیرییە لەشارەکەماندا. هەر لەبەرئەوەش پاراستنی بون و گەشەسەندنی لەئەستۆی هەمو خەمخۆرانی ئەم شارە، بە تایبەتی و، خەمخۆرانی مەدەنییەت و ئاسۆی دێمۆکراسی لەکوردستان و عێراقدا، بە گشتییە. بەڵام ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا، لە ژێر باری قورسی نەفامی و بێباکی و خۆپەرستیی بەڕێوەبەرانییەوە، دووچاری  قەیران هاتوە''.

 

ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌

ئێمە، وەک دوو خۆمخۆری  داهاتووی رۆشنبیری و مەدەنییەت و دێمۆکراسی  لەم نیشتمانەدا،  پێمان  وایە  بەڕێوەبەرایەتی ئەم سێ ساڵەی رابوردووی زانکۆکە،  کە سەرچاوەی زۆربەی  کێشەکانی زانکۆکەیە، لە باریدا نییە  کە ئەم پڕۆژە کولتوورییە سەرکەوتووانە بە ئامانجەکانی بگەیەنێت. هۆکارەکانی ئەمەش زۆرن. لە سەروو هەموویانەوە نەبوونی بەشداریی کارای مامۆستا و خوێندکارانە لە جومگە سەرەکییەکانی بڕیارداندا، بەشێوەیەک کە  هەیکەلی ئیداریی ئەو زانکۆیەی کە دەبێت پێشەنگ و نموونەی زانکۆی هاوچەرخ بێت، لە راستیدا، لەو بوارەدا، لە دوای زۆربەی هەرە زۆری زانکۆکانی کوردستان و عێراق دێت. ئەمەش بۆ خۆی  نیشانەی بێ سەرپەرشتیارییان و کەمتەرخەمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ئاستی جێبەجێکردنی  ئەرکی چاودێری کردن و پابەند کردنی زانکۆکە  بە یاسا و رێنماییەکانەوەیە.

ئێمە کە  هەریەکەمان  سێ ساڵ  ماندوونەناسانە کارمان لەم زانکۆیەدا کردووە  لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانماندا، لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆ، رێوشوێنی ناوخۆیی نەما نەیگرینە بەر. بەەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتیی زانکۆی بێ ئەزموونە و پێی وایە کە دەتوانێت لە سەرووی هەموو یاسا و ریسایەک و، بە پێچەوانەی رێنمایی و داوای دەستە گرنگەکانی زانکۆکە کار بکات و، بە نایاسایی مامەڵە لەگەڵ دەستەی مامۆستایانی زانکۆکەدا بکات، ئێمە ناچار بووین رۆژی پێنجشەممەی رابوردوو،  ١٨ ی تەممووز، داوای یاسایی لە دژی سەرۆکی زانکۆ بە شەخسی خۆی و لە بری کارەکەی تۆمار بکەین
دەمانەوێت سەرنجی رای گشتی  بە لای کێشەکەماندا رابکێشین تا ببینە پێشەنگ بۆ گشت ئەوانەی کە کەمتەرخەمیی وەزارەت و، کولتووری باو بەرامبەر پێشێلکاریی کەرتی تایبەت،  بێدەنگی کردوون لە ئاستی  پێشێلکاریی مافە پیشەییەکانیان، دەمانەوێت ئەوان بزانن کە لە کێشەکانیاندا و لە خەباتی مەدەنی و پیشەییاندا تەنها نین و دەتوانن کەڵک لە ئەزموونی ئێمە وەرگرن.

ئامانجێکی ترمان ئەوەیە کە رووی دەممان  لە رێی رای گشتییەوە بکەینە  د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکی و، پێی بڵێین ئێمە دوژمی پڕۆژەکە نین. بەڵکو سەرکەوتن و بووژانەوەی ئامانجمانە. هیوادارین نەهێڵێت پۆستەکەی بۆ فشار لەسەر رێچکەی یاسایی داواکەمان بەکاربهێنرێت.

خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی و شارەکەمان شایانی هەوڵ و کۆششی هەموو لایەکن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانست و دەزگا زانستییەکان. سەربەرز بن ئەوانەی لەبەردەم فشاردا پەیامی بەرزی پەروەردەکاری و یەکسانخوازی لەدەست نادەن.

د. ئالان مومتاز نوری
د. جۆناثان ئۆتۆ پۆڵ
٢١ ی تەممووزی ٢٠١٩ سلێمانی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×