مەترسیەک لەبارەی پابەندنەبونی هەرێم بەرێکەوتنەكە و نەناردنی پارە لەبەغداوە ئاشکرادەکرێت
  2023-06-21       1769       

ئا: ئاوێنە

 

ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ‎لێکەوتەکانی دو هەژمارە بانکییەکەی نێو ماددەی 13ی بودجەی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان دەخاتەڕو و راشیدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 بە فیعلی شەش ترلیۆن و 695 ملیار دیناری خەرجکردوە بۆ خەرجییەکانی نەوت، بەڵام لە بودجەی عێراق سێ ترلیۆن و 876 ملیار دیناری تەرخانکردوە و دەشڵێت، "ئەگەر ئەمەش چارەسەر نەکرێت، هەرێمی کوردستان ناتوانێت پابەندیی خۆی جێبەجێبکات و هەر ئەمەش دەکرێتە بیانویەک بەغدا پارە نەنێرێت". 

ئامانج ڕەحیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، " لە پڕۆژەیاسای بودجە کە لە حکومەتەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا و زادەی رێککەوتنی هاوبەشی هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بو، تەنیا یەک هەژماری بانکی هەبو، ئەنجومەنی نوێنەران سەرلەبەری پڕۆژەکەی حکومەتی گۆڕی و بەگوێرەی مادەی 13، دو هەژماری بانکی دەکرێنەوە لە جیاتی یەک دانە".

ئاشکراشیکردوە، "لە مادەی 13دا هاتوە کە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بەرپرسە لە خەرجکردنی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و تێچوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەیەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەنێو خشتەی خەرجیی سیادیی بودجەی عێراق بڕی سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ی بۆ تەرخان کردوە و لەم بڕە پارەیەش بڕی یەک تریلیۆن و 400 ملیار دیناری کرێی گواستنەوەیە و خراوەتە سەر بەشەکەی هەرێمی کوردستان، بەمجۆرەش لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دادەشکێت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە(16 تریلیۆن و 600 ملیار دینار)ەوە دادەبەزێت بۆ (15 تریلیۆن و 200 ملیار دینار)".

ئامانج رەحیم دەشڵێت، "کێشە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 بە فیعلی شەش ترلیۆن و 695 ملیار دیناری خەرجکردوە بۆ خەرجییەکانی نەوت، بەڵام لە بودجەی عێراق سێ ترلیۆن و 876 ملیار دیناری تەرخانکردوە، بەمشێوەیەش کورتهێنانێک بە بڕی دو تریلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ دابینکردنی خەرجیی تێچوی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە دروستدەبێت کە هیچ تەرخانکراوێکی بۆ نەکراوە لەناو بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت پڕی بکاتەوە، لە ئەگەری نەدۆزینەوەی سەرچاوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، ئەوا کۆمپانیا نەوتییەکان ناتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەمجۆرەش هەرێمی کوردستان ناتوانێت پابەندیی خۆی جێبەجێ بکات و لە کۆتاییدا بە بەهانەی جێبەجێنەکردنی ئیلتزامی نەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەغداش پارە نانێرێت".

 

دەقی نوسینەکەی ئامانج رەحیم:

 

هەژماری بانکی لە ئەسڵی پڕۆژەیاسای بودجەی حکومەت چۆن بو؟

لە پڕۆژەیاسای بودجە کە لە حکومەتەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا و زادەی رێککەوتنی هاوبەشی هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بو، تەنیا یەک هەژماری بانکی هەبو، ئەویش بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستانی تێدا ئیداع دەکرا و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانیش، بە رێگەی (مقاێە) پاکتاوی داهاتی نەوت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەکرا. هەر زوش بانکی ناوەندیی عێراق بە نوسراویان ژمارە 3004 لە 27-4-2023 رازی بون کە تەنیا یەک هەژماری بانکی هەبێت و بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.
ئەنجومەنی نوێنەران چۆن ماددەی 13ـی گۆڕی و چی لەو هەژمارە بانکیەی هەرێمی کوردستان کرد؟

ئەنجومەنی نوێنەران سەرلەبەری پڕۆژەکەی حکومەتی گۆڕی و بەگوێرەی مادەی 13 لە یاسای بودجەی عێراق کە ئێستا لە سەرۆکایەتیی کۆمارە، دو هەژماری بانکی دەکرێنەوە لە جیاتی یەک دانە و بەمشێوەیەی خوارەوە دەنگی لەسەر درا:

هەژماری بانکیی یەکەم لە مادەی 13ـی پەسندکراو، حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە چ بە هەناردەکردنی بێت یان ساخکردنەوەی لە بازاڕی نێوخۆیی، ئەگەر هەناردەنەکرا.

ئەم هەژمارەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانکی نێوخۆیی عێراقی لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە بۆ ئیداعکردنی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و نابێت هیچ بڕە پارەیەکی لێ گلبدرێتەوە یان مقاێەی لەسەر ئەنجام بدرێت، تەنانەت نابێت پارەی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجیی گواستنەوەشی لێ بدرێت، لە بەرامبەردا سەرجەم هەژمارەکانی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەخرێن لەناویشیاندا هەژماری (Citibank) کە تاوەکو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو بانکە نێودەوڵەتییە گلدەدرایەوە.
ئەو هەژمارە بانکییەی مادەی 13ی یاسای بودجە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت و تەنیا وەزارەتی دارایی عێراقیش دەسەڵاتی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییە دەبێت، هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییە نییە و داهاتی نەوتی دانراوی نێویشی دەبێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق و هیچ بڕە پارەیەکیشی لێ داناشکێندرێت.

داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا چەندە؟
داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان (بەبێ داشکاندنی خەرجییەکان) ئەگەر بەرمیلی بە 70$ بفرۆشرێ ئەوا مانگانە داهاتەکەی مەزەندە دەکرێت بە بڕی (840 ملیۆن دۆلار) کە بە دیناریش دەکاتە (یەک تریلیۆن و 92 ملیار دینار)، بۆ ساڵێکیش داهاتەکە دەکاتە (10 ملیار و 80 ملیۆن دۆلار) و بە دیناریش دەکاتە (13 تریلیۆن و 104 ملیار دینار) لە ساڵێکدا. بەدیوێکی دیکەدا هەرێمی کوردستان بە نەوتەکەی بەشداری لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتیی عێراق دەکات بە زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار لە ساڵی 2023.

کێ بەرپرسە لە خەرجی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و کرێی گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە:
ئەگەر مادەی 13 رێگە نەدات هیچ خەرجییەک لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت؟ ئایا پارەی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەناردەکردن و گواستنەوە لە کوێ دەدرێت و کێ بەرپرسیارە لە پێدانیان؟
لە مادەی 13دا هاتوە کە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بەرپرسە لە خەرجکردنی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و تێچوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەیەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەنێو خشتەی خەرجیی سیادیی بودجەی عێراق بڕی (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ی بۆ تەرخان کردوە و لەم بڕە پارەیەش بڕی (یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینار)ی کرێی گواستنەوەیە و خراوەتە سەر بەشەکەی هەرێمی کوردستان، بەم جۆرەش لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دادەشکێت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە(16 تریلیۆن و 600 ملیار دینار)ەوە دادەبەزێت بۆ (15 تریلیۆن و 200 ملیار دینار).

لەسەر چ بنەمایەک پارەی تێچوی بەرهەمهێنان و هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت؟
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تەنانەت ئەم پارەیەش کە تەرخانکراوە لەناو خەرجیی سیادی کۆتوبەندیی بۆ دانراوە کە دەبێت لەسەر بنەمای نرخی تێچوی بەرمیلێک نەوتی عێراق خەرج بکرێت نەک بە گوێرەی گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان، کە دیسان ئەم دەستەواژەیە هیچ نرخێک بۆ ئەو (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ە ناهێڵێتەوە، چونکە جیاوازیی گەورە هەیە لە میکانیزمی ئەژمارکردنی نرخی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و جۆری گرێبەستە نەوتییەکان.
ئەوەی تەنیا خاڵی ئەرێنییە و لە بەرژەوەندیی گەنجینەی عێراقە ئەوەیە کە سۆمۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان بە هەمان رێکار و نرخی سۆمۆ بۆ نەوتی کەرکوک دەفرۆشێت، کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 8-10 دۆلار زیاترە لە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەپێش 25-03-2023 کە ئەمەش هیچ لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێ، چونکە پابەندیی هەرێم بە ژمارەی بەرمیلی نەوتە کە بە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە دیاریکراوە نەک نرخەکەی.

 

کورتهێنان لە تەرخانکراویی خەرجی هەقدەستی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
کێشە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 بە فیعلی شەش ترلیۆن و 695 ملیار دیناری خەرجکردوە بۆ خەرجییەکانی نەوت، بەڵام لە بودجەی عێراق سێ ترلیۆن و 876 ملیار دیناری تەرخانکردوە، بەم شێوەیەش کورتهێنانێک بە بڕی (دو تریلیۆن و 800 ملیار دینار) بۆ دابینکردنی خەرجیی تێچوی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە دروستدەبێت کە هیچ تەرخانکراوێکی بۆ نەکراوە لەناو بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت پڕی بکاتەوە، چونکە داهاتی نەوتەکە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نامێنێت و دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراق و لە مادەی 13دا هاتوە کە نابێت هیچ پارەیەک (استقگاع) بکرێت لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە ئەگەری نەدۆزینەوەی سەرچاوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، ئەوا کۆمپانیا نەوتییەکان ناتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەمجۆرەش هەرێمی کوردستان ناتوانێت پابەندیی خۆی جێبەجێ بکات و لە کۆتاییدا بە بەهانەی جێبەجێنەکردنی ئیلتزامی نەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەغداش پارە نانێرێت.

 

قەرزی مانگەکانی پێشوی هەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت و پارەی پێشەکی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختە
بێگومان هەرێمی کوردستان قەرزی مانگەکانی ساڵانی پێشوی نەوتیشی لەسەرە، هی تێچو و هەقدەستی کۆمپانیاکان و پارەی پێشەکیی فرۆشی پێشوەختەی نەوت و گواستنەوە، ئەمەشیان بە دور و نزیک لەنێو یاسای بودجەی عێراق نە باسکراوە و نە تەرخانکراویشی هەیە و دیاریش نییە کێ بەرپرسیارە لە پێدانەوەی ئەم قەرز و پابەندییە داراییە کەڵەکەبوانەی نەوت.

هەرچی هەژماری بانکیی دوەمە کە لە مادەی 13دا هاتوە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە کە ئەم هەژمارەیان بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکێکی باوەڕپێکراوی نێوخۆیی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە و دەسەڵاتی خەرجکردن لەم هەژمارە بانکییە بۆ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەوەی کە ئەو تەخویلی دەکات کە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەمویل بکات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەکەم کە حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەیە کە ئەگەر هەژماری بانکیی یەکەم کە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی 400 هەزار بەرمیلەکە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا هیچ پارەیەک نایەتە هەژماری دوەم.

بەمشێوەیە لە پاڵ کۆنتڕۆڵکردنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ، داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەش دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر پارەی فرۆشتنی نەوتی خۆی نابێت لەو حسابە بانکییەی کە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێتەوە.

مادەی 13ی یاسای بودجە جێگرەوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و بڕیاری دادگەی فیدراڵییە
حوکمەکانی مادەی 13 لە یاسای بودجە دەبێتە جێگرەوەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2023 و لێرە بەدواوە مادەی 13 حوکمی پەیوەندیی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات تاوەکو رێکەوتن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە بەپێی بەرنامەی وزاریی کابینەکەی سودانی دەبو شەش مانگ لە رۆژی پێکهێنانی حکومەتەکەوە، واتە لە 27-04-2023 پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی پێشکێش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکرایە، بەڵام ئەوە دو مانگ لەسەر ئەو وادەیەش تێپەڕی و هیچ هەنگاوێکی جیدی لەسەر ئەو بابەتە نەنراوە، بە شارەزایی و رای متوازعی خۆشم گەیشتن بە رێککەوتنی هاوبەش لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی ئەگەر ئەستەم نەبێت، زۆر زەحمەتە، چونکە جیاوازیی جەوهەری هەیە لە لێکدانەوە و تەفسیر و راڤەکردنی مادە دەستورییەکانی پەیوەندیدار بە نەوت، بەتایبەتیش مادەی (111) و (112)ـی دەستور کە بەغدا وا لێکیان دەداتەوە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە دەسەڵاتی رەهای وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەش بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی کە پشتیوانی لەم بۆچونە دەکات و هەرچی هەرێمی کوردستانیشە پێیوایە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەسەڵاتێکی رەهای فیدراڵی نییە و مادەی 13ی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 دیسانەوە پشتیوانیی بۆچونی حکومەتی فیدراڵی دەکات بە رەهاییبونی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق.

بژارەکان
بژارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی مادەی 13 لە بودجەی عێراق یان پەنابردنە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی لە لایەن وەزیری دارایی عێراق کە لە راگەیەندراوێکدا خۆی ئاماژەیدا بەوەی کە بە نیازن تانە لە یاساکە بگرن لە دادگەی فیدراڵی، یان رێککەوتنی هەردو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نەوتە لەسەر میکانیزمی دەستنیشانکردنی تێچوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی گونجاو کە زامنی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بکات و لە پێش هەمو ئەمانەش بابەتی یەکڕیزیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ زامنکردنی بودجە و موچەی خەڵک کە ئەمەیان بژارە نییە، بەڵکو حەتمیە و دەتوانن وا بکەن کە ئەو 906 ملیار دینارەی مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە دانراوە لەنێو بودجەی عێراق بە دوربگرن لەم کێشمەکێشمەی نەوت، لە ئەگەری ساخنەبونەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چ لە بازاڕی جیهانی یان بازاڕی ناوخۆ، شایستەی موچەخۆران نەبێتە قوربانی، ئیدی مادام کۆمپانیای سۆمۆ کۆنترۆڵی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و داهاتەکەشی لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراقە، ئیدی هیچ بەهانەیەک نییە کە بەغدا شایستەی موچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکات و دەبێت لەسەر بنەمای (مبدا المساواە امام القانون) کە لە مادەی 14ـی دەستور هاتوە بە یەکسانی یاسا بەسەر هەمو هاوڵاتییان جێبەجێ بکرێت و رێکاری جیاکاری بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگیرێتەبەر.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×