ئامانجی سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا ئاشكرا دەکرێت
  2023-06-21       2085       

ئا: ئاوێنە

 

سه‌رچاوە سیاسییە كوردییەكان ئامانجی سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی كاربەڕێكەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ توركیا ئاشكرا كرد  و دەڵێن: سەردانەكە بە مەبەستی  هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و ئەو ڕێككەوتنە ٥٠ ساڵەیە كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا واژۆ كراوە.

 

دوای ئەوەی ڕۆژی ١٩ی مانگ، عیراق و تورکیا لەسەر دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆبوونەوە و نەگەیشن بە ڕێککەوتن دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بانگهێشتی تورکیا کرا و لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆبوویەوە، ئاژانسە عێراقییەکانیش ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کردووە.

ئاژانسی متەڵعی عێراقی لەزاری سەرچاوەكانی لە هەرێمی كوردستان ئاشکرایکردووە، دۆسیەی نەوت مایەی نیگەرانییەكی گەورەی پارتی‌و بارزانییە، چونكە ترسیان لە بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنە نەوتییە تاكلایەنە هەیە، كە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئەنقەرە واژۆیان كردبوو، بەبێ ئەوەی بۆ حكومەتی فیدراڵ بگەڕێنەوە.

بەپێی ئەم ڕێككەوتنە كە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ واژۆكراوە، ساڵانێكیشە لە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە هەناردە دەكرێت، هەرێم ئەم ڕێگایەیە بەكارهێنا بۆ كۆكردنەوەی داهات، كە ئەو كات ناكۆكی لە نێوان بەغدا و هەولێر هەبوو.

وەک لە هەواڵەکەی ئاژانسی متەڵعدا هاتووە: سەركردە سیاسییەكانی كوردستان باسیان لە گومانی گەورە لە گەندەڵی كرد، كە نێچیرڤان بارزانی كاتێك سەرۆكی حكومەت بوو ئەو ڕێككەوتنەی ئەنجامدا، ئەمڕۆش ترسی جددی هەیە ئەو گەندەڵییانە ئاشكرا ببێت، هەروەها پێیان وایە، سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەنقەرە بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆسیە بووە، كە ڕەنگە لەداهاتوودا شەرمەزارییەكی گەورە بۆ پەدەكە لە بەردەم ڕای گشتی كوردستاندا دروست بكات، بە تایبەت پەدەكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئامادە دەكات.

سەرچاوەیەكی سیاسی پێشتر سەبارەت بە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی بارزانی لەسەر ئەم دۆسیەیە بە ئاژانسی “بەغدا یەومی”ـی ڕایگەیاند، ناكۆكییە لەناو ماڵی كورددا هەیە، بەتایبەتی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی  و مەسرور بارزانی لەسەر ئەوەی كێ دانوستانەكانی دۆسیەی نەوت لەگەڵ ئەنقەرە بەڕێوە ببات.

ئاژانسی متەڵع لە ڕێگەی میدیاكانی یه‌كێتیه‌وه‌ بڵاوی كردەوە، نێچیرڤان بارزانی ویستویەتی دانوستانەكان لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ توركیا ئەنجام بدات و سەردانی  ئەنقەرە بكات، بەڵام مەسرور بارزانی پێداگری لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیەی لەلایەن خۆیەوە كرد.

ئەوەش خراوەتەڕوو، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت خۆی دانوستان لەگەڵ توركیا ئەنجام بدات، چونكە خۆی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ ڕێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی واژۆكردووە، هەروەها وردەكاریی تەواوی لەسەر ئەم دۆسیەیە لایە.

پێشتریش سەرچاوەكانی نزیك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرایان كردبوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای وردەكاریی ئەو گرێبەستە نەوتییانەی لەگەڵ توركیا لە سەرۆكی هەرێم كردووە، نێچیرڤان بارزانیش داواكەی ڕەتكردووەتەوە، چونكە ئەگەر وردەكاری گرێبەستەكان ئاشكرا بكرێن، گەندەڵییە گەورەكانی ئاشكرا دەبێت.

لە ئێستادا لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق ڕێككەوتنێك هەیە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەروەها عێراق بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی داهاتی نەوتی كوردستان دەكات بۆ تەواوكردنی بودجە، بەڵام ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانێك بووەتەوە، ئەویش ڕەتكردنەوەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت هەرێمە لە لایەن توركیاوە.

لە ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ لەسەر سكاڵای عێراق لە دژی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك ڕاگیرا، ئەگەرچی توركیا ڕایگەیاندووە، بەو بڕیارە پابەند دەبێت، بەڵام تائێستا ڕازی نەبووە نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×