وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ قوباد تاڵەبانی: پڕۆسەی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بكرێ
  2023-06-21       1481       

 ئا: ئاوێنە

 

وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم داوایانكرد، پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بكرێت، چونكە وڵاتەكەیان خواستی ئەوەیە هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن. قوباد تاڵەبانی-ش ئامادەیی بۆ خێراتركردنی پڕۆسەكە دەردەبڕێت و دەڵێت، پێویستە بەزوترین کات وەزیرێک بەوەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت.

 

 بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، رۆژی چوارشەممە ٢١ / ٦ پێشوازیکرد لە وەفدێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دەینا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەو چۆنییەتی بەردەوامبونی هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر تاوتوێ کران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەردەوامی هاوکاری و هاوپەیمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو رۆڵی هێزی پێشمەرگەشی لە شەڕی دژی داعشدا بەرز نرخاند.

جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند"هاوپەیمانی و هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئەمریکا لە رابردودا دەستکەوتی گەورەی لێکەوتوەتەوەو هیوای خواست لەداهاتوشدا ئەم هاوپەیمانییە بەهێزترو پتەوتریش ببێت."

بەپێی راگەیەندراوەكە، "هەردولاش هاوڕابون کە بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا پێویستە لە داهاتودا هەماهەنگییەکان زیاتر بکرێن."

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، تاوتوێی پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کراو "وەفدەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا داوایانکرد پرۆسەکە خێراتر بکرێت چونکە ئەمریکا خواستی ئەوەیە کە هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت."

لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "ئێمە ئامادەین کە پرۆسەکە خێراتر بکرێت" و جەختیشی کردەوە کە "نابێت ناکۆکی سیاسی کاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامی چاکسازییەکان." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە بەزوترین کات وەزیرێک بەوەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت تا لەلایەکەوە سەرپەرشتی وەزارەتەکەو پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو لێکتێگەیشتنە جێبەجێ بکات کە پێشتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا ئیمزا کراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×