چەند سەرنجێک دەربارەی پەڕتووکی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد
  2023-06-26       1896       

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین

پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

من خۆم زەویناسم و پسپۆڕی مێژوونیم، بەڵام پاش خوێندنەوەی پەڕتووکە نوێیەکەی مامۆستا سۆران حەمەڕەش(١) چەند سەرنجێکم لەلا دروستبوو، بۆیە حەزمکرد بیخەمە بەردەست نووسەر و خوێنەرانی کورد. خۆئەگەر تێبینییەکانم باشبوو بۆ کتێبەکە، ئەوا خۆشحاڵ دەبم و ئەگەر واش نەبوو ئەوە بیرو بۆچوونی خۆمە.  کەواتە سەرنجەکان زیاتر لە ڕووی بابەتی زەویناسی و تەکنیکییەوەیە (هونەریی)، نەک لە ڕووی مێژووییەوە، کە پێم وایە پسپۆڕان و مێژوونووسان دەبێت بە وردی و دروستی و ویژدانەوە قسەیان هەبێت و بەچاوێکی ڕەخنەگرانەی دروستکەر پێداچوونەوە بۆ کتێبەکە بکەن. بەبڕوای من کتێبەکە وەرچەرخانێکی زۆر گەورە یە لە بواری مێژووی کورد و مامۆستا سۆران زۆر بوێرانەو زانستییانە کاری تێداکردووە. دروستە لەوانەیە هەندێک شوێن ئێشتا پێویستی بە وردەکاری و بەڵگەی زیاتر هەبێت، بەڵام خۆ نەچووە بچێت با بەشەکانی مێژوو لە کوردستان چەند خوێندکارێکی ماستەر و دکتۆرا بخەنە سەر ئەوبابەتانەو هەمووی یەکلاییبکەنەوە. پڕۆژەکەی مامۆستا سۆران دەکرێت هەربەشێکی پڕۆژەی تێزی دکتۆرایەک بێت! هەڵبەت لەوانەیە هەندێک کەس بیروڕایان وەک من نەبێت، هەرچەندە بەداخەوە من تا ئێستا نابینم وتاری زۆر لەلایەن میژوونووسانەوە سەبارەت بەکتێبەکە بڵاوبووبێتەوە، هیوادارم هەڵەبم! بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی مامۆستا دەشتی مەحمود لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبووەتەوە، کە بە بەڕوای بەندە دەکرا زۆر نەرمونییانانەتر بێت و مەبەست شکاندنی کتێبەکە نەبێت(٢). من مامۆستا دەشتی ناناسم و پێم وایە دەبێت شوێنەوارناس، یان مێژوونووس بێت! بێگومان خەڵکی سەربەستن لە بیروبۆچوونیان، بەڵام هیوادارم وتار و ڕەخنە و توێژینەوەی پسپۆڕانی ناسراوی مێژووی کورد و کوردستان بخوێنمەوە، کەهەندێکیان دەناسم!

مامۆستا سۆران بەڕاستی کارێکی ناوازەو گرنگی ئەنجامداوە و تەمەنێکی زۆری خۆی بۆ بەرهەمەکە تەرخانکردووە، کە جێگەی ڕێز و ستایشەو دەبوو ئیستا لە بەشەکانی میژوو بۆ ماوەیەک سیمینار و کۆڕ و گفتوگۆ سەبارەت بە کتێبەکە بکرایەو وەک وتم ئەوشوێنانەی، کە دەزانن کاری زیاتری پێویستە بکرایەتە پڕۆژەی دکتۆرانامەو زانیاری زیاتر بخرایەتە سەر کتیبەکە! نازانم هەندێکجار چواردەور یارمەتیدەرنییە بۆ کاری داهێنەر و بوێرانە و هەردەبێت بە ڕێچکەی سوواودا بڕۆیت ئەگینا تووشی بەربەرەکانی دەبیتەوە، هەرچەندە کەسی داهێنەر لە بەرامبەر و تەیاری باو ناترسێت! من نازانم کتێبێک سەرانسەر باس لە میللەتێکی داماوی خۆخۆر بکات و سەرەتا وئاستی بوونی بەڕاستی و دروستی دیاربکات و دەرخستنی مێژووی کۆنی کورد شیکاربکات بۆ دەبێت بەگاڵتەجاڕی سەیربکرێت؟ بۆ دەبێت ئاوا بە ساکاریی و بێ منەتی هەڵبسەنگێندرێت؟ دەبوو شانازی پێوەبکەین و بڵێین ئەمە کەلێنەکانی لێکۆڵینەوەکەیە و دەکرێت باشتر بکرێت، خۆ مامۆستا سۆران دەیان سەرچاوەی بەکارهێناوەو لێکدانەوەی بۆ کردوون! خۆ مامۆستا سۆران باسی لە خانەوادە و هۆزەکەی نەکردووە، بەڵکو هەوڵیداوە مێژووی دروستی ئەم گەلە بێکەسە دەربخات و مێژووە دروستەکەی بۆ من و تۆ بدۆزێتەوە و بێجگە لەزمانی کوردی بەزمانی ئینگلیزیش بیخاتە بەردەم هەموو جیهان! ئەمە کارێکە دەبێت تا سەرئێسقان شانازی پێوەبکەین. بەهەرحاڵ، ئەوبابەتە کاری زیاتری دەوێت و با وازی لیبێنین بۆ مێژوونووسانی کورد قسەی تێدابکەن!

بەبڕوای بەندە کتێبێک لەو ئاستە بەرزەو بەو هەموو زانیارییە مەزن و گرنگەوە هەندێک وردەکاری هەیە دەکرا تێیدانەبیت و بۆ ئاستی هونەری کتێبەکە باشتر دەبوو! هەڵبەت من تەنیا کتێبەکەم بە زمانی کوردی خوێندۆتەوە و قسەکانم سەبارەت بەو دانەیەیە، ئەگینا نازانم کۆپییە کەی بە زمانی ئینگلیزی ئەم تێبینییانەی تێداهەیە یان نا! بەهەرحاڵ مامۆستا سۆران سەرپشکە، کە بۆ چاپەکانی داهاتوو ئەو شتانە بگۆڕێت ، یان نا:

١-بەکارهێنانی نەخشە لە کتێبدا کارێکی زۆر باش و بەجێیە، بەتایبەتی لە زانستەکانی وەک زەویناسی و میژوو و جوگرافیا و هتد.، مامۆستا سۆران نزیکەی ٢٠ نەخشەی بەکارهێناوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە قسەی دەربارە کردوون، بۆ نموونە لاپەڕەکانی ٤ و ٩ و ٢٦ و ٢٨ و ٣٠ و هتد. ئەوەی، کە سەرنجی ڕاکێشام مەرجەکانی نەخشە لەزۆرینەیان، یان لە هەموویان ونبووە و ڕەچاونەکراوە! بۆ نموونە نەخشەکان بێ پێوەر دانراون: واتە دەبێت بزانین بۆ نموونە ١سم لەسەر نەخشەکە چەند سانتیمەترە لەسەر زەوی، ئەگەر ئەمە دانەنریت نەخشەکە بەهاکەی کەم دەبێتەوە! هەروەها نەبوونی ئاڕاستی باکوور لە سەر نەخشەکان، کە دەبوو هەبێت و پێویست بوو. خاڵێکیتری گرنگیش نەبوونی هێڵەکانی درێژی و پانی لەسەر نەخشەکان، کە ئەمەش یەکێکە لەبنەماکنی دروستکردنی نەخشە. ئەمەسەرەڕای ئەوەی، کە دەکرا بۆ هەرنەخشەیەک کلیلێک هەبێت، مەبەستم لە کلیل ئەوەیە کە گشت هێماو هێڵ و شار و ڕێگاو ناوچەکان ڕوونبکرێتەوە، کە لەسەر نەخشەکە دەبینرێن. ئەم خاڵانەی سەرەوە، کە باسکران زۆر بەئاسانی دەخرێنە سەرنەخشەکان و هیچ زەحمەتنین و کاری چەند کاژێرێکە.

٢-مامۆستا سۆران ژمارەیەکی زۆر وێنەی فۆتۆگرافی داناوە، بۆ نموونە لاپەڕەکانی ٣١ و ٣٢ و ٥٤ و ١٣٥ و ١٣٨  و هتد، کە کارێکی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام زۆرینەی زۆری وێنەکان وەرگیراون! ئەمەکارێکی زۆر ئاساییە و هەموومان لە توێژینەوەکانماندا ڕەچاوی دەکەین، بەڵام بۆ هەموو وێنەیەک نا! مەبەستم کاتێک وێنەی شاری هەولێر دادەنرێت، یان وێنەی گوندی خەمزە، یان  هەڵکەندراوەکانی ناوچەی سلێمانی، یان  وێنەی تەزبیح و دارەبەن، هتد،  باشتر بوو وێنەکە هی نووسەر خۆی بێت نەک وەرگیراو! کە ئەمە کارێکی تا ڕادەیەک ئاسانەو دەکرا لە گەشتەکانی مامۆستادا بۆ کوردستان وێنەکانی بەدەستی خۆی بگرتایە و ئەوکاتە لە کتێبەکەدا خۆی دەبووە خاوەنییان!

٣-لیستی سەرچاوەکان لەکتێبەکەدا نییە، نازانم بۆ! لەوانەیە لەبەر کەمکردنوەی ژمارەی لاپەڕە بووبێت، یان..! بەڵام پێویست بوو هەبێت و بە ئەلفابێتیکەڵی دابنرایە، کە خوێنەر  بەئاسانی بگەڕیتەوە بۆیان.

٤-فۆنتی نووسینی پاشکۆی ژمارە ١ لەلاپەڕەکانی ٣٥٥ و ٣٥٦ دا زۆر وردە و دەکرا گەورەتر بکرێت و بتوانرێت بەئاسانی بخوێنرێتەوە، هەروەها، کە یەک پاشکۆ هەبێت پێویستی بە ژمارە نەدەکرد، چونکە تەنیا یەکێکە!

٥-لەکاتی نووسینی پێڕستدا (ل٣٥٧-٣٦٥)، کەکارێکی زۆر باشە و زانستییانەیە، وشەکانی، کە پیتی ‌ئ دەستیان پیکردووە کەوتوونەتە بەشی کۆتایی نەک لەپێشەوە، دەکرێت هەڵەی چاپەوانی بێت و بەئاسانی بۆ چاپەکانی داهتوو چاکبکرێت.

٦-سێ وشەی بیانی بەکارهاتووە، بۆنموونە ل٢١٩،  کە بریتیین لە : Neolithic, Mesolithic, and Palaeolithic . ئەم وشانە بەرامبەرەکەیان بەکوردی بەردینی نوێ، بەردینی ناوەڕاست ، و بەردینی کۆن ، یەکلەدواییەک. هەرچی بەگوێرەی چاخ، کە وەک پێشگر بۆ ئەوسێ وشەیە بەکاردێت، من نازانم مێژوونووسان بەرامبەر کام وشەیە بەکاریدێنن، بەڵام بۆ زانیاریتان ئێمە لە زەویناسیدا ئەم چوار زاراوەیەمان جێگیرکردووە بەم شێوەیە( ٣):

چاخ بەرامبەر بۆ Era  ، چەرخ بەرامبەر بۆ  Eon  ، سەردەم بەرامبەر بۆ  Epoch ، تەمەن بەرامبەر  بۆ  Age .  ئیتر خۆتان باشتر دەزانن کامیان بەکاردێنن.

٧-وێنەی دراوەکان زۆر بچووکن و نووسین و وێنەکانی سەریان هیچ ڕوون نیین، بۆ نمونە وێنەی لاپەڕەکانی ٤٦ و ٢٨٠ و ٢٨٩ و ٢٩٢ و هتد.

٨-دڵنیام، کە نووسەر کتێبە نایابەکەی مامۆستای کۆچکردوو د.جەمال ڕەشید یان بینیوە( ٤) حەزم دەکرد وەک پاداشتێک بۆ ئەو مێژوونووسە کوردپەروەرە دڵسۆزە لە بەشی هەشتەمی کتێبەکەیدا باسی لێوە بکردایە، کاتێک باس لە زمان و وێژەی کوردی دەکات.

٩-پێم باشبوو مامۆستا سۆران ناونیشانێک، یان ژمارە تەلەفونێک، یان ئیمەیلێکی لەکتێبەکەدا دابنایە، تا پەیوەنیکردن لەگەڵیدا سانا بێت، بەڵام بەداخەوە لەهیچ شوێنێکدا دانەنراوە!

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ڕێز و ماندونەبوونی بۆ مامۆستا سۆران حەمەڕەش، کە بوێرانە بەرهەمێکی ئاوا نایاب و ناباوی خستۆتە بەردەم خوێنەرانی مێژوو لە جیهاندا، هیوای تەندروستییەکی باشی بۆ دەخوازم.

 

پەراوێزەکان:

١-سۆران حەمەڕەش، ٢٠٢٢، مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی پیرەمێرد، هەرێمی کوردستان، سلێمانی، ٣٦٥ل.

٢-دەشتی مەحمود، مێژووی بزری کورد یاخود بزرکردنی مێژووی کورد، ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ژمارە ٢٠١٥، لە ٢٦-٤-٢٠٢٣، ل٩-١٢.

https://hawlati.co/page_detail?smart-id=29563

٣--Mohialdeen, I.M.J., 2011, Dictionary of Geology, English-Kurdish, University of Sulaimani, Sulaimani, Paywand Printing House, Kurdistan, 269p.

٤-جەمال ڕەشید ئەحمەد، ١٩٨٨، لێ کۆڵینەوەیەکی زمانەوانی دەربارەی مێژووی وڵاتی کوردەواری، ٥٨٠ل.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×