یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە
  2024-04-30       159       
بەختیار عەلی - ئازاد حەمە

ئەم نوسینە کورتە پێشکەشە بە فەرەیدون حەسەن، کە چاوەکانی تروسکایی لەسەر داخرا

 

نوسینی: ئازاد حەمە

 

پتر لە دەروازە:

لە سەرەتای ساڵانی 1980کاندا لەسەردانێکی بیریاری فەرەنسی دێریدا بۆ ئەمەریکا، ژورنالیستێکی ئەمەریکی لێیدەپرسێت: گەر ئەم دێریدایە نەبویتایە، کە ئەمڕۆ هەیت حەزتدەکرد چی بیت؟ دێریدا لە وەڵامدا دەڵێت: حەزمدەکرد رۆماننوس بم، وەک رۆماننوسەکەی هاوڕێم مۆریس بلانشۆ Blanchot. ئەم وتنەی دێریدا دوو دانپێدانانی تێدایە. دانپێدانانێک بە مەزنی رۆماننووسی و ئەویتر دانپێدانانە بە هاوڕێکەی، لێ لە دەڤەری ئێمەدا هەردوو دانپێدانانەکە لەسەرەمەرگدایە. کەواتە، بۆ دێریدا دەستهەڵگرتن لە فەلسەفە بە رۆمان بەلەجیاتیدەکرێت. وەکیتریش ئەم حاڵەتە رووبەڕووی زۆرێک رۆماننوسی تری رۆژئاوایی دەبێتەوە. دەوروبەری ئەلبێر کامی Camus پڕبوو لە هزرەڤان. کامی فەلسەفەزانی لەرێگای رۆمانەکانیەوە سازدەدا. لەسەردەستی  کامی کردەی رۆماننوسی خۆی بریتیکرد لە کردیەک لە هزرەڤانی، وەکیتر هزرەڤانی پیادەكرد و ئەدەبەکەشی هێندەی فەلسەفە قووڵاییەكانی بیركردنەوەی گۆڕی. کەواتە رۆمان دەکارێت هزر بەرهەمبهێنێت. تا رۆماننووسیش لە دەڤەری ئێمە نەبێتە پرۆسەیەک لە بیریاریی ناکرێت رۆمانی کوردی هەنگاوی گڵوباڵ بنێت.

بۆئەوەی خۆمان لەگەڵ وتەنەکانی لایسەرەوە هاوتاکەین گوزەرێک بەناو داڵانەكانی ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی دا دەکەین. لەوێندەرێ چییەتی جەفاکانی بەختیار عەلی بە تێگەیشتنی چەمکیی conceptual خۆمان گرێدەدەینەوە و ڕووناکی و چریسکەی ئەدەبەکە لەناو گەرووی تاریکی ئەدەبی ئێستاماندا دەردێنین. ئەمەش سەرنج بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت، کە لەم دۆخە نالەبارەی ئێمە دەیژێین چۆن مانای نوێ بە ئەدەب بدرێت؟ کەس ئەمەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە سامناکەکاندا ئەدەبێکی تر و تێهزرینێکی ئەدەبی تر بوونی هەبێت.

هەرچەندە ئەم نوسینە کورتە تەقەلایەکی هزریی نییە بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ئەدەبیی بەختیار عەلی، لێ کۆششێکی شەرمنانەشە بۆ وتن لەسەر پرسی ئەدەب لەمیانەی ناوبراوەوە، دواتر رێگاش بۆ وتن لە پرسی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ تا رادەیەک دەکاتەوە.چونکە خوێنەری هزرهەژار لە چاوەڕوانی ئەدەبی بێهزرە. ئەدەبی بێ هزریش بکوژی بیرکردنەوە و تێڕامانە. لەوێندەرێ هەرگیز پرسیار لەدایکنابێت و وەستان بەدیار دێڕ و گوزارەوە بوونی نابێت.

 

ئەدەب واتە بیرکردنەوە

ئەدەب شوێنێكە بۆ سازدانی بیركردنەوە. سەرسامبوونیش بە مۆدێلێک لە ئەدەب لە بنەڕەتدا سەرسامبوونە بە مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەو ئەدەبە، کە ئەدەبێکی لوغزاوییە. کافکا بیرکردنەوەیە لە ناو بیرکردنەوەیەکی کارامادا. گشت ئەزموونی شیعریی مالارمێMallarmé بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی تر. رۆنێ شار Charئەمیش جۆرێکە لە بیرکردنەوەی نادوبارە. پاستێرناک Pasternak لە ڕەچەڵەکدا تەقەلایەکە بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز لە چاو دەمی خۆی. گۆران و سەیاب و یاسنین و خەلیل حاوی و ئەنسی الحاج، ئەمانەش تەقەلاگەلێکن بۆ تێپەڕاندنی دەمی بیرکردنەوەی شیعریی خۆیان. تێپەڕاندنەکانیش هەردەم هاوتەریبنابن لەگەڵ بیرکردنەوەی باوی ئەدەبیی. بۆیە تێپەڕاندن، کە لادانە، باجی خۆی هەیە و تێگەیشتنیشە لە چیەتیی بیرکردنەوەی ئەدەبیی باو و لەو هەلومەرجەش، کە بەرپرسیارە لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی ئەو شێوە ئەدەبە.

ئەدەب بوارێکە لە بیرکردنەوە.  ئەدەب لەبەرئەوەی هزرە پێویستی بە بیرکردنەوەیە. ئەدی زمان؟ گوزارشتكردنی زمان لە چركەساتەكانی گەیاندنی هزر ئەوەیە، كە چی چۆن پێویستە بگوترێت، بەڵام ئەوەی بۆ زمان پێویستە، مەرج نییە بۆ هزریش پێویست بێت. زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و شتێكی دی مەبەستە، یان زۆر جار زمان شتێك دەڵێت و هزرێكی دی لەپشتەوەیە؛ هزرێک، کە خۆی بە خاوەنی زمانەكە دەزانێت. ئەوەی ئێمە لێرەدا گەرەكمانە بیڵێین ئەوەیە، كە پێكدادان لەنێوان زمان و هزردا شیاوە و مێژووی هزر و زمانیش شایەتحاڵی ئەوەن. هاوکات داڕشتنی هزری ئاڵۆز بە زمانی سادە کاری دەوێت، بەڵام بۆ ئەو خوێنەرانەی پاشخانی هزرییان نییە داڕشتنی هزری ئاڵۆز وەک خۆی تێنەگەیشتن و بێزاریی دروستدەکات بۆیە زۆرێک لەو خوێنەرانە رەخنەی شێوازی هۆنینەوەی زمانەوانی نووسەرەکەدەکەن بێ ئەوەی بیر لە ئاستنزمی پاشخانی هزریی خۆیان بکەنەوە.

 

بیرکردنەوەی ئەدەبی دەبێت بی بەزەیی بێت بەرامبەر بە بەرهەمهێنانی پرسیاری هزریی

لەم دۆخە خراپەی ئێمەی کورد دەیژێین، کە سیاسەت هۆکاری ڕاستەقینەی خراپکردنەکەیە، چۆن مانای تازە بە ئەدەبی هاوچەرخی کوردی بدەین؟ کەس لە ئێمە ئەوەی پێڕاست نییە، کە لەناو دۆخە ترسناکەکانەوە ئەدەبێکی تر و بیرکردنەوەیەکی تری ئەدەبی بوونی هەبێت. ئەم دۆخە خراپە داوای زۆرتین بیرکردنەوە و جیاوازترین بیرکردنەوەمان لێدەکات. ئێمە، لەم دۆخەدا و بەگشتیش، ئەو جۆرە لە بیرکردنەوەی ئەدەبی بە پێویست دەزانین، کە بێ بەزەییانە کارلەسەر پرسیار بەرهەمهێنانبکات.

شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی جێی مشتومڕە. ئەڵبەتە هەموو شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەدەبی شایانی ئەوە نیین جێی مشتومڕ بن، مەگەر ئەوانە نەبێت، کە لە ناخی شێوازی بیرکردنەوەی ئەدەبییاندا پرسیار بەخێودەکەن. پرسیار دروستکردن لەناو ئەدەب یەکێکە لە ئەرکە مەزنەکانی ئەدەب.  لە پرسی ئەدەبیشدا شوێنپێهەڵگرتن هەیە. لێ لەو بارەوە تێپەڕاندنیش بوونی هەیە. ئەلبێر کامی Camus دەکەوێتە ژێرکاریگەریی تێگەیشتنی فەلسەفیی سارتەرەوە، لێ دەشتوانێت هزری سارتەر سەبارەت بە ئەدەب تێپەڕێنیت. ئێمە، کە بەشێک نین، تا هەنووکە، لە بزووتنەوەیەکی هزری گەورەی گڵوباڵ، ئەدی ئەدەبەکەمان هێندەی هزرمان هەژارە؟ ئەمە پرسیارێکی سەرسامئامێزە بۆ ئێمە! چونکە ئەزموونە ئەدەبییە گەورەکان شانبەشانی هزر رۆشتوون.  بۆیە بۆ ئێمە و لەم نوسینە کورتەدا ئەوە پرسیارە، کە لەو شوێنەی بزووتنەوەی هزری هەژار کاری خۆی دەکات ڕێگا بە سەرهەڵدانی ئەدەبێکی دەگمەن دەدات؟ بۆ ئەوەی لەو ژینگە هەژارەدا ئەدەبێکی دەگمەن(جیاواز، نادوبارە)سەرهەڵدات بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوەی سادەی هەژار لە هۆنینەوە و داڕشتن پێویستە لەدایکبێت. ئەمەشە بەختیار عەلی کۆششی بۆدەکات.

ئەدەب وەک ئازاری جەستە وایە سروشتی خۆی هەیە. ئەمە پاساو نییە بۆ داکۆکیکردن لە ئەدەبی لاواز و سەرپێی، کە هزر بەرهەمناهێنێت. ئەدەبی بێ هزر، بێ بیرکردنەوە ئەدەبێکی بۆشە. ئەمەیە زبڵەئەدەب. ئەمەش لەبەرئەوەی، کە جەستەی ئەدەب شوێنی ناسینەوەی هزرە. جەستەی ئەدەب باشترین پەناگایە بۆ ئاشنابوون بەو زمانەی خراوەتەگەڕ. بۆیە هەستکردن بە ئەدەب، بەوەی کە ئەم ئەدەبە چەند باشە، کە ئەم باشیەش پرسیارە لەسەر چەند دەگمەنە، هەستکردنە بەو وتنانەی ئەم ئەدەبە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت، بەو هێزەی لە زمانی وتنەکەدا پەنهانە بۆ رەخساندنی خەیاڵ و گێڕانەوە.

سەرباری ئەوە، بۆ ئەوەی لێرەدا تیشک بخەینە سەر ئەو ڕێگایانەی، کە بەرەو دەرهاویشتەیەکی لۆژیکیمان دەبات، لەم بارەیەوە پێویستمان بەوەیە هێما بۆ ئەوە بکەین، کە گشت هیواکانی ئەدەبی کوردی هاوچەرخ ناشێت لەسەر بەختیار عەلی دانرێت. ئەی ئەگەر ئەم هیوایە نەهاتەدی؟ ئەوجار چی؟ئەوجار دەمی کۆتایهاتنی ئەدەبی کوردیمانە، ئاوابوونی ئەدەبمان دوا قەدەرمان دەبێت؟ گەر وابێت ئەمە ئەنفالێکیترە. ئەنفالی ئەدەبیی. ناشێت هەروەک سیاسەت چۆن زوو زوو دەمانبات بەرەو مەهابادێکیتر، ئەزموونی ئەدەبیشمان بمانبات بەرەو نەهامەتییەکی ئەدەبیی تر. گەر ئەمە ڕووبدات خەتای بەختیار عەلی نییە، بەڵکو خەتای هەڵچنینی ئەو خواست و هیوا زۆرانەن لەسەر  بەختیار عەلی، ئەمەش وادەکات بە ناچاری بگەڕێنەوە بۆ ئەدەبی پێش ناوبراو. هۆلۆکۆستی ئەدەبی کوردی لێرەوە دەستپێدەکات.

 

دزەكردنی فەلسەفە بۆ ناو ئەدەب

ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەی فەلسەفە دزەی تیاکردوون ئەدەبێکی تری لێدەرچووە. ئەدەب، کە فەلسەفە گێچەڵی پێدەکات ئەدەبێكە دەرەقەتی گێڕانەوەی وون و لەدەستچووەکانی هەیە، توانای بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی هەیە، دەکارێت چەمک بەرهەمبهێنێت، لەناو دۆگم نامێنێتەوە و وەهمیش دروستناکات. بۆیە ئەدەبی ڕووكەش، کە ئەدەبێکی دابڕاوە لە فەلسەفە، ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناوەڕۆک و دووبارە جیهانێکی هزریاریی دروستبكات. ئەدەبێک ئەزموون دەخاتەوە، کە ئەزموون لە تێڕامانی فەلسەفیەوە وەردەگرێت و تەماشاکردن بۆ جیهان و بوون لەناو ئەو جیهانە دەگۆڕێت. ئەم جۆرە ئەدەبە شڵەژان و گومان دەخاتەژێرپرسیارەوە و چەمکی وەک: دابڕان، بێدەنگیی، تارمایی، مەرگ، تاریكیی، تەنهایی، و.... دەکات بە ئامرازی بیرکردنەوەی خۆی.

هەردەم ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبن بە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری ڕیشاڵی، یان تووخمی هزریین. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە ئەدەب دەکارێت ئەزموونی هزری بخاتەوە. تەماشاكردنیش بۆ ئەدەب وەك بەشێك لە كردەی هزرەڤانی لەوێوە سەرهەڵدەدات، ئەدەب کاتێک دەکارێت ئەوە بکات،کە ئەدەب لە پەنای هزری فەلسەفییدا گەشەدەکات. لێرە بەوەدەچێت قسە لەو جۆرە ئەدەبە بێت،کە ئەدەبی تێرهزر و بەپیتە، ئەوەش ئەو ئەدەبەیە هەواری خۆی بەرەو ناوچە هزراوییەكان گواستوەتەوە.بەمە ئێمە لێرە لە دەرگای ئەو پرسیارە دەدەین، کە بەم جۆرەیە:چۆن ئەدەب بکارێت بە گژ هزردا بچێتەوە، و واش لە ئەدەب بکات فەلسەفە بەرهەمبهێنێت؟

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی لای سەرەوە دەکارین بڵێین: لە مێژووی هزری رۆژئاوادا نموونە لەسەر ئەو جۆرە ئەدەبە بەرچاودەکەوێت. لێ پێویستە ئەوە بزانین، کە هزرکاری لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە. گشت ئەدەبی میلەتانیش بەو ئەرکە هەڵنەستاوە. ئەدەب، کە بەم ئاقارە دەڕوات شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبی لەم جۆرە چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆی دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، کامی، یان سێلان، هۆڵدلین یان مالارمێ بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.

 

پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە

لێرەدا خۆم لە قەرەی ئەو ئارگیومێنتە نادەم، کە داوای راڤەکاریی بیری بیرمەندانم لێدەکات لە پەیوەندی بە ئەدەبەوە. ئەمەش بەپێێ ئەوە، کە ئەدەب و فەلسەفەی رۆژئاوا، کە بۆتە مۆدێلێک بۆ نرخاندنی ئەدەب و فەلسەفە ئەو وانەیەمان فێردەکات، کە بیرکردنەوەی ئەدەبیی لە پەیوەندیدایە بە فەلسەفەوە.

تێگەیشتنی ئێمە لەبارەی ئەوەی لای سەرەوە وروژێنرا، ئەوەیە، کە پەیوەندی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بە فەلسەفەوە مەرجی پێشوەختە بۆ سەرهەڵدانی ئەدەبی دەگمەن(نایاب، دژەهەمان). ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە، گەر بە نموونە وەرگرین، بێ ئەندازە دابڕاوە لە هزری هزرەڤانان، ئەو هزرە رۆژئاواییەی موڵکی گشت مرۆڤایەتییە. باشە ئەدەب، کە پشتی لە بیرکردنەوە فەلسەفییەکان کرد چی ڕوودەدات؟ بێگومان ئەوە ڕوودەدات، کە لە قۆناغی پێش بەختیار عەلی دا ڕوویداوە. ئەدەبێک، کە دوورەپەرێز بووە لە فەلسەفە، دیوارکەوتووەتە نیوان بیرکردنەوەی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی  فەلسەفییەوە.

ئامادەبوونی فەلسەفە لەناو ئەدەب کارکردنە لەسەر گۆڕینی نیشتیمانی ئەدەب. قڵپکردنەوەی ئەدەب و گۆڕینی ئاقاری. ئەدەب، کە بەهزراوینەکرێت ئەدەبێکی بێ تام و بەتاڵ دەبێت. ئەدەبی بێ تام و بەتاڵ ترسناکە. توانای وتنی نەوتراو و درکپێنەکراوی نییە. ئەو ئەدەبەی لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە دەستی دەبێت لە دروستکردنی جۆرێک لە بیرمەندی، نموونە ساد Sade، کافکا، بۆرخێسBorges، رێلکە ، فلۆبێر Flaubert و ..... .ئەدەبی لەم شێوەیە بە نادیاربوون و پارادۆکس و تەموومژاوییەکانەوە دەیگرێت. ئەم ئەدەبە زمان پەلەکێشی ناوچە یاساغ و بڤەکان دەکات و والە زمان دەکات ئەوە گۆبکات، کە جارێ گۆینەکردووە. هەر لێرەوەش دەگمەنی لەدایکدەبێت.

 

پەتای بیرکردنەوە شیفابوونیشی لەگەڵە

پەتای بە بەختیار عەلیبوون دەبێت تەشەنە بسێنێت، لە گشت شوێنێکمان دا بڵاوببێتەوە، دواجار هیوای ئەوەش بخوازرێت، کە شیفابوون لەم پەتایە هەرگیز نەیەتەدی. ئەم پەتایە گەر بریتیبێت لە خودی بیرکردنەوە، هیوامەندم بیرکردنەوە خۆیبکات بە گشت جێگەیێکماندا. ئەم بەختیار عەلییە هیچ نییە لە بیرکردنەوە زیاتر. بیرکردنەوە ئەمی گەیاندووەتە ئێرە. ئێرەش بەس نییە مادەم بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە دەرمانە و شیفابوونیش لەم دەرمانە ناشێت شیاوبێت. ئەوە بیرکردنەوەیە ڕەهەندی مێژوویی-کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە لەبەرچاودەگرێت و دواتر لە کارێکی رۆماننوسیدا بەرجەستەی دەکات. بۆ ئێمە لێرە هەر بیرکردنەوە براوە نییە، بەڵکو چۆنیەتی بیرکردنەوە، داڕشتنی دێڕ و گوزارە.

بیرکردنەوەی فەلسەفیی و بیرکردنەوەی ئەدەبیی ئێمە پێویستی بەوەیە چەمک بەرهەمبهێنێت. ئەمەش بەرهەمنایەت تا دووچاری پەتای بیرکردنەوە نەبین. فەلسەفە، کە ئاسۆی بیرکردنەوە دەجوڵێنێت، ئەدەب لەناو ئەو جوڵانەوەیە دەژیت. کەواتە، ئەوە بیرکردنەوەی فەلسەفییە گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کاریگەرییان بەرباسدەخات و ئەدەبیش هاوکار دەبێت لە رووبەرووبوونەوەی دژوارییەکانی ژیانی رۆژانەی ناو ئەو جیهانە.

زۆرێک دەپرسن سودی بیرکردنەوە لەناو ئەدەبدا چییە؟ ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن نە لە ئەدەب و نەش لە فەلسەفە حاڵیین. ئەوە ئەدەبە، ئەڵبەتە لەمیانەی فەلسەفەوە، فێری ژیانژیانمان دەکات. گەر کەسەکە بە چاکی لە ووردەکاریەکانی ئەدەب و فەلسەفە حاڵینەبووبێت ناکارێت نە ئەدەب و نەش فەلسەفە وەک ئامرازێک بۆ خۆپارێزی دەروونی و خۆچاکسازی ڕۆحی بەکاربەرێت. چونکە تاریکییەکان تا کۆتا نین. هەروەک ئەوەی، کە رووناکییەکانیش تا کۆتا بەردەوام نیین. ئەو ئەدەبەی لەسەر پایەکانی فەلسەفە دەوەستێت دەتوانیت بەختەوەری، ناخ ئارامی بۆ خوێنەرەکەی بهێنێت. ئەدەب لە دەرەوەی جوگرافیای فەلسەفە نییە. ئەدەب لەگەڵ فەلسەفەدا دەستلەملانە. ئەدەبی تەندروست پشتگیریی فەلسەفە دەکات. فەلسەفەش پیویستی بەم پشتگیرییە هەیە. چونکە هەردوو ئیش لەسەر تەندروستبوونی مرۆڤ دەکەن. لەبەرئەوەی ئەدەب و فەلسەفە لە دڵنەوایی شارەزان دەکرێت بەکارببرێن بۆ شیفابوون لە پەتای بیرنەکردنەوە. ئەم پەتایە لە دەڤەری ئێمە زۆر بەربڵاوە و زیانێکی زۆریشیداوە لە گەشەنەکردنی ئەدەب و فەلسەفە. شیشرۆن Cicero وتەنی ""فەلسەفە، کە پزیشکی راستەقینەی رۆحە""، پێمانوایە ئەدەب زۆرێک لەم پزیشکە ڕۆحییەوە فێردەبێت. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین، کە  چارەسەر بە فەلسەفە و ئەدەب وەک دەرمان باشترین چارەسەرن لە ئێستادا، ئەو ئێستایەی لێوانلێوە لە جەنجاڵی و پەرتی و دابڕان.

 

برسیەتی بۆ رۆمانی لەم جۆرە

زۆرێک لە خوێنەرەکانی بەختیار عەلی لەوە بەئاگانیین کە، گەڕانەوەی ئەمان بۆ کارە ئەدەبییەکانی (شیعر، رۆمان) بەختیار عەلی بۆ ئەو برسیەتییە مەعریفییە دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکە پێانەوەدیارە. برسیەتیەکە پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کارە ئەدەبییەکانی ناوبراو لەسەری دەوەستێت. ئەڵبەتە ئەو وەستانەشە ئەدەبی لەو جۆرە بەرهەمدێنێت، کە تەنیایی ئەمان دەجولێنێت. ئەدەبی لەم شێوەیە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەمکە. لێرەوە هۆنینەوە و داڕشتن فۆرمێکی تر لەخۆدەگرێت. داماوی تاکی کورد، زەلیلی بەدەست هیواکانەوە، شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەوین لە کۆمەڵگەی نوێی کوردی، وێناکردنی مرۆڤی تازەی کورد و پەیامە بەردەوام بۆشەکانی هۆکارن بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی بەختیار عەلی.

خوێنەرەکانی ناوبراو، خۆیان دەزانن بەجۆرێکی کەساس دەژین و ژیانیشیان وێرانە، لێوانلێوە لە برین. برینی ئەمان بێ کۆتایە. چونکە مرۆڤە کەساسەکان پێویستیان بەو هەلومەرجانەیە کەساسی لەناودەبەن. ڕەنگە بەشێک لەو هەلومەرجانە بێ مافی بێت، نایەکسانی بێت، غەدر بێت، یان ڕەنگە هەستی تەنیایی و ئاوارەیی بێت لە زێدی خۆیان. لێرەوە گەڕانەوە بۆ ئەدەبی بەختیار عەلی خۆی بەپێویست دەزانێت. باشە ئەم جۆرە ئەدەبە دەرمانە؟ ڕێگایەکە بۆ شیفابوون لەو مەینەتییە بوونیاویانەی تیایدەژین؟

 

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی

هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی کردە ئەم بەختیار عەلییە. هەرزوو هەژارییە مەعریفییەکەی رۆمانی کوردی بەختیار عەلی پەست و دڵشکاوکرد. ئەمەی ئێستا دەیخوێنیتەوە بەرهەمی ئەو پەستی و دڵشکاویەیە. کەواتە یاخیبوون لەدایکبوو. ئێمە پێویستمان بە زنجیرەیەک لە یاخیبوون هەیە تا چارەسەری هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی بکەن. بۆیشە لای سەرەوە ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد، کە یەک بەختیار عەلی کەمە، لێ خودی بەختیار عەلی زۆرە. کەمە، چونکە بەو هەژارییە مەعریفییەی رۆمانی کوردی ناوێرێت. زۆرە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سەرەتای یاخیبوونێک زەمینەی بۆ سازێنرا.

ئەوەی وترا مەبەست لێی ئەوە نەبوو بمانەوێت خۆبەراووردکردنێک لەنێوان ناوبراو و ئەوی تردا دروستکەین. چونکە خۆبەراووردکردن بەئەویتر کارێکی تەندروست نییە. دۆزێکی ئەوتۆش دێنێتە گۆڕێ، کە کاتەکانت تەنها لە چاودێریکردنی ئەویتردا بەسەربەریت. تۆ ئەو کات خۆتنابینی، بەس ئەویتر دەبینیت، خۆتیش نابیت ئەویتر دەبیت. بوون بە ئەویتر واتە خۆبەراووردکردن. بۆیە چاکترە لە کاتی قسەکردن لە هەژاری مەعریفیی رۆمانی کوردی لە ڕەچەڵەکی ئەو هەژاریە بەووردی حاڵیبین، کە هۆکارە بۆ لەئامێزگرتنی بەختیار عەلی.

 

ئەدەب داڵدەی نەوتراوەکانە

وتنی نەوتراو دەچێتە خانەی ئەو جۆرە وتنانەی شایانی وتنن. وتنی لەم شێوەیە وتنێکە هێشتا نەوتراوە. ئەو وتنەش، کە نەبووەتە وتن براوەی یەکەمە، چونکە ئەزمووننەکراوە. کەوابێت، چۆن ئەدەب بکرێت بە جێگایەک بۆ  پەی پێنەبراوەکان؟ ئەڵبەتە تەنها بە وتنی نەوتراوەکان ئەوە دێتەدی. ئەو وتنانەی هێشتا نەبوونە بە بەشێک لە بیرکردنەوەمان. بەواتەیەکی تر، ئەدەبنووسینی ئێمە تا خۆی وەک 'نوسینەوەی کارەسات" نیشاننەدات ناکارێت نەوتراو بخوڵقێنیت. ئەمە خۆزگەکانی ئەدەبی کوردیش دێنێتەدی. ئەم ئەدەبە بیرکردنەوەیەکە لە شوێنێکی ترەوە دێت، سەرهەڵدەدات. لێ، ئایا ئەمە تەنها ئەرکی بەختیار عەلییە؟ نەخێر (بەپیتی گەورە). هیواکانی ئەدەبی کوردی، گەر بریتی بێت لە جەختکردن لە بوونی خۆی، بەرهەمهێنانی ناسنامەیەک تایبەت بەخۆی، ئەمە دێتەدی، بەو مەرجەی ئەدەبی کوردی خۆی بە بەشێک لە هزرەڤانی بزانێت. هزرەڤانی لە جۆرێکی پوخت و شوێنێک بۆ نەوتراوەکان.

ئەدەبێک مردن ئەزموون نەکات، بە باڵای ئەوینی شکستخوارد و چەپۆکی سێکسا هەڵنەشاخێت، سەروی بێدەنگی نەبێت و تەنهایش نازدار نەکات زۆری ماوە ببێتە ئەدەب. ئەدەبێک گەندەڵی وەک شمەکێکی سیاسی و بەس ببینیت و توێکاری بۆ ئەم گەندەڵییە لەناو ناخ و دەروونی مرۆڤەکاندا نەکات، ئەو ئەدەبە لاپەرێز دەمێنێتەوە. ئەدەبی واش بۆ ئەوەی لە لاپەرێزی خۆی دەربازکات مشەخۆر دەبێت لەسەر وتنەکانی پێشخۆی. ئەمەش بەرەو دیوێکی تری خراپی بیرکردنەوەی لاپەرێزمان دەبات، کە بیر لە ئەویتری خوێنەر ناکاتەوە. ئەویترێک، کە پێویستی بە ئێمەیە. ئەویترێک لە چاوەڕوانی گشت شتە باشەکانە. بۆیە فەرامۆشکردنی ئەویتر لە ئەدەبدا بە زیانی خود، ناسنامەی ئەم خودە دەگەڕێتەوە.

 

پرسی ئەدەب پرسی هێنانەگۆی مەحاڵبووەکانە

لە ئێستادا، لە گشت شوێنێک، لەم جیهانە بچوکەی ئێمەدا ئەگەری مەحاڵبوون impossible لە زیادبووندایە. ئەدەب کە نەیتوانی مەحاڵبووەکان بهێنێتەگۆ لە بەئەدەبوون دەکەوێت. ئەو نەختە فەلسەفەیەی لە دەڤەری ئێمە نەشونمای کردووە تەنها و تەنها سەرقاڵی پرسیارە ئەدەبی و سیاسییە کۆمەڵایەتی و ئاینیە سادەکانە و لەم رووەشەوە شتێکی ئەوتۆی بەرهەمنەهێناوە. واتە فەلسەفە لێرە و ئێستا تەنها سەرقاڵی زانستە مرۆییەکانە و زانستە سروشتییەکانی فەرامۆشکردووە. ئەمەش وایکردووە لەگەڵ مەحاڵبوون دەستلەملان نەبێت. هەر ئەم لایەنە کاردانەوەی خراپی لەسەر ئەدەبیش داناوە.

بێ مانا، نادیار، ناکۆتا و پووچ کە بەشێکن لە مەحاڵەکانمان، کە نەبوونەتە باسی ئەدەبی ئێمە. راستەوخۆنوسینیش لە بواری ئەدەبیماندا زیانێکی زۆریداوە لە بێدەنگبوون لە مەحاڵەکانمان. کەواتە شیاوە بپرسین: لە چ ساتەوەختێکدا ئەدەبی باش (باش بە مانای دەگمەن و نادوبارە) لەدایکدەبیت؟ لەو ساتەوەختەی ئەدەب شانبەشانی فەلسەفە لەناو تاریکی ژیان دەربازماندەکات، فێری پرسیارمان دەکات سەبارەت بە بوونمان. وەکیتر، فەلسەفە و ئەدەب ، کە پێکەوە کاردەکەن، لە دوو لاوە کارمان لەسەر دەکەن: ئەزموونی تێڕامانمان دەوڵەمەنندەکەن و بیرکردنەوەشمان بۆ چەمکگەلێکی وەک خەمۆكی، هاوسەرگیری، بێدەنگی، تەنهایی، و ئەوینداری و خیانەت دەگۆڕن. جا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە چەند ئەزموونی بیرکردنەوەی ئەدەبیی بەختیار عەلی ئەمەی کردووە؟

 

دەرئەنجام: ئەدەبی دەگمەن

سەرهەڵدانی ئەدەب، ئەدەبی نایاب، کارێکی سانا نییە. چونکە ئەم بەشە ئەدەبە بەرپرسیاریەتی هێنانەگۆی تەمومژاویی، بێدەنگیی و بەدفڕیی لە کاری ئەدەبیدا لەئەستۆدەگرێت. بێگومان ئەدەبی نایاب لەوێوە دێتەدونیاوە. بۆیە بەغیلی بە بەختیار عەلی با بەغیلیبێت بە هێزی بیرکردنەوەی ئەو، بەوەی بیرکردنەوە چەند دەکارێت دوور بڕوات و ئاسۆکانیش تێپەڕێنێت.

ئەدەبی دەگمەن ئەو ئەدەبەیە، کە دەربازکەری خودی ئەدەبە لە گرفت و لاوازییەکانی. ئەم جۆرە ئەدەبە، ئەدەبێکە خەریکی گەڕانەوەی شتە لەدەستچوو و ونەکانە. ئەدەبی دەگمەن گفتوگۆ بێکۆتاییەکان دێنێتەگۆڕێ و لەپشت سەرهەڵدانی تێیۆرییە ئەدەبیەکانیشەوە دەبێت. جا ئەدەبی وامان هەیە؟ ئەزموونی ئەدەبی بەختیار عەلی جۆرێکە لەم ئەدەبە؟ گشت ئەوی لایسەرەوە وترا وەک وەڵامێک دەبینم بۆ ئەم دوو پرسیارە.

تێپەڕاندنی بەختیار عەلی شیاوە. لێ بەم کواڵیتێ ئەدەبییەی ئێستا نا. چونکە وتنی سادە، نزیک لە زمانێکی لاواز و سەرپێی، دابڕاو لە هزر ناکارێت ئەدەبی یاخی بەرهەمبهێنێت و نیگەرانییەکانمان، ئەو پارادۆکسانەی تیایدەژین، بکاتە وتن. شانسێک ئەو دەمە لەبەردەم هاتنەدی هیواکانی ئەدەبی کوردییە، کە ئاقاری بیرکردنەوەی ئەدەبنووسی(رۆمان،چیرۆک، شیعر، شانۆ ، ...) ڕوو لە گۆڕانبکات. سەرلەبەرگۆڕینی پرسیاری ئەدەبی، بەو مەرجەی بەهۆیەوە پرسیارە سیاسییە کۆمەڵایەتییە ئاینییەکان بەر تەوژمی ئەو گۆرانەبکەون، شانسەکە بەهێزدەکات. لێرەوە، کەوابێت، ئەوەی مەبەستە گۆڕینی پرسی ئەدەبە. ئەو پرسەی فەلسەفەی کۆنتنێنتاڵ بۆ شەش دەیەک دەبێت سەرقاڵیەتی (هایدیگەر لەسەر هۆڵدرلین، دێریدا لەسەڕ سیلان، فوکۆ لەسەر ئارتۆ، دولۆز لەسەر سینەما، بادیو لەسەر چاخی شاعیران ئاگامبین لەسەر کافکا و....هتد).

هیچ ئەدەبێک بێ لەکەو بێ خەوش نییە. تەنانەت مۆدێلە جیهانییەکانیش (پوشکین، ئێلوار، شکسپیر، ڤالێری، بەیاتی، میشۆMichaux  ،....). لێ پێموایە بەشێک لە خەوشەکانی مۆدێلی بیرکردنەوەی ئەدەبی بەختیار عەلی پەیوەندی بە سێ لایەنەوە هەیە. لایەنی یەکەم بریتییە لە خراپی دۆزی ئەدەبی پێش خۆی (بەتایبەت رۆماننووسین). لایەنی دووەم بریتییە لەو شێوازە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کە رووبەڕووی بیرکردنەوەی ئەدەبی ناوبراو دەبێتەوە، کە ئەمەشیان قوربانی دەستی لایەنی یەکەمە. دوا لایەن پێدەچێت پەیوەندی بە جۆرێک لە شێوازی هۆنینەوەی دێڕ و دەربڕینی ناوبراوەوە هەیە (نوسینیدرێژ، شێوازی داڕشتنی زمانەوانی،.... )، کە ئەوەش وایکردووە بەشێک لە خوێنەرانی پەستکات. لێ کێشەی بەشێک لە خوێنەرانی ناوبراویش ئەوەیە، کە دەخوازن نوسەر بەپێی حەز و شێوازی بیرکردنەوەی ئەوان بنوسێت. کێشەیەکیتری ئەو جۆرە خوێنەرانە ئەوەیە، کە پاشخانی هزرییان نییە و ڕاشهێنراون لەسەر جۆرێک لە نوسین و خوێندنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×