خەڵاتی سۆرانی مامەحەمە بەخشرایە لەیلا گوڤەن، د.چۆمان هەردی و فەریق هەڵەبجەیی
  2019-07-21       973       

خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری بەخشرایە هەریەكە لە لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەپەدە و د.چۆمان هەردی، چالاكوان نوسەرو شاعیر و هەروەها فۆتۆگرافەر فەریق هەڵەبجەیی.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە لە باخچەی ماڵی سندی لە شاری سلێمانی رێوڕەسمی یازدەهەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بەڕێوەچو.

سەرەتای رێوڕەسمەكە بە پێشكەشكردنی چەند وتەیەك بۆ یادهێنانەوەی تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەنوسە دەستی پێكرد.

دەستكرا بە دابەشكردنی خەڵاتەكانی سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری.

موزەیەن گونەش، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی لەیلا گوڤەن خەڵاتەکەی وەرگرت و لەلایەن گەردە مامەحەمە، خوشکی سۆرانی مامەحەمەوە خەڵاتەکەی پێشکەش کرا.

موزەیەن گونەش، لە رێوڕەسمەكەدا دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە وتی"لەیلا گوڤەن دەیویست کە ئامادەی مەراسیمەکە بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چونەدەرەوەی لێ قەدەغەکرداوە نەیتوانی ئامادەبێت."

وتیشی، لەیلا گوڤەن لە ئامادەوە تا سلێمانی سڵاوی بۆ ئێوە نارد و سوپاسی کردن لە بەرامبەر ئەو خەڵاتە پیرۆزەدا.

 

پاشان خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە، بەخشرایە نوسەرو شاعیر و چالاکوان د.چۆمان هەردی، كە لەلایەن رۆژنامەنوس، كەمال رەئوف-ەوە پێشكەشی كرا.

 

چۆمان هەردی، سوپاسی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەكەی کرد و وتی؛ سیستمە چەوسێنەرەکان دەیانەوێت هیوامان بکوژن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کۆڵ نەدەین هیوامان نەبڕن.

 

پاشان خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە لەلایەن رۆژنامەنوس، شوان محەمەد پێشكەش بە فۆتۆگرافەر، فەریق هەڵەبجەیی كرا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×