ئەیوب بارزانی: هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانێکی هێواش هێواشدا تێدەپەڕێت
  2023-07-10       1914       

ئا: ئاوێنە

 

نوسەرو سیاسەتمەدارێکی کورد هۆشداری لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات و لایەنەکان بە هۆکاری لاواز بوونی قەوارەکە دادەنێت و ئەنجامدانی "شۆڕش"یش بە چارەسەری گونجاو دەزانێت بۆ رزگار بوون لە دۆخەکە.

 

ئەیوب بارزانی، سیاسەتمەدار و نووسەری کورد، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "ئەم ئەزموونە هەر لەسەرەتاوە بە هەڵە هاتووە، لەوانە بابەتی پەنجا بە پەنجا و تەزویرات لە هەڵبژاردن، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگەو ئەمنی، دوو سەر (هەردوو سەرکردەی سیاسی بارزانی و تاڵەبانی)، کە لەگەڵ ئەو پەندەیا یەک دەگرێتەوە دوو سەر لە یەک مەنجەڵدا ناکوڵێت، بۆیە لە ئێستادا هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانێکی هێواش هێواشدا تێدەپەڕێت".

ئەیوب بارزانی، سەبارەت بە پشتگیری و رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مانەوە و بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان، رای وایە، لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هیوابوون لە چاکسازی دەسەڵاتی سیاسی و دەڵێت، "هۆکارە دەرەکیەکان لەسەرەتادا پۆزەتیف بوو دەیانەویست هەرێم لە رووی ئابووریەوە گەشە بکات و ئارام بێت، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێ هیوابوون لە چاکسازی سەرکردەکان، گەیشتنە ئەو راستیەی سەرکردایەتی سیاسی وەک ئاغا و میراتگر هەرێم بەڕێوەدەبەن، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەمانە ناگۆڕێن بۆیە وردە وردە سارد بوونەوە".

هەروەها وتیشی: "رێگە گرتن لە سەرۆکی پەرلەمان لە 2015 دا کاریگەری زۆری هەبوو بۆ بێ ئەرزشکردنی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەی کە ئەندامانی پەرلەمان پیاوی خۆیان بوون، بەڵام رێزی ئەوانیشیان نەگرت کە کادری خۆیان بوون".

هەرچەندە وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندین جار هۆشداریان داوەتە حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر خراپی دۆخی هەرێم، بەڵام لە مانگی 6ی ئەمساڵ ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە رۆژنامەنووساندا لە سلێمانی رایگەیاند، "هێشتا هەرێمی کوردستان ستراتیژە و ئەوان هاوبەشمانن".

لە مانگی رابردووش دان بەیکن یاسادانەری کۆمارییەکان بە ماڵپەری هەواڵی میدڵ ئیست ئای راگەیاندبوو، یاسادانەرانی ئەمریکا داوایان کردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێم دابین بکرێت.

سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و کاری راگەیاندن ئەیوب بارزانی پێی وایە، ئازادی سنوردارکراوە و مەودای ئازادی بەرتەسک کراوەتەوە و دەڵێت، "بە گوتار باس لە ئازادی رادەربڕین دەکرێت بەڵام بە کردار وانییە. وایان لە رۆژنامەنووسانی خۆیان کرد کە ببنە سێبەری دەسەڵات و خزمەتی خۆیان بکەن. ئەوەی بە دڵی دەسەڵات نەبێت لەمپەری بۆ دادەنێن، بەو شێوەیە پەروەردەیان کردن کە رۆڵیان هەبێت لە بە مەرجەع کردن و گەورەکردنی سەرۆکەکاندا".

هەرچەندە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕال خاوەن شەرعیەتی یاسایی و دەستوری خۆیەتی، بەڵام بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشەو هێرشی وڵاتانی هەرێمی دەبێتەوە. بە بڕوای ئەیوب بارزانی، ئێران و تورکیا ناڕازی نین لە خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم بە سیستەمەکەیەوە بە دڵی تورکیا و ئێرانە وهیچ نیگەرانییەکیان نییە لە دۆخەکە، لە سایەی ئەم حوکمڕانییەدا هەردوو وڵات بەرژەوەندیەکانی خۆیان مسۆگەرکردووە، ترسیان نییە لەوەی قەوارەی هەرێم ببێتە هیچ. ئێران و تورکیا دەیانەوێت ئەم دۆخە وا بمێنێتەوە تاوەکو چارنوسی سیاسەت و مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بە تەواوەتی روون دەبێتەوە، ئەگەر هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە نەمێنێت ئەوا پەیوەندی و تێڕوانینیان لەگەڵ کورد دەگۆڕێت".

ئێران و تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی و مووشەکی دەکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە پاساوی هەبوونی هێزە چەکدارە کوردەکانی دژ بە وڵاتەکانیان.

هەرچەندە لە گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا چەندین حزبی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەیە و لە رابردووشدا گۆڕان یەکێک بوو لەو هێزە کاریگەرانەی کە وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن توانی 25 کورسی پەرلەمانی بباتەوە، بەڵام بە رای ئەو نووسەرە گۆڕان رۆڵێکی خراپی بینیوە لە بێ هیوابوونی دەنگی خەڵکی ناڕازی و دەڵێت، "هێزی بەدیل هەبوو کە گۆڕان بوو، بەڵام لە نیوەی رێگاکە گەڕایەوە و هەمووشتێکی تێكدا، بزوتنەوەی گۆڕان گورزێکی گەورەی لە پڕۆژەی گۆڕانکاریدا لە هەرێمی کوردستاندا."

پێشی وایە ئەستەمە گۆڕانکاری لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بکرێت و دەڵێت: "بە رەهایی باوەرم وایە کە گۆڕانکاری لەڕێگەی هەڵبژاردنەوەوە ناکرێت لە هەرێم، چونکە بە رەهایی رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناگیرێت، هەر لە جەوهەردا باوەڕیان بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نییە، رێگە نادەن بە رای ئازادی خەڵک، خەڵک لەلای ئەوان مێگەلە و دەبێت گوێڕایەڵ بێت بە درێژایی ئەو 32 ساڵە دیدیان بۆ بابەتەکە نەگۆڕاوە بەتایبەت لە ناوچەکانی بادینان، چونکە دیدی خێڵەکی لە بادینان بەهێزترە، بەڵام لە سلێمانی رەخنە هەیەو دۆخەکە ئازادترە".

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بە پارێزگای دهۆکیشەوە خەڵک بۆ داواکاری مافەکان و خۆشگوزەرانیان چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.

لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئەیووب بارزانی دەشڵێت، تەنها چارەسەر بۆ باشتر بوونی دۆخی هەرێمی کوردستان "شۆڕش"ی مەدەنییە و رایگەیاند: "دەبێت شۆڕشێکی گەورە بکرێت بە پرۆژەیەکی باشەوە، شەقام بجوڵێت لە هەموو هەرێم بەتایبەت لە هەولێر، ئەو چەقبەستوویە نەمێنێت، رێگە نەماوە لەبەردەم خەڵکیدا ئیلا شۆڕش نەبێت، شۆڕشەکە دەبێت شۆڕشی سپی بێت و ئاشتیخوازانە بێت، زۆربەی گەلانی دنیا بەشۆڕش توانیویانە لەم دۆخانە خۆیان رزگار بکەن".

ئەم لێدوانەی ئەیوب بارزانی لەکاتێکدایە سیستمی فەرمانڕەوایەتی هەرێمی کوردستان سیستمێکی پەرلەمانییە و هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە و ئێستاش هەر هەموویان داوا دەکەن هەڵبژاردن بکرێت هەرچەندە ناکۆکن لەسەر شێوازی بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردنەکان.

سەبارەت بە پرسی نەتەوەش ئەو نووسەرە رایگەیاند: "کورد پێویستی بە ستراتیژێکی هاوبەش هەیە، دوور لە دەست تێوه‌ردانی حزبی و هەژموونی وڵاتانی دەرەوە، ئەگەر ئەمە نەکرێت کورد هەمووی دەبێتە دوژمنی یەکتر".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×