سوید بۆ رازیکردنی تورکیا، بەرەنگاری پەکەکەو پەیەدەو یەپەگە دەبێتەوە
  2023-07-11       1598       

ئا: ئاوێنە

کۆبوونەوەی وڵاتانی پەیمانی ناتۆ لەلیتوانیا، یەکێکە لەو روداوە گرنگانەی کە قسەو باسی دەربارەی کورد تیا دەکرێت، تورکیا تیشکی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لەناتۆدا هەڵدەکات‌و سویدیش لەبەرامبەردا بەرەنگاریی پەکەکەو پەیەدەو یەپەگە دەبێتەوە‌و گەمارۆی چەکى سەر تورکیاشى هەڵگرت .

 

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی رۆژی سێشەممە ١١ی تەموز، دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان ئەردۆغان‌و ئۆلف کریستێرسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدو ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ، بڵاوکرایەوە، تورکیا رەزامەندی نواند لەسەر پەیوەستبوونی سوید بەناتۆ.

 

ئەم رێککەوتنە لەئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان هات کە لەلایەن ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆو بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئەنجامدرا. سکرتێری ناتۆ پێش کۆبوونەوەی ئەندامانی ناتۆ، ئەردۆغان‌و ئۆلف کریستێرسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدی کۆکردەوە لەڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا، کە بۆ لوتکەی ناتۆ لەوێ بوون.

 

کۆبونەوەکەی ستۆڵتنبێرگ‌و ئەردۆغان‌و کریستێرسۆن نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندو لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند کە لەسەر ٧ خاڵ رێککەوتون، کە ستۆڵتنبێرگ بە "ڕۆژێکی مێژوویی" ناوبرد.

 

لەگرنگترین ئەو خاڵانەی کە لەم بەیاننامە هاوبەشەدا هاتووەو پەیوەندییان بەکوردەوە هەیە، تورکیاو سوید لەساڵى ڕابردوودا کاریان کردووە بۆ چارەسەرکردنى نیگەرانییە ئەمنییەکانى تورکیا، کە حکومەتى سوید دەستورو یاساکانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەکەکە گۆڕی و گەمارۆی چەکى سەر تورکیاى هەڵگرت .

 

بۆ ئەو مەبەستەش تورکیاو سوید بڕیاریان داوە میکانیزمێک دابمەزرێنن کە ساڵانە جارێک لەسەر ئاستی وەزیران لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دوولایەنە کۆببنەوە. سوید نەخشەڕێگایەک "لەدژی هەموو جۆرەکانی تیرۆرو خۆپیشاندان" بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادانەی کە لەسەری رێککەوتون. هەروەها سوید جەغت لەوە دەکات کە پاڵپشتی لەڕێکخراوەکانی گولەن‌و یەپەگەو پەیەدە ناکات.

 

تورکیا هەردوو پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە"لقی سوریای ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە" دەزانێت‌و پێشبینی دەکات هاوپەیمانەکانی بەو شێوەیە پێناسەیان بکەن.

 

هەروەها لەبەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تورکیا و سوید پێیانوایە "شەڕى تیرۆر درێژخایەنە"و هاوکارى نێوانیان لەدواى پەیوەستبوونى سوید بەردەوام دەبێت. جگە لەوەش جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ناتۆ پێویستە زیاتر "لەبەرامبەر هەموو جۆرەکانی تیرۆر" چالاکتر بێت‌و ڕاشیەنگەیاندوە کە پەیمانی ناتۆ بۆ یەکەمجار لەمێژووی خۆیدا بڕیاری دامەزراندنی پێگەی "ڕێکخەری تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ی داوە، کە تورکیا لەمێژە دەیەوێت کار بەم میکانیزمە بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×