ئایا شێخ نەهرۆ "لەپێناو چاکەی گشتیدا" سلێمانی جێهێشتوە؟!
  2023-07-12       2654       

ئا: ئاوێنە

 

دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی دورکەوتنەوەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە شاری سلێمانی، مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ ڕایگەیاند ئەو "لە پێناو چاکەی گشتیدا" بڕیاریداوە لە سلێمانی دوربکەوێتەوەو تەنیا لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە.

 

مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، "لە ماوەی شەش مانگدا کە کێشەی زۆر گەورە هەبوە لە نێوان یەکێتی و پارتی و ئەو برایانەدا، شێخ نەهرۆ زۆر هەوڵیداوە کە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و نێوەندگیریان بکات، بەڵام هەمو هەوڵەکان سەرکەوتو نەبون. سەرباری ئەوەی کە هەوڵماندا بەینیان چاک بکەین، تاوانباریان کردین. ئەو تاوانبارکردنەش هەموی دور بو لە ڕاستییەوە."

وتیشی"سەرباری هەوڵەکانی شێخ نەهرۆ بەمەبەستی نێوەندگیری نێوان حزبە سیاسییەکان و باشترکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوانبارکراون و تۆمەتیان بۆ دروستکردون، بۆیە شێخ نەهرۆ بڕیاری داوە سلێمانی بەجێبهێڵێت. داوامان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی مەرکەزی کرد کێییە ئەم تاوانانەمان بۆ دروستەکات، بەڵام کەس وەڵامی نەداینەوە."

لە ماوەکانی ڕابردودا، لە پەیجێک بە ناوی"پانۆراما میدیا" چەند ڤیدیۆیەک بڵاوکرانەوە لەسەر یەکێک لە کەسە نزیکەکەنی شێخ نەهرۆ بە ناوی "سەربەست ساڵح" کە لە ڤیدیۆکاندا تۆمەتبار کرابو بە تێوەگلان لە هەبونی پەیوەندی ژێڕ بەژێر لەگەڵ پارتی و تۆمەتی ئەخلاقی و پارەبردن لە شێخ نەهرۆ.

سەرچاوەیەک لە تەکیەی کەسنەزانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە لێدان بو لە کەسایەتی سەربەست ساڵح، چونکە وا بڕیار بو سەرۆکی ئەو ڕەوتە سیاسییە بێت کە بڕیاربو لە ماوەیەکی نزیک ڕایبگەیەنن و مۆڵەتیشی بۆ وەرگیرابو."

وتیشی، "هۆکارێکی تریش ئەوەبو کە کاک سەربەست بەرپرسی کارە بارزگانییەکانی تەریقەت و شێخ نەهرۆیە، بۆیە ویستیان بە هەمو شێوەیەک لە تەریقەت بدەن و شێخیش زۆر نیگەران بو بۆیە دورکەوتۆتەوە."

هەروەها نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە سلێمانی ڕایگەیاند، "سەیری بارودۆخەکەمان کرد کە چاکەو ئیسڵاح لەوەدایە کە دوربکەوینەوە لە سلێمانی، لەبەرئەوەی کەس باسمان نەکات. جەنابیشی وای بەباشزانی کە دوربکەوێتەوە، لەبەرئەوەی نەیتوانی کە خزمەتی خەڵکەکەمان بکات و دەرفەتیان نەدا کە ئاسودەیی بۆ خەڵک بنیاد بنێت."

نوسینگەکەی جەختیکردەوە لەوەی دورکەوتنەوەی ڕێبەری تەریقەتەکە کاریگەری بکاتە سەر چالاکییەکانی لەو شارە. ڕاشیگەیاند، "تەریقەت وەک و جاران بە ئاسایی ئیش و کاری خۆی بەڕێ بکات بێ کێشە. هیچ کەس وەکیل و بەرپرسی تەریقەت نییە بێجگە لە خۆی (شێخ نەهرۆ) نەبێت. خۆی شەخسی سەرپەرشتی تەریقەت لە سەرانسەری جیهان دەکات؛ هەمو دەروێش و کەس و خەلیفەکان وەک و کچ و کوڕو براو خوشکی خۆی سەیردەکات."

دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە، ناوی حزبەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی کە بڕیاربو بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتیشیان بۆ وەرگرتبو بریتیبو لە حزبی ئایندەی ڕوناکی کوردستان. لە ئیستادا ئەندامانی ئەو تەریقەتە ئامادەکاریەکانیان بۆ ڕاگەیاندن و کارە سیاسییەکانیان وەستاندوە.

نوسینگەی شێخ نەهرۆ ڕایگەیاند، "شێخ لە شارە عێراقییەکان و لە ناو جەماوەرە عەرەبەکانیدا درێژە بە کارە سیاسی و ئایینیەکانی دەدات."

سەرچاوەکەی تەکیەی کەس نەزانی پێی وایە بە دەمەوە هاتنی شێخ نەهرۆ چی لە ڕوی دینی و سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست نەبوە، بۆیە چالاکییەکانی بردۆتە شارە عەرەبییەکان.

سەرچاوەکە ڕایگەیاند، "بەدەمەوە نەهاتنی کورد و سەرۆک عەشیرەتەکان و خەڵکی بەگشتی؛ لە بەرامبەردا عەرەب زیاتر بەدەمییەوە دەهاتن و ژمارەیان زۆرتر بو، بۆیە نزیکەی ساڵێک دەبێ شێخ لەمە نیگەرانەو گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی کە لە کوردستان جەماوەری زۆر نابێت و سەرکەوتونابێت. بۆیە لەئێستادا چالاکییە ئایینی و سیاسییەکانی بردۆتە شارە عەرەبییەکان."

ئەو سەرچاوەیە خۆپیشاندانەکەی شوێنکەوتوانی تەریقەتەکەی کە پێنجی ئەم مانگەی لە شاری ڕومادی ئەنجامدرا وەک "یەکەم هەنگاو" ئەژمارکرد.

وتیشی، "لە یەکەم هەنگاویشدا دروشمی دژی گەندەڵی بەرزکرایەوە."

بەگوێرەی سەرچاوەکە بێت، بەدەر لە پرۆژە سیاسی و تەریقەتە دینیەکەی شێخ نەهرۆ، پرۆژە بازرگانییەکانی یەکێکی تر بوە لە کێشەکانی شێخ نەهرۆ لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە هەرێمی کوردستاندا.

سەرچاوەکە وتی، "تەریقەت دەیویست لە هەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکی بازرگانیی هەبێت، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەردولا ڕێگربون. بەدەر لەوەی لە پرۆژە سیاسیەکەش ڕێگر بون و ئێران ڕۆڵی هەبو لەوەی پرۆژە سیاسییەکە فەشەل پێبهێنێت."         

وتیشی"لەگەڵئەوەشدا تەریقەت پڕۆژەیەکی واقیعی و سەردەمیانەی پێ نەبو بۆ هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان یەک بگرێتەوە. زیاتر بە تێڕوانینی عەرەبی کار دەکرا، نەک بە تێڕوانین و دیدگایەکی کوردییەوە."

بەڵام مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ هۆکاری بڕیارەکەی سەرۆکەکەیان تەنیا بۆ دژایەتیکردن و تاوانبارکردنیان گەڕاندەوەو وتی"تەنیا لە پێناو خەڵکی هەرێمی کوردستان کە شێخ پێی وابو ناتوانێت خزمەتیان وەک پێویست بکات ئەمانە ڕویانداوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×