رەوتەکەی ئەدهەم بارزانی: چەقی قورسایی سیاسیمان سلێمانی‌و کەرکوک دەبێت
  2023-07-14       1850       

ئا: ئاوێنە

 

وتەبێژی جوڵانەوە سیاسییەکەی ئەدهەم بارزانی ڕایدەگەیەنێت، هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتو دەکەن یاخود نا. دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێت لە هەمو هەرێمی کوردستاندا ڕێکخستنی سیاسی دروست بکەن بە ناوچەکانی بادینانیشەوە، بەڵام چەقی کارەکانیان لە سلێمانی و کەرکوک دەبێت.

 

وریا سەعید ڕەواندزی، وتەبێژی ڕەوتە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بارەگامان لە زۆر شوێن دەبێت، بە ناوچەی بادینانیشەوە. لە ئێستادا ڕێکخراوەکانمان لە هەندێ ناوچەدا دەستیان بەکارەکانیان کردوە، بەڵام چەقی قورسایی سیاسیمان سلێمانی و کەرکوک دەبێت."

وتیشی"گفتوگۆمان لەبارەی هەڵبژاردنەوە کردوە، کە ئایە بەشدار بین یاخود نا، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە، چونکە دەبێت قەبارەت خۆمان بزانین؛ دوەم ئایە دەتوانین داخوازی خەڵك لە ڕەوتە سیاسیەکەمان جێبەجێ بکەین؟ بۆیە تا ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە لەسەر ئەو بابەتە و لە کۆبونەوەکانی داهاتو بڕیاری لەسەر دەدەین."

جوڵانەوە سیاسیەکەی ئەدهەم بارزانی ناوی هێڵی سێیەمە. دامەزرێنەرانی دەڵێن ئامانجیان ئەوەیە جیاواز لە حزبە دەستەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستای هەرێم کار بکەن.

وریا سەعید وتی"ئامانجمان لە هێڵی سێیەم ئەوەیە ئێمە نە بەشێکین لەو حزب و ڕێکخراوانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان هەیە لە هەرێمی کورستان، نە بەشێکین لەو معارەزەیەی هەیە. ئێمە پرۆژەیەکی سیاسیمان هەیە بۆ چارەسەر کردنی کێشە سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیانەی بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان گرتوە لە ئەنجامی سیاسەتی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ڕابردوی کە نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن."

بەشێک لە چاودێران لە هەرێمی کوردستاندا پێشتر تۆمەتی ئەوەیان ئاراستەی ئەدهەم بارزانی کردوە کە گوایە لە ژێر ئەجێندای ئێراندا کار دەکات و لە تارانەوە پشتگیری دەکرێت.

بەڵام وتەبێژی هێڵی سێیەم ئەوەی رەتكردەوەو وتی، ڕەوتەکەیان تەواو سەربەخۆیە. وتیشی"سیاسەتێکی ڕون و ئاشکرامان هەیە. لە هەمانکاتدا ئامادەین گفتوگۆ بکەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیەن هەیە لە هەرێمدا. ئەگەر هەر پەیوەندیەکمان هەبێت بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێم لەبەر چاو دەگرین."

پەیوەندی ئەدهەم بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەستەڵاتدار یەکێکی ترە لە پرسە سەرەکیەکانی پەیوەست بەم جوڵانەوەیە.

پێشتر لە 11ی مانگی یازدەی 2022، ئەدهەم بارزانی ڕایگەیاند، بەرپرسی پاسەوانەکانی بەناوی فەرید عەبدولعەزیز بازی لە ناوچەوی بارزان لەلایەن ئاسایشەوە ڕفێندراوە. دوای چەند مانگێک و لە 18ی مانگی چواری 2023 ئەو بەرپرسە ئازادکرا.

لەمبارەوە وتەبێژی هێڵی سێیەم وتی"ئێمە زانیاریمان نییە کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە کاک ئەدهەم کرابێت، تەنها ئەوە نەبێ کە لەم دواییە بەرپرسی پاسەوانەکانی گیرابو، ئەوەش دوای چەند مانگێک مانەوە لە زیندان ئازاد کرا، بەڵام ماوەی ساڵێکە ئەدهەم بارزانی لە ئێرانە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان."

هەروەها وتیشی"ئێمە وەک ڕەوتی سێیەم، دژایەتیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە؛ وە سیاسەت بە ڕق و کینەش ناکرێت. بەرنامەیەکی سیاسیمان هەیە. لەسەر ئەو بنەمایەش توانیومانە کۆمەڵێک خەڵکی سیاسی و ڕۆشنبیر لە ناوە و دەرەوە لە دەوری بەرنامەکەمان کۆ بکەینەوە."

سەرەڕای لێدوانەکەی وریا سەعید سەبارەت بە پشتیوانی کۆمەڵێک "کەسی ناسراو لە نوخبە و ڕۆشنبیر و سیاسی"، بەڵام ئەو ئامادە نەبو ناوەکانیان ئاشکرابکات و تەنها وتی، "لە داهاتودا بڵاوی دەکەینەوەو ئێستا با بمێنێت."

لە هەرێمی کوردستان چەندین حزب بونیان هەیە، کە بەشیکیان لە دەسەڵاتن و بەشەکەی تریشیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی دەسەڵاتن.

وتەبێژەکەی "هێڵی سێیەم" وتیشی، لە ماوەیەکی "زۆر نزیکدا" چالاکیەکانیان لە دیدار و کۆڕ و کۆبونەوە دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاشنابکەن.

ئەدهەم بارزانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابۆتەوە و دوایەمین بەرپرسیارێتیشی لەناو پارتیدا ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە بو. پێشتر هۆکاری وازهێنانی لە پارتی گەڕاندەوە بۆ ناڕازیبونی لە حزبەکەی و گوێنەگرتن لە داواکاریەکانی بۆ "چاکسازی".

وریا ڕەواندزی وتی"کاک ئەدهەم وەک مرۆڤیکی ڕیفۆرمخواز کۆمەڵێک پێشنیاری خستوەتە بەردەم سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی داوای لێکردون ڕیفۆرم بکرێت لە بەرنامەی حکومەت و هەروەها لە سیاسەتی ناوخۆی حزبەکە. دوای ئەوەی بێ هیوا بو، ئیتر لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵک لە هەوڵی هێڵی سێیەمە. ئێستا سەرپەرسشتیاری ‌هێڵی سێیەمە، تەنانەت ئامادەیە لەو ڕەوتەدا وەک کادرێک بێت بێ ئەوەی بەرپرسیارێتیەک وەرگرێت."

بەو پێیەی ئەدهەم بارزانی ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە بو لە شاری سلێمانی، لە پرسیاری ئایە لە ماوەی بەرپرسیارێتی ئەدهەم بارزانی لە ناو پارتی و بە تایبەتیش لە سلێمانی چی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کردوە؟

وریە سەعید وتی"کاک ئەدهەم ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بوە، سیاسەتی پارتی جێبەجێ کردوە، ئەویش ناڕازی بوە بۆیە بڕیاریداوە هێڵی سێیەم ڕابگەیەنێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×