نوسینگەی راگەیاندنی فاروقی مەلا مستەفا وەڵامی وتەکانی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەداتەوەو دهڵێت "لەسەر ئەو بوختان و سوکایەتیانەی کردویەتی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین و دەیبەینە دادگا".
ئاوێنه: نوسینگەی راگەیاندنی فاروق هۆڵدینگ رونکردنەوەیەکی لەسەر وتەکانی غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی گۆڕان بڵاوکردەوە، کە فاروقی مەلا مستەفای بەداگیرکردنی ٧٩ دۆنم زەوی لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی بۆ دانانی سیستەمی ریسایکلین تۆمەتبار کردبو، راشیگەیاندبو "دەبێت فاروقی مەلا مستەفا بخرێتە زیندانەوە".
نوسینگەی راگەیاندنی فاروق ئاماژهی بهوه كردوه، ھاوڵاتییانو ڕای گشتی ئاگاداردەکەینەوە کە تەواوی زانیارییەکانی غالب محەمەد، دەربارەی پرۆژەی ریسایکلینی تانجەرۆ لەسلێمانی لەبارەی ھەڵوێست و بەرپرسیارێتی فاروق ھۆڵدینگ و شەخسی فاروقی مەلا مستەفا لەو پرۆژە ھاوبەشەدا ناڕاستو ھەڵبەستراونو ناوبراو یەکەمجاری نییە کە ھەوڵ دەدات لەسومعەو گەورەیی فاروق ھۆڵدینگو خاوەنەکەی کەم بکاتەوە کە ھەرگیز سەرکەوتو نابێت".
نوسینگەکە دەشڵێت "لەئێستادا پرۆژەکە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێتو بڕیارە لەمانگی چواری ساڵی ٢٠٢٠ تەواو ببێتو تەنانەت راکێشانی جادەو کارەباو خەدەمات بەشێکی لەسەر ئەرکی کاک فاروق مەلا مستەفا جێبەجێ دەکرێت. چونکە حکومەتی ھەرێم نەیتوانی بە تەنھا ئەو کارە بکات".
غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاندبوو" فاروقی مەلا مستەفا ٧٩ دۆنم زەوی وەرگرتووە بۆ پڕۆژەی ریسایکلینی سلێمانی و لە ئێستاشدا تەلبەندی کردوە و داگیریشیکردوە و ناشهێڵیت ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت و کەسیش ناوێرێت لێپرسینەوە لەگەڵ بکات، چونکە ناوبراو پشتگیری دەکرێت لەلایەن حزبێکی دیاری کراوەوە".