"پیلانگێڕییەک لەسەر شێروان شێروانی"
  2023-07-16       1872       

ئا: ئاوێنە

 

پارێزەری زیندانیانی بادینان ئاشکرای دەکات، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە “شێروان شێروانی هەڕەشەی لە بەرپرسی زیندانی چاکسازیی کردووە”، بە قسەی خۆیان، شایەتیشیان بۆی پەیدا کردووە، سکاڵاکارەکەش ئەفسەرێکی هێزەکانی زێرەڤانییە، دەیانەوێت جارێکیتر سزای بدەنەوە.

 

ڕۆژی ١٣ـی تەموز دادگایی کردنی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی بە تۆمەتی پەنجەمۆرکردن لەبری ھاوڕێکانی بۆ ٢٠ـی ئەم مانگە دواخرا، ھۆکاری داواخستنەکەش گەڕێندرایەوە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی تایبەتی دادگاکە ئامادەنەبووە، لەمبارەیەوە کامەران سارمەمی، ئەندامی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز باس لە پیلانێکی داڕێژراو دەکات بۆ دووبارە سزادانی شێروان شێروانی.

کامەران سارمەمی ئاشکرای دەکات "لەدانیشتنی یەکەمدا داواکاری گشتی ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، داوای مۆڵەتی کردبوو چونکە کەیسەکەی ئامادە نەکرابوو، لە بەر ئەوە دانیشتنەکە دواخرا بۆ ٢٠ـی ئەم مانگە، بە پێی ئەو ئەزموونەی هەمانە، لە بەر ئەوەی هیچ تاوانێکی نییە، شێروان شێروانی کەیسەکە دەباتەوە، چوونکە لە  بنەڕەتدا بڕیارەکان لە دژی شێروان شێروانی سیاسین، نەدەبوو زیندانی چاکسازی گەوران ئەو کەیسە بجوڵێنێت، ئەگەر پێداگری لە سەر دادگایی کردن و سزادانی شێروان بکەنەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕایگشتی دەیخەینەڕوو".

ئەو پارێزەرە باسی لە پیلانێکی دیکە کرد کە بۆ سزادانی شێروان شێروانی ئامادە کراوە و وتی: بە تۆمەتی ئەوەی گوایە “شێروان هەڕەشەی لە بەرپرسی زیندانی چاکسازیی کردووە”، بە قسەی خۆیان، شایەتیشیان بۆی پەیدا کردووە، گومان دەکەین لە سەر ئەو کەیسە دروستکراوە سزای دیکە بدرێت، تەنها وتەی لێ وەرگیراوە، هێشتا ڕەوانەی دادگا نەکراوە بۆ ئەوەی کاتی دانیشتنەکەی دیاری بکرێت، ئەوەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە، ئەفسەرێکی هێزەکانی زێرەڤانییە، ئەوەی هەستمان پێکردووە، دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات شێروان شێروانی لە زیندان ئازاد نەبێت، ئەمەش ترسی دەسەڵاتە لە بوێری ئازایەتی شێروان.

لە ١٦ـی شوباتى ساڵی ٢٠٢١ دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر پێنج لە گیراوانی بادیناندا سەپاند، دواتر بەبڕیارێکی سەرۆکی هەرێم سزاکەیان بە ڕێژەی لە ٦٠٪ کەمکرایەوە جگە لە شێروان شێروانی، کە لە ٥٠٪ بۆی کەمکرایەوە، لە ئێستادا تەنها شێروان شێروانی و گوهدار زێباری لە زینداندا ماون، ئەگەر سزاکەی گوهدار زێباری درێژ نەکرێتەوە مانگی ئابی ئەمساڵ ئەویش ئازاد دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×