لەسەر هێرشكردنە سەر كۆمپانیایەكی نەوت، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی نزیل لەشێخ نەهرۆ دەرچو
  2023-07-18       1606       

ئا: ئاوێنە

 

بە تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە "خۆبەخشەکەی گەرمیان" بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی نەوتی، دادگای خورماتوی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەربەست ساڵح، بەرپرسی ئابوری تەریقەتی کەسنەزانی دەرکرد، بەڵام ناوبراو تۆمەتەکە ڕەتدەکاتەوە.

 

بەپێی بڕیاری ژمارە 1332ی دادگای خورماتو کە لە ڕۆژی 9ی مانگی حەوتی 2023 دەرچوە و واژۆی دادوەر نوح جوامێری لەسەرە، بڕیاری دەستگیرکردن دەرچوە بۆ سەربەست ساڵح کە پێشتر وا بڕیاربو سەرۆکی ڕەوتە سیاسییەکەی تەریقەتی کەسنەزانی بێت.

دەنگی ئەمەریکا کۆپییەکی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی دەستکەوتوە کە لەسەر سکاڵای کۆمپانیای فرۆشگای نێودەوڵەتی بۆ خزمەتگوزاری نەوت دەرچوە.

لوئەی مونعم، نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ڕۆژی 16ی مانگی شەشی 2023 لە کاتژمێر 6ی ئێوارە، هێزێکی 26 کەسی کە چوار ئۆتۆمبێلیان پێبو بە چەکی سوک و مام ناوەندییەوە هاتنە سەر کۆمپانیاکەمان لە نێوان قەزای خورماتو و ناحیەی زنانە. هاتنی هێزەکە بە کامێرا تۆمارکراوە."

بڕیاری دەستگیرکردنەکە بەپێی مادەی 430یە لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە هەڕەشەکردنی ڕاستەوخۆ یاخود هەڕەشەکردن لە ڕێگەی خەڵکی ترەوە.

بەڵام سەربەست ساڵح بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بێ ئاگایی خۆی لە دەرچونی بڕیاری گرتن بۆی نیشاندەدات.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تۆمەتبارکردنم ئەسڵ و ئەساسی نییە."

کۆمپانیا نەوتییەکە شوێنی کارکردنی لە سنوری ناحیەی زنانەی سەربە قەزای خورماتوەو کاری پاڵاوتنی گازو ڕۆن و ناردنییەتی بۆ ناوچەکانی هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق.

لوئەی مونعم وتی، "هێزەکە پێیانوتین، 'بە فەرمانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەبێت کۆمپانیاکە دابخەن.' وتمان، 'شێخ نەهرۆ کێ یە؟ چونکە نایناسین و هیچ مامەڵەیەکمان لەگەڵی نییە. ئەوان وتیان، 'فەرمانمان پێکراوە.' هەندێک لەو چەکدارانەمان ناسییەوە و پێشتر شۆفێر بون و چەکداری کرێ گرتەن."

ئەو هێزەی تۆمەتبار دەکرێن بە هەڵکوتانە سەر کۆمپانیا نەوتییەکە بە "فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان" ناسراون. مێژوی دروستبونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش و لە نزیکەی 40 چەکداری گەنج پێکهاتون.

لوئەی مونعم وتی"چەکدارەکان 16 کاتژمێر کۆمپانیاکەیان داخست و فەرمانبەرەکانیان دەستبەسەرکرد و نەیانهێشت کەس لە کۆمپانیاکە دەربچێت. دواتر پەیوەندیمان بە سکرتێری شێخ نەهرۆ کەسنەزانییەوە کرد و سکرتێرەکە وتی، 'فەرمانمان پێکراوە بۆ داخستنی کۆمپانیاکە، چونکە کۆمپانیاکە پەیوەندی بە کەسێکەوە هەیە بە ناوی قوسەی.' وتمان، 'ئەم کارە شیاو نییە و مافیاگەرییە. سکرتێرەکە فەرمانیدا واز لە فەرمانبەرەکان بهێنرێت بەڵام کۆمپانیاکە دابخرێت. دواتر ئێمەش لە دادگای خورماتو سکاڵامان تۆمارکرد و فەرمانی گرتن بۆ هێزەکە دەرچو."

سەبارەت بە ناسنامەی قوسەی ئەحمەد کە بەوتەی لوئەی مونعم سکرتێری شێخ نەهرۆ کردویەتی بە بیانو بۆ داخستنی کۆمپانیا نەوتییەکە، لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە وتی، "ئەوان دەڵێن قوسەی وەکیلی خێزانی شێخ نەهرۆیە. ئێمە ئەمە نازانین. کۆمپانیاکە هی 10 پشکدارەو قوسەی یەکێکە لەوانە. قوسەی دو ساڵە لەگەڵمانە و 20%ی کۆمپانیاکە هی ئەوە. نازانین سەربە کێیە."

دوێنێ دوشەممە، هێزێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە باخێکدا لە نزیک ناحیەی ڕزگاری گەرمیان هێرشی کردە سەر هێزە خۆبەخشەکە و لە ئەنجامدا ڕوبەڕوبونەوە ڕویدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا چەکدارێک کوژراوە و دو چەکداری تریش برینداربون و هەروەها دو كارمەندی ئاسایش برینداربون. هەروەها چەند ئەندامێکی تری هێزەکەش دەستگیرکراون کە لەلایەن ئاسایشەوە تۆمەتبار دەکرێن بە هەڕەشەکردن و سەرانەوەرگرتن.

لوئەی مونعم نوێنەری یاسایی کۆمپانیا نەوتییەکە، وتی"لە مانگی 6ەوەو بەهۆی هێرشی چەکدارەکانەوە ئیش و کارەکانمان ڕاگرتوە. سێ ڕۆژە کارمان دەستپێکردوەتەوە. چەکدارەکان سێ ڕۆژ لەمەوبەر دیسانەوە هاتنە سەرمان و پێشمەرگە ڕێی لێگرتن. ئەوان چەکیان بە ڕوی پێشمەرگەشدا بەرزکردەوە و مامەڵەیان زۆر ناشیرین بو."

بەپێی وتەی پلەدارێکی ئەمنی بۆ دەنگی ئەمەریکا، کاتێک هێزەکە بەرەو ناوچەی زنانە رۆیشتون بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکە، هێزەکانی ئاسایش داوای ناسنامەیان لێکردون، بەڵام ئەوان ناسنامەیان پێنەداون و وتویانە ئەوانیش هێزێکن هاوشێوەی ئاسایش.

کۆمپانیا نەوتییەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، گرتەی ڤیدیۆیی ڕۆیشتنی هێزەکەیان بۆ سەریان داوەتە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

هێزە خۆبەخشەکە پێشتر بەردەوام چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردۆتەوە و لە چەندین ڤیدیۆشدا دیمەنی سەردانیان بۆ لای بەرپرسە حزبی و سەربازییەکانی یەکێتی بڵاوکردۆتەوە.

دوای هێرشکردنە سەریان لەلایەن ئاسایشەوە، لە ئەکاونتێکی فەیسبوک کە بەناوی دارا عەتا، بەرپرسی هێزەکەوە دانراوەو راستی و دروستی خاوەندارێتی ئەکاونتەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتراستنەکرایەوە، ڕاگەیەنراوە، "ئێمە سەرانەمان لەکەس نەسەندوەو سەربە لیوا ئەیوبی فەرماندەی لیواکانی کۆسرەت رەسوڵین، بەشێکیشمان کارمەندی کۆمپانیای شێخ نەهرۆ کەسنەزانین و هیچ کارێکی نایاسییمان ئەنجام نەداوە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە لیوا ئەیوب فەرماندەی لیواکانی کۆسرەت ڕەسوڵەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×