"پیلانێکی مەترسیدار دژی زیندانی‌‌و ئازادکراوانی بادینان له‌ئارادایه‌"
  2023-07-22       1185       

ئا: ئاوێنە

 

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا نوێنەری زیندانیانی بادینان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ "پیلانێکی مەترسیدار بۆ تەسفیەکردنی (تیرۆری بایلۆجی) دژی زیندانی‌‌و ئازادکراوانی بادینان بەتایبەتی دژی‌ شێروان شێروانی له‌ئارادایه‌. هاوكات داوای‌ ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندانی‌ سه‌رتاسه‌ری‌‌و ده‌ربڕینی‌ هه‌ڵوێست له‌سه‌رۆك‌و به‌رپرسانی‌ باڵای‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كات.

هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەی ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادیناندا هاتوە "بەداخەوە پیلانێکی مونەزەمی قرێژی - مەترسیدار ھەیە دژی زیندانی و ئازادکراوەکانی بادینان بە تایبەتی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی کە مانەوەی لە چاکسازی گەورانی ھەولێر مەترسی تەسفیەکردنی بە "تیرۆری بایلۆجی" ھەیە (لەنێو زیندانیش سیخور بۆ چاودێریکردنی دانراوە) و پێویستە بۆ سەلامەتی گیانی لە زووترین کاتدا بۆ چاکسازی سلێمانی بگوازرێتەوە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی".

 

ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


بۆ/ ڕای گشتی

بۆ/ لایەنە پەیوەندیدارەکان

پێویستە مەسرور بارزانی دەستهەڵگرێ لەم بڕیارە تاکڕەوانەی و چەمینەوە لەبەردەم ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە شکاندنی غروری نەبینێت، چونکە ئەم بڕیارانە مەترسین بۆ سەر تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایە و سومعەی ھەرێمی لە رووی دەرەوە بەتەواوەتی ناشیرین کراوە.

- داوا لە گۆڕان و یەکێتی دەکەین لەم حکومەتە پۆلیسییە ماوەبەسەرچوە بکشێنەوە.

- داواکارین ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئاستی سەرۆک حزب و سەرکردایەتی بێنە سەر جاددە.

بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە لەژێر سیاسەتی کابینەی نۆیەم بە عەقلیەتێکی دۆگماتیکی و پۆلیسی ماوەی سێ ساڵە دوور لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا، پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان چ زوڵم و پێشلێکاری یاسایی و مافی مرۆڤ بەرامبەر رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکرێت و لەژێر حوکمی دادگایەکی کارتۆنی- حزبی سزادراون و سزادەدرێن.

بەداخەوە پیلانێکی مونەزەمی قرێژی - مەترسیدار ھەیە دژی زیندانی و ئازادکراوەکانی بادینان بە تایبەتی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی کە مانەوەی لە چاکسازی گەورانی ھەولێر مەترسی تەسفیەکردنی بە "تیرۆری بایلۆجی" ھەیە (لەنێو زیندانیش سیخور بۆ چاودێریکردنی دانراوە) و پێویستە بۆ سەلامەتی گیانی لە زووترین کاتدا بۆ چاکسازی سلێمانی بگوازرێتەوە کە مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیەتی.

- دوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چینی نۆخبە و رێکخراوە مەدەنیەکان و لایەنە سیاسیەکان دەکەین لە ھەموو شارو شارۆچکەکانی ھەرێم و رەوەندی کوردی لە دەرەوە خۆپێشاندانی سەرتاسەری ئەنجامبدەن، بە تایبەتی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرباری پاڵپشتی میدییان بۆ ئەم دۆسیەیە داواکارین لە سەرئاستی سەرۆک حزب و سەرکردایەتیان لە ئۆفیسەکانیان بێنە دەرەوە و بە کردار و لە مەیدان بەشداری خۆپێشاندانەکان ببن.

- داوکارین دوو ھێزە پێکھێنەرە سەرەکیەکەی کابینەی نۆیەم بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کە بە بەیاننامە دژایەتی خۆیان بۆ سزادانی زیندانیانی بادینان ڕاگەیاندوە، بە کرداریش وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و بۆ مێژوو لەم کابینەیە پۆلیسیە خۆسەپێنە بکشێنەوە و نەبن بەشێک لە مانەوەی ئەم مۆدێلە سیاسییە تاکڕەوە.

- پێویستە دەسەڵاتی دادوەری رۆڵی (عەواد بەندەرەکانی) سەردەمی بەعس نەگێڕن و چیتر نەچنە ژێر ئەمری حزبی، دەستبەجێ زیندانیانی بادینان ئازادبکرێن، چونکە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ مەرسومی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ کەمکردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاکەیان و لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەما دادگاییەکانی سزا (اصول محاكمات الجزائیه‌)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرگی) ماددەی ٣٣١، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بوە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون.

دۆسیەی زیندانی بادینان و شێروان شێروانی تەنیا پرسی شار و کەسێک نیە، بەڵکو پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی بێنە سەرخەت، مەسرور بارزانی دەستهەڵگرێت لەم مۆدێلی حوکمرانیەی، چونکە مەترسیە بۆ سەر تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایە و سومعەی ھەرێمی ناشیرین کردوە و ھاوپەیمانان و وڵاتە دۆست و پشتیوانانی کوردی نیگەران کردوە.

داواکارین ڕای گشتی کوردستان، میدیا، داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، لایەنەکان، پەرلەمانتاران، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و بەغداد (کونسۆلخانەو بالیۆزخانە) و رێکخراوە جیھانیەکان ھەلوێستی جدی وەرگرن، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیمۆکراسی و ئازادی ڕادەربرین و ناشیرینکردنی سومعەی ھەرێمەکەمان و لە ئاییندەدا ھەموو لایەک باجەکەی دەدات.

ئەیھان سەعید
نوێنەری زیندانیانی بادینان
٢٢ی ٧ی ٢٠٢٣

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×