رازی دوا وەسیەتنامەی میلان کوندێراو گێڕانەوەی ژیانی نهێنی خۆی
  2023-07-24       1248       

ئا: ئاوێنە

 

تەرمی میلان کوندێرا لەشوێنێکدا کە هەرگیز بەئاشکرا ڕانەگەیەندرابوو، لەخەڵوەتی تایبەتیترین کۆبونەوەدا سوتێنرا، ئێستا ئیتر کۆندێرا تەنها بیرکردنەوەکانی لەدوتوێی وشەو رستەکانی کتێبەکانیدازیندوە.

 

هەواڵی کۆچی دوایی ئەم نوسەرە گەورە فەرەنسی - چیکیە لە ٢٠ی تەمموزدا هەواڵی یەکەمی میدیاکانی جیهاندا بوو، بەڵام ئەم پیاوە تەمەن ٩٤ ساڵە وەسیەتی کردبوو کە رێورەسمی گشتی بۆ بەخاک سپاردنی تەرمەکەی ئەنجام نەدرێت.

تەنها وتبوی کە لەڕێورەسمی زۆر تایبەتی سوتاندنی تەرمەکەیدا، ئاوازێکی لیۆش یاناچێک، ئاوازدانەری بەناوبانگی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم‌و سەرەتای سەدەی بیستەمی جێک پەخش بکرێت، کە لەلایەن "لودۆڤیچ کوندێرا"ی باوکیەوە بەپیانۆ ژەنراوە.

 

دوایین ڕێزی کوڕ بۆ باوکی

کوندێرا کە هیچ منداڵێکی نەبوو، تا دوا ساتی ژیانی یادەوەری دایک‌و باوکی بەزیندووی هێشتەوەو خوازیار بو ئەم یادەوەرییە لە کاتی سووتاندنی تەرمەکەیدا ئامادە بێت.

لە ڕاستیدا یادەوەری دایک و باوک، بەتایبەت یادەوەری باوک، بەشێک بوو لەهەمان نیشتیمانی ڕۆحی کە لەگەڵ هاوسەرە چیکییەکەی "ڤێرا" لەگەڵ خۆیدا بۆ غوربەت‌و دەربەدەری فەرەنسا هێنابوی.

لەدەربەدەریدا، هەرچی کات تێدەپەڕی، کوندێرا لەزمان‌و کولتوری فەرەنسیدا نقوم دە بو، یادەوەرییەکانی پەیوەست بەچیک لەهزرو ئەندێشەی ئەودا دوردەکەوتنەوە، بەڵام دەنگی پیانۆی باوکی شتێک نەبوو کە بتوانێت لەبیری بکات.

ئەوانەی سەردانی یەکەم شوقەی کوندێراو هاوسەرەکەییان کردوە لەناوچەی مۆنتپارناس لەپاریس، ئەو سێ وێنەیەیان لەبیرە کە نوسەر لەسەر مێزەکەی داینابون.

یەکێک لەوانە، وێنەی نوسەری نەمسایی "هێرمان بروش" بو، کە لەدیدی ڕەخنەگرانی ئەدەبی و لەسەر بنەمای قوتابخانەی دەرونی فرۆید، بە"سەرمەشقی ئەخلاق"ی ئەدەبی میلان کوندێرا دادەنرێت.

یەکێکی تریان، وێنەی هەمان ئاوازدانەری چیک بوو، لیۆش جاناسێک‌و دواهەمینیان وێنەی باوکی بو. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کوندێرا ویستویەتی یادەوەری باوکە هونەرمەندەکەی تەنانەت لە کاتی نووسینیشدا زیندوو بێت.

باوکی کوندێرا لەساڵی ١٩٧١ کۆچی دوایی کرد کە هێشتا زێدی خۆی بەجێنەهێشتبوو. لودۆڤیچ کوندێرا مامۆستای هونەرە جوانەکان‌و سەرۆکی ئەکادیمیایەکی موزیک بو لەشاری بڕنۆ، کە شوێنی لەدایکبوونی میلانۆیە.

هەروەها لودۆڤیچ کوندێرا خوێندکارو یاریدەدەری لیۆش یاناچێک بوو: "باوکم پیانۆژەن بو، پێموایە پیانۆژەنێکی دەگمەن‌و گەورە بووە".

بەڵام کوندێرا ڕایگەیاندبو کە گومانی هەیە هەموان بەهەمانشێوە بیر لەباوکی بکەنەوە، چونکە بەبۆچوونی ئەو باوکی توشی بەدبەختی بوە: "باوکم بەدبەخت بو، چونکە خۆی بۆ موزیکی مۆدێرن‌و سەردەمی خۆی تەرخان کرد".

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کە لۆدۆڤیچ کوندێرا تێیدا دەژیا، نەریتی مۆسیقا زۆر بەهێز بو، مۆسیقای مۆدێرن زۆر پێشوازی لێ نەکرا.

بەڵام بەبێ گوێدانە بێ بایەخی خەڵک بەهونەری باوکی کوندێرا، وەک ئەم نووسەرە خۆی دەیگوت "پیشە‌و مەیلی هونەری باوک جۆرێک لە"سەرسامی" لە کوڕەکەیدا دروست کردبو".

ئەم سەرسامییە هەم خۆشەویستی بو بۆ کەسایەتی باوک‌و هەم خۆشەویستی بو بۆ هونەری مۆدێرن: "هەمان ئەو هونەرە سەختەی کە باوکم لەهۆڵێکدا نمایشی دەکرد کە چۆڵ‌و هۆڵ بو، هەمان ئەو هونەرەی کە دژی ئاڕاستەی هونەری ئەو سەردەم‌و رۆژە بو".

لەڕاستیدا خۆشەویستی بۆ هونەرو ئەدەبی مۆدێرن، گەورەترین سەرمایە بو کە میلان کوندێرا لەباوکیەوە بەمیرات بۆی مایەوەو ئەم نوسەرە ویستی تا کۆتایی تەمەنی‌و تەنانەت تا کاتی سوتانی تەرمەکەش، ڕێز لەم میراتە بگرێت.

جگە لەوەش، دایکی کوندێرا ژنێکی هونەرمەندو ڕۆشنبیر بووە. میلادا ١٣ ساڵ پاش کۆچی دوایی لۆدۆڤیچ، لەساڵی ١٩٨٤ ئەو کاتە کە کوڕەکەی ئیتر ببو بەهاوڵاتییەکی فەرەنسی، لەچیک کۆچی دوایی کرد.

هەروەها میلادا لەتەمەنی گەنجیدا لەئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی برنۆ کاری کردووەو هەر لەوێش لۆدۆڤیچ، هاوسەری داهاتووی‌ خۆی‌و باوکی داهاتووی میلانۆی ناسیوە.

کوندێرا کاتێک کە دایکی کۆچی دوایی کرد، وتی "مردنی دایکم، بچڕانی دوا تاڵە دەزوو بوو کە منی بەزێدی پێشوومەوە دەبەستەوە".

 

گەڕان بەدوای یادەوەری کوندێرادا

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی تەموز، کاتێک دەزگای پەخشی گالیمار هەواڵی سوتاندنی تەرمی کوندێرای بڵاوکردەوە، ژیان‌و هاتوچۆ لەو کۆڵانە داخراوەی کە ماڵی کوندێراو ڤێرای لێیە، وەک هەمیشە بوو.

تەنانەت کڕیارو گارسۆنەکانی تاکە ریستۆرانتی ئەم کۆڵانە داخراوە، ئاگایان لەڕوداوە نەبو؛ هەموان سەرقاڵی کارەکانیان بوون‌و خۆر خەریکبو لەکاتی خۆیدا ئاوا دەبوو.

ئەم کۆڵانر داخراوە بەڕێکەوت بەناوی "ژۆلێت ڕێکامی" نوسەری فەرەنسی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە ناونراوەو ریستۆرانەتەکەی ئەم کۆڵانەش ناوی "رێکامی"یە.

نزیکیی ئەم ریستۆرانتە لەشوێنی نیشتەجێبوونی کوندێراوە، وایکرد ڕێکامیای ببێتە چێشتخانەو دڵخوازو شوێنی کۆبونەوەی ئەم نووسەرە.

خودی "ژۆلێت ڕێکامی"، چونکە دژ بەدەسەڵاتی ناپلیۆن بو، لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا ماڵەکەی لەپاریس کردە سالۆنێکی ئەدەبی‌و بنکەی گردبوونەوەیەک کە نوسەران‌و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بەشاتۆبریاندیشەوە تیا ئامادە دەبون.

جێی سەرنجە کە دوای دو سەدە، لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیست‌و یەکەمدا، چێشتخانەیەک کە بەناوی ئەوەوە ناونرابوو، ببووە شوێنی کۆبوونەوەی میلان کوندێرا، کە چیتر لەژێر چاودێری‌و لێپێچینەوەی حکومەتدا نەبوو، بەڵام خۆی لەمیدیاو خەڵکی‌و بازنەی گشتی بەدوور دەگرت.

زۆرجار کوندێرا بۆنەکانی لەچێشتخانەی ڕێکامێ ئەنجام دەدا، یەکێک لەو بۆنانە کاتێک بو کە شارەوانی برنۆی زێدی میلان کوندێرا بڕیار یدا ئەم نووسەرە وەک "هاوڵاتی فەخری" خۆی بناسێنێت.

بەڵام کوندێرا نەیدەویست گەشت بۆ زێدی خۆی بکات بەمەبەستی بەشداری کردن لەڕێورەسمی خەڵاتکردنەکەدا، تەنانەت بەرلەوەش کە کوندێرا وەک براوەی خەڵاتی نیشتمانی چیک بۆ ئەدەب لەپراگ راگەیەندرا، تەنها بەناردنی پەیامێک لەپاریسەوە دەستی هەڵگرت.

بۆیە سەرۆکی شارەوانی برنۆ خۆی هاتە پاریس‌و ئەم رێورەسمە لەحاڵەتێکی تایبەتدا، لەریستۆرانتی ڕێکامێ بەڕێوەچو.

یەکێک لە خواردنە پەسندکراوەکانی کوندێرا لەچێشتخانەی ڕێکامێ شۆربای قرژاڵ‌و سۆفلەی قارچک بو. بەڵام ئارەزوی کوندێرا بۆ چێشتخانەی ڕێکامێ بەرامبەر ئەوە بو کە بەڕێوەبەرو ستافی ئەم چێشتخانەیە قەدری کڕیارێکی وەک کوندێرایان باش دەزانی.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە لەسەردەمی ژیانی کوندێراو ئەو کاتانەی کە کوندێرا دەهاتە ڕێکامێ، بەڕێوبەری چێشتخانەکە وەک رێزلێنان لەو، فەرمانی دا بەدانانی تابلۆیەک لەسەر دیوارەکانی چێشتخانەکە کە لاپەڕەکانی شانۆنامەی "جاک‌و ئەربابەکەی" لەخۆدەگرت‌و لەلایەن کوندێراوە نوسرابو.

لەدەرەوەی کۆڵانی بنبەستی ژولێت ڕێکامێ، چەند هەنگاوێک لەوبەرەوەی روباری سین، چاپ‌و پەخشی گالیمار هەیە، کە بەرپرسانی بەدانانی کۆمەڵێک کتێبی کوندێرا لەپەنجەرەی ئەم کتێبفرۆشەدا. ڕێز لەیادەوەری کوندێرا دەگرن.

گالیمار دەزگایەکی چاپ‌و بڵاوکردنەوەیە کە لەساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەبڵاوکردنەوەی یەکەم بەرهەمەکانی کوندێرا، پاڵپشتی ئەو نووسەرە گەنج و نەناسراوە چیکییەی لەڕۆژئاوادا کرد، تا دوا ڕۆژی ژیانیش وەک بڵاوکەرەوەی بەرهەمەکانی کوندێرا مایەوە.

 

سەرچاوە/ رادیو فردا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×