2019-07-25   1067     
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا کە تیمی ''ناڤی سیلز''ی سەربازی لە عێراق بەهۆی نەبوونی ڕێکخستن و دیسپلین بکشێنێتەوە.
ئاوێنه: تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن راگەیەندراوێکی هێزی ئەرکە هاوبەشەکانی ئەمریکای لە عێراق بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دەرچووە و ئاماژەی بەوەداوە، مامەڵەی تیمەکە وایکردووە کە فەرماندەی هێزی ئەرکە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە عێراق متمانەی بۆ تیمە نەمێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان.
باس لەوەشکراوە کە هێزەکە گێڕدراونەتەوە بۆ شاری سان دییەگۆ لە کالیفۆرنیا و یەکێک لەو گلەییانەی لێشیان هەبووە ئەوە بووە کە لەکاتی ئەرکدا خواردنەوە کحولییەکانیان خواردووەتەوە کە ئەمەش دژی یاساکانی ئەو هێزانەیە.
ئەم هێزە بە گرنگترین و بەهێزترین یەکەی هێزی تایبەتی سەربازی ئەمریکی دادەنرێت کە هێزی ئۆپراسیۆنە تایبەتە سەرەتاییەکانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکان، ئەم هێزە بوون لە ساڵی 2011دا بەشداربوون لە ئۆپراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی رێکخراوی ئەلقاعیدە لە شاری ئابوت ئاباد لە خۆرهەڵاتی پاکستان.