هەفتەی رابردو بانكی ناوەندیی عێراق زیاتر لەملیارێك دۆلاری خستۆته‌ بازاڕه‌وه‌
  2023-07-29       761       

بەپێی داتای بانکی ناوەندیی عێراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردودا زیاتر لەیەک ملیارو 113 ملیۆن دۆلار خراوەتە بازاڕەوە، بەڵام بەهای دۆلار بەرامبەر دینار زیاتر بەرزبۆتەوە.

ئاوێنه‌: بەپێی داتای بانکی ناوەندیی عێراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردودا زیاتر لەیەک ملیارو 113 ملیۆن دۆلار خراوەتە بازاڕەوە. زۆرترین رێژەی خستنەڕوی دۆلار 231 ملیۆن دۆلار بووەو کەمترین ڕێژەی فرۆشی دۆلاریش لەڕۆژی پێنجشەممەدا بووە کە 210 ملیۆن دۆلار بووە.

بەپێی داتاكانی بانكی ناوەندیی عێراق، جیاوازییەكی زۆر لەخستنەڕوی دۆلاری كاش‌و حەواڵە هەیە، لەو دۆلاری خراوەتەڕو، تەنیا 118 دۆلاری بەكاش بووە، لەبەرامبەردا 813 ملیۆن دۆلاری بۆ حەواڵەی دەرەوە بووە.

رۆژی 22ی تەمموزی 2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردن بەدۆلاری لە 14 بانكی عێراقی قەدەغە کردو ئەوەش وایكرد بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار زۆر بەرزبێتەوەو 100 دۆلار لە 148 هەزار دینارەوە بگاتە سەرو 154 هەزار دینار.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ده‌ڵێت، "بەرزبونەوەی نرخی دۆلار تەنیا لەبازاڕەکاندایەو کاتییە، لەهەوڵداین کە هەموو چین و توێژەکان هانبدەن بۆ ئەوەی دۆلار لەسەرچاوەیەکی سەرەکی و یاسایی بکڕن کە ئەویش سەکۆی ئەلیکترۆنییە، بەوەش نرخی‌ دۆلار دادەبەزێت و جێگیر دەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×