گیان لەدەستدانی کاروان عەلی شامار: بە"ڕوداوی هاتوچۆ" یان "روداوێکی تەم‌و مژاوی"؟
  2023-08-05       2540       

ئا: ئاوێنە

 

کاروان عەلی شامار، مامۆستای زانکۆ و کەسایەتییەکی نزیکی لاهور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا. فریاكەوتنی سلێمانی دەڵێت، ناوبراو بە روداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی گیانلەدەستدانی کاروان بەو شێوەیە، بەڕوداوێکی "تەمومژاوی" دەزانن کە جێی پرسیارو گومانە.

 

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی رایگەیاندوە "نزیک سەعات 3ـی بەرەبەیانی شەممە، کاروان عەلی شامار بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەسەر رێگەی پارکی هەواری شار لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە".

 کاروان عەلی شامار، لە دوای روداوەکانی 8ـی تەمموزی 2021 لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەسایەتییەکی نزیکی لاهور شێخ جەنگی دەناسێندراو ماوەیەکیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە دەستبەسەر کرا.

پەیجەکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە سۆشیاڵ میدیا، گیانلەدەستدانی کاروان عەلی شاماریان بە روداوێکی "تەمومژاوی" بڵاوکردوەتەوە.

سامان نادر وتی، "بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە تەمومژاوی نییەو بە روداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە؛ دو کەسی دیکەشی لەگەڵدا بوەو هەردوکیان بریندارن".

 بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی وتیشی، ئۆتۆمبێلەکەی کاروان عەلی شامار لە جۆری مارسیدس بوە، لە تونێلی پێشڕەو کە دەردەچێت و بەرەو سلێمانی دێت، کاتێک نزیک بوەتەوە لەسەر ئەو جوتسایدەی دەچێتەوە پارکی هەواری شار، کۆنترۆڵی لەدەستداوەو وەرگەڕاوە.

وتیشی، "کاروان عەلی شامار گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڵام وێڕای هەوڵە پزیشکییەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".

 کاروان عەلی شامار، وێڕای کاری سیاسی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بو؛ ناوبراو کوڕی پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی عەلی شامار و وەسفییە بەنی وەیس، ئەندامی پێشوی سەرکردایەتی ئەو حیزبەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×