لەمساڵدا 61 کەس لە ئاوەکانی هەرێمی کوردستاندا خنکاون
  2023-08-11       1043       
حكومەتی هەرێم شریتی سور لەو شوێنانە دەدات كە مەترسین بۆ خنكان لەكاتی مەلەكردندا

ئا: ئاوێنە

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان 61 کەس لە ئاوی روبار و چەمەکاندا خنکاون، 27 لەو کەسانە لە ئاوەکانی پارێزگای هەولێر خنکان، دوای ئەوە دهۆک و ئینجا سلێمانی دێت.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئەمساڵەوە 61 کەس لە سنوری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانییانەوە لە ئاودا خنکاون، زۆرترین خنکان لە ئاو لە پارێزگای هەولێر، پاشان دهۆک، دواتر سلێمانی و هەڵەبجە دێن.

 لەو ژمارەیە 27 کەسیان لە سنوری پارێزگای هەولێر بون، 19یان لە پارێزگای دهۆک، 14یان لە پارێزگای سلێمانی بون، لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک کەس بوە.

 سەبارەت بە ئیدارە سەربەخۆکانیش، لە ئیدارەی زاخۆ بە 9 کەس، لە سۆران 6 کەس و لە گەرمیان 2 کەس و لە ئیدارەی راپەڕینیش یەک کەس لە ئاودا خنکاوە.

 رۆژی 6ی ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای زیادبونی ڕوداوەکانی خنکانی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە ڕوبار و دەریاچە، زێ، چەمەکان، لە وەرزی هاویندا، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیاریانە دادەخەن کە لە ماوەی ڕابردو هاوڵاتییان و گەشتیاران لێیان خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن. ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەرفەت و ئەگەرەکانی قوربانی زیاتر.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەكە، شریتی سور لەو شوێنانە دراوە كە مەترسین بۆ خنكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×