پارتی-یەك بو بە"میری ئێزیدییان"
  2019-07-27       2137       

ئا: ئاوێنە

 

پاش شەش مانگ مشتومڕی نێو بنەماڵەی میری ئێزیدییەكان لەسەر میرایەتی، سەرەنجام بەپشتیوانی‌و ناوبژیوانی ماڵی بارزانی، حازم میر تەحسین بەگ وەك میری نوێی ئێزیدییەكان هەڵبژێردرا.

ئێستا لەم هەڵبژاردنەی میری نوێدا كەس وەك پارتی‌و ماڵی بارزانی، دڵخۆش‌و براوە نین، میر لەرێورەسمی دەستبەكاربونیدا بەناوهێنان تەنها ناوی سێ‌ كەسی هێنا كە رۆڵیان لەهەڵبژاردنیدا هەبوەو بەئاشكرا رایگەیاند "سوپاسی تایبەتی مەسعود، نێچیرڤان، مەسرور بارزانی دەكەم".


هەر بەدوای ئەویشدا لەم رێورەسمەدا كە لەماوەی 75 ساڵی رابردودا یەكەمجارە لەناو ئێزیدیەكاندا ئەنجام دەدرێ‌، راوێژكاری جڤاتی باڵای روحانی ئێزیدییەكان، كەریم سلێمان دیسان سوپاسی "مەسعودو نێچیرڤان‌و مەسرور بارزانی" كردەوە‌ كە "بەشداریان كردوە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەی لەسەر دانانی میر كەوتبوە نێو ئەم بنەماڵە ترۆپکەی هەرەمی دەسەڵاتی ئێزیدییەكانەوە".

پارتی زۆر مەبەستی بو حازم ببێت بەمیر‌و رێگە لەهەر جۆرە دەستێوەردانێكی پەكەكەو یەكێتی‌و هێزە عێراقیەکان لەیەكلاكردنەوەی ئەم هەڵبژاردنەدا بگرێ‌، لەبەرئەوەی حازم پێشتر پە
رلەمانتاری پارتی بوە لەپەرلەمانی كوردستان‌و لەهەمو بڕِگە چارەنوسسازەكانی بیست ساڵی رابردوشدا هەڵوێستەكانی بێ‌ هیچ تەمومژێك‌و بەڕونی‌و ئاشكرا هەمان هەڵوێستی پارتی‌و داكۆكیكردن لە"مەسعود بارزانی" بوە.


حازم تەحسین بەگ كە لەنێو شەش كاندیدی بنەماڵەکەیدا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، وەکو میری نوێی ئێزدییەكانی جیهان دەستنیشانکرا‌و بو بە
شوێنگرەوەی باوكی بۆ بەڕێوەبردنی میرنشینەكەی، بەردەوام دڵسۆزیی خۆی بۆ پارتی‌و مەسعود بارزانی سەلماندوە، تەنانەت كاتێك كە بەهۆی پەلاماردانی شنگالەوە لەلایەن داعش‌و هەڵاتنی هێزی پێشمەرگەو بەرگریی نەكردنیان لەو شارۆچكە ئێزیدینشینە، ئێزیدییەكان دەیانویست لەپارتی‌و بارزانی دوركەنەوە، حازم ەاشکاوانە وتی "مەسعود بارزانی تاكە نوێنەری ئێزدیانە لەكوردستان‌و عێراق‌و جیهان.. كەس مافی ئەوەی نییە بەناوی ئێزیدییەوە بچێت بۆ ئێران یان توركیا‌و عێراق‌و جیهان داوای كۆمەك‌و هاوكاریهو چارەسەری کێشەکانیان بكات".


لەگەرمەی هەوڵی كۆتایهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیدا، حازم وتی "بەناوی هەمو ئێزیدییەكانەوە مانەوەی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمدا بەپێویست دەزانین".


لەكێشمەكێشی نێوان پارتی‌و پەكەكەدا سەبارەت بەشەنگال، حازم كە ئەو كات وەك نوێنەری میری ئێزیدیەكان خۆی دەناساند، داوای "دەستبەجێ كشانەوەی پەكەكەی لەشەنگال" كرد، ئەو وتی "ھەمو دونیا دەزانێت شەنگال، سنونێ، خانەسۆرو تەواوی ناوچەکە خاکی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە داوای کشانەوە لەچەکدارانی پەکەکە دەکەین".


وتیشی "دروستکردنی کانتۆنی شنگال لەلایەن پەکەکە، دەستتێوەردانە لەکاروباری هەرێمی کوردستان‌و 80% ئێزدییەکانی شنگال لەگەڵ هەرێمی کوردستانن‌و پێویستیان بەکانتۆن نییە”.
هەڵوێستێكی گرنگی دیكەی حازم بۆ پارتی‌و بارزانی لەكاتی ریفراندۆمدا بو، كە بەهەمو شێوەیەك پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم راگەیاند، ئەو وتی "ئێمەی ئێزیدیی كوردستانیین‌و لەگەڵ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانداین".



هەربۆیە، مەسعودو نێچیرڤان‌و مەسرور بارزانی یەكەمین كەس بون كە پیرۆزباییان لەمیری نوێی ئێزیدیەكان كردو هاوكاری‌و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو راگەیاند. ئەمان راستەوخۆش لەڕێگەی نوێنەرێكیانەوە كە وەك باس دەكرێ‌ "سیداد بارزانی"یە بەشداریان لەدوا كۆبونەوەكانی پێش رێككەوتنی بنەماڵەی میردا كردوە.


ماڵی بارزانی تەنانەت لەدیاریكردنی سێ‌ بریكارەكەی میریشدا بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان، رۆڵی یەكلاكەرەوەیان بینیوە: هەرمان میرزا بەگ گەنجێكی سەر بەپارتییە. کامێران خەیری بەگ پارێزەرو پەرلەمانتاری پارتی بوە لەعێراق. شێرزاد فاروق بەگ كە دوای پەلاماردانی شەنگال لەلایەن داعشەوە، چوە ناو هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە، هەرزو گەڕایەوە ناو ریزەكانی پارتی‌و دڵسۆزی خۆی بۆ بارزانی‌و پارتی راگەیاندو سەرسەختانە پشتیو
انی لەپرۆسەی ریفراندۆم کرد.


پارتی‌و بارزانی شەنگال‌و شێخان‌و باعەدرێ‌‌و ناوچە ئێزیدینشینەكان وەك بەشێكی دانەبڕاو لەبادینان دەڕوانن، بادینانێك كە بە"گیتۆ"ی خۆیان‌و دەڤەرێكی داخراو بەڕوی هەر هێزێكی دیكەی بەدەر لەپارتی دەزانن، درێژەدان بەباڵادەستی خۆیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا بەمەسەلەی مەرگ‌و ژیان دەزانن. ئەم باڵادەستییەشیان لەرابردودا لەڕێگەی بنەماڵەی میرەوە مسۆگەر کردوە.


ماڵی بارزانی دەیان ساڵە پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ پێكهاتەكانی ئاشوری‌و ئێزیدی‌و شەبەك‌و كاكەیی دروستكردوەو بایەخیان پێداون، لەڕێگەی چەندان كەسایەتی‌و بنەماڵەی ناوداردشیانەوە بەكاریانهێناون بۆ خزمەتكردن بەئەجنداكانی پارتی، میر تەحسین بەگ‌و حازمی كوڕیشی دو كەسی دیارن كە جێی بایەخپێدانی پارتی‌و بارزانی بون.


لەبەرامبەریشدا ئەوە شاراوە نییە، كە میر حازم-ی تەمەن ٥٦ ساڵیش پێویستی بەپارتی‌و هاوكاری‌و پشتیوانی ماڵی بارزانی بوە. بەحوكمی ئەوەی زۆربەی ناوچەكانیان‌و زۆربەی ئێزیدییەكان بەوانەشەوە كە ئاوارە بون، لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەژین. پارتی كە خاوەنی چەندین ئامڕازی "ترساندن‌و رازی كردن"یشە، پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری ئەو لق‌و پۆپانەی بنەماڵەی میردا بەهێزە كە میر دیاریدەكەن، بۆیە هیچ میرێك ناتوانێ‌ رای پارتی بەئاسانی نادیدە بگرێ‌.

 

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا هەڵبژاردنی حازم دەبێتە فاکتەری کۆکردنەوەی ئێزیدییەکان لەدەوری ئەم میرە، یاخود هەڵبژاردنی فاخر بەمیر دەبێتە مایەی هەرچی زیاتر لێکترازان‌و پەرتەوازەیی ئێزیدییەکان؟ 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×