یەکەی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کرایەوە
  2023-08-16       1098       

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، یەکەی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کرایەوە و لەمڕۆوە دەتوانرێت نەخۆش تێیدا چارەسەر وەربگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، یەکەیەکی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی کرایەوە و لە ئێستادا نەخۆش تێیدا چارەسەر وەردەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێوەیەکی گشتی لە نەخۆشخانەکان کێشەی گەورەی چاودێری چڕ هەیە و هەمیشە بە بەردەوامی زیاد لە ٢٥ بۆ ٣٠ نەخۆش لە نەخۆشخانە تایبەتەکان چاوەڕێی ئەوەن لە نەخۆشخانە گشتی و حکومییەکان جێگایان هەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

ئەوەشی خستەڕو، نرخی یەک شەو مانەوە بۆ یەک نەخۆش لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت کەمترینیان لە ٥٠٠ هەزارەوە دەبێت تا دەگاتە ٣ ملیۆن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر هاوڵاتییان چونکە ئەو کەسانەی لە چاودێری چڕ دەمێننەوە بە چەند ڕۆژێک چارەسەر نابن بەڵکو هەندێکیان پێویستیان بە چەند مانگێک تا ساڵێک دەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەواو.

ئاماژەی بەوەشکرد، کردنەوەی بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی منداڵان دەبێتە هۆی ئاسانکردنی کارو باری نەخۆشخانەی شار بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كێشەیە هەر بەردەوام دەبێت و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدا دەبین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×