"تۆمەتەكەی گوهدار زێباری پەیوەندی هەیە بەچەكێكی جۆری تاپڕ كە لەباپیرییەوە بۆی بەجێماوە"
  2023-08-18       1072       

ئا: ئاوێنە

 

هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا گۆهدار زێباری پاش نزیکی سێ ساڵ لە زیندانی، رۆژی چوارشەممە لە هەولێر ئازادبکرێت، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت، پێدەچێت بۆ جاری سێیەم سزا بدرێت و براکەشی دەڵێت، تۆمەتی ئێستا پەیوەندی هەیە بە چەکێکی جۆری تاپڕ کە وەک یادگاری لە باپیریەوە بۆی ماوەتەوە.

 

رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری گیراوانی بادینان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە چاوەڕێ بوین لە 16ی مانگ کە دەکاتە چوارشەممە، گۆهدار ئازاد بکرێت و بە خێزانەکەی شاد ببێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئازاد نەکرا."

وتیشی"ئێمە زانیاریمان هەیە کەیسێکی تر لەسەری کراوەتەوە. بە گوێرەی مادەی 15 کە تایبەتە بە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، لە کاتێکدا ئەو چەکە بەکاردەهێنرێت بۆ ڕاوکردن چونکە لە جۆری تاپڕە، ئەوە چەکی بێ مۆڵەت نییە."

گۆهدار زێباری لە 22ی مانگی 10ی 2020 لەگەڵ چەند کەسێکی تر، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی یەکەم لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادران. بەڵام پارێزەرەکانیان دەڵێن ئەوان هیچ کارێکیان نەکردبو کە بە تێکدانی ئاسایش دابنرێت، بەڵکو خۆپیشاندان و گردبونەوەیان کردبو و گروپ چاتێکیان لە سۆشیال میدیا دروستکردبو.

گوهدار زێباری لە مانگی 2ی 2022 بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزاکەی بەڕێژەی لەسەدا 60 کەمکرایەوە. لەژێر ڕۆشنایی فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێم، بڕیاربو 16ی 3ی 2023 گوهدار ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە 5 مانگ حوکمدرا بە تاوانی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی."

زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند کە بڕیاری سێ بارە ڕاگرتنی گوهدار لە زیندان بارودۆخێکی سەختی بۆ خێزانەکەیان دروستکردوە.

زێدان وتی، "تەنانەت ڕێگەیان نەدا ئێمە بچینە ژورەوە. هەرچەندە چەندین کاتژمێر چاوەڕێ بوین کە براکەمان ئازاد بکرێت، بەڵام ئازاد نەکرا ئەگەرچی تا شەویش چاوەڕێمان کرد."

وتیشی"ئێمە هیچ کات داوای بینینی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ناکەین سەبارەت بە دۆسیەی گوهدار، گوهداریش ئەوە قبوڵ ناکات و ڕازی نابێت، ئامادەیە هەر لە زیندان بمێنێت. ئەوان ئازادی براکەم نەکەن بە منەت لە سەرمان، بەڵام داواکارین ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دۆسیەی براکەم بێدەنگ نەبن و هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادی براکەم. با دادگا سەروەربێت لە دۆسیەی براکەم. ئەرکی لایەنە سیاسیەکانیشە بۆ ئەوە فشار دروست بکەن لەسەر حکومەت."

بەگوێرەی پارێزەر ڕەمەزان ئەرتیسی، بەڕێوەبەری چاکسازی هەولێر پێی ڕاگەیاندون کە هیچ دۆسیەییەک لەسەر گۆهدار نەماوە و دوای گواستنەوەی بۆ ئاسایش ئازاد دەکرێت. بەڵام دوای مانەوەی بۆ ماوەی دو ڕۆژ، هێشتا ئەوان بە فەرمی لەسەری هۆکاری ئازادنەکردنی ئاگادار نەکراونەتەوە.

پارێزەرەکە وتی، دۆسیەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت ئەو دۆسییەیە کە پێدەچێت جارێکی تر گوهدار زێباری لەسەر سزا بدرێت،. بەڵام زێدان زێباری برای گوهدار ڕەتی دەکاتەوە براکەی چەکی پێ بوبێت و وتی"ئەو چەکە لە جۆری تاپڕە، کە زۆر کۆنەو هی باپیرمە هی گوهداتر نییە، ئێمە لە ماڵەوە وەک یادگاری پاراستومانە. چەکەکەش لە ناو ماڵدا بوە نەک لە ناو ئۆتۆمبێلدا وەک ئەوەی ڕوبەڕوی براکەم کراوەتەوە لە زینداندا."

بە گوێرەی پارێزەری دۆسیەکە، لە ئەگەری دادگاییکردنی گوهدار بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، پێشبینی دەکرێت سزای ماددی یاخود زیندانی زیاتر ڕوبەڕوی بکرێتەوە.

ڕەمەزان ئەرتیسی ڕایگەیاند، "دو مادە هەیە: ئەگەر بە مادەی 21 بێت ئەوە تەنها سزادانی مادییە، بەڵام ئەگەر 15 بێت هەم سزای پارەیە و هەم سزای زیندانیش دەگرێتەوە."

عقید ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو دۆسیەیە پەیوەندی بە ئێمەوە نییەو ئێمە هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×