ئیكۆنۆمیست: مەترسی كەوتنی پڕۆژەی كوردستان لە ئارادایە
  2023-08-18       1720       

ئا: ئاوێنە، ئیكۆنۆمیست

 

رۆژنامەی "زە ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا باس لە هەوڵەكانی بەغدا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەوەش دەخاتە ئەستۆی كورد خۆی بەهۆی ناكۆییەكانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و دەشڵێت، لە ئێستادا مەترسی كەوتنی پڕۆژەی كوردستان لە ئارادایە.

 

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكی شیكاریدا، ئاماژەی بەوەداوە، شەش ساڵ لەدوای دەنگدان بۆ سەربەخۆیی لە ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017دا، ئێستا ئەو خەونی سەربەخۆییەی كوردەكان خەریكە لەناودەچێت.

بەپێی راپۆرتەكەی زە ئیكۆنۆمیست، لەگەڵ بوژانەوەی بەغدای پایتەخت لەسایەی باشبونی ئاسایش و داهاتی نەوت، فەرمانڕەواکانی هەوڵی لاوازكردنی سەربەخۆیی کوردستان دەدەن. دوای 30 ساڵ لە سەربەخۆیی، ئابوریی کوردەکان و سنورەکان و ناوچە جێناكۆكەكان تاڕادەیەكی زۆر گەڕاونەتەوە ژێرکۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەندی.

دیپلۆماتکارێكی رۆژئاوایی كە چاودێری پەرەسەندنەكان دەكات لە بەغداوە، ئاماژە بەوەدەدات كە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزی لەدەستدەدات و دەشڵێت: "مەترسی كەوتنی پڕۆژەی کوردستان لەئارادایە."

رۆژنامەكە نوسیویەتی، بۆ ئەمە دەبێت تاڕادەیەكی زۆر سەرزەنشتی كوردەكان خۆیان بكرێت. ناكۆكی نێوان هەردو بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی و تاڵەبانی، توندبۆتەوە، زۆرجار وەزیرەكانیان لە بەغدا دژ بە یەكدی دەنگ دەدەن، یەكێتی بەئاشكرا داوای پشتیوانی بەغدا دەكات و وێڕای تكای وڵاتانی رۆژئاوا، هەردو لا یەكخستنەوەی هێزەكانیان رەتدەكەنەوەو دەستیان بە كوشتنی كادیرەكانی یەكتر كردۆتەوە.

هەروەها باسی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سنورداركردنی ئازادی راگەیاندن كردوە.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكە، حکومەتی عێراق ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەقۆزێتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هەرێمی كوردستان، ئەم كارەشی لەڕێگەی پارەوە دەستپێكردوە. لە ئێستادا پارەی موچەی كوردەكان مانگانە لە بەغداوە رەوانە دەكرێت. ئەو سەركردە كوردانەی كە رۆژانێك خۆیان بەدور دەگرت لە بەغدا، ئێستا دەستە دەستە دەچنە بەغدا بۆ داواكردنی هاوكاری.

بۆ ئەوەش راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە نێچیرڤان بارزانی، لەماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتیكردنی هەرێمی كوردستاندا 10 جار بەڕەسمی سەردانی بەغدای كردوە، لەكاتێكدا مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێم لەماوەی 15 ساڵدا یەكجار چوە بەغدا.

زە ئیكۆنۆمیست نوسیویەتی، بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق، هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت هەوڵبدات لە بەغداوە راستەوخۆ پارەی بۆ بێت، رەنگە ئەمە یەكێتی هان بدات بۆ جیابونەوە لە حكومەتی هەرێم كە پارتی هەژمونی بەسەردا هەیەو ئەوەش ببێتە مایەی لاوازكردنی زیاتری یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە حكومەتی عێراق هەوڵی كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان دەدات و هەروەها سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان كۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان كردوە كە لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017 لەژێر دەستی كوردەكانیان دەرهێنان، لەو كاتەوە دەستیان كردوە بە دەستكاریی دیمۆگرافیای ناوچەكە ئەوەش لەڕێگەی هاندنی عەرەبەكان بۆ نیشتەجێبون لەو زەوییانەی كە كوردەكان داوایان دەكەن.

رۆژنامەكە نوسیویەتی، ئەگەر ئێستا ریفراندۆم لەو ناوچانە بكرێتەوە، رەنگە كوردەكان زۆرینە نەبن لەوێ.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتوە، رەنگە گەورەترین زیان بۆ هەرێمی كوردستان، گەڕانەوەی باڵادەستی یاسایی بێت بۆ عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لە مانگی پێنجدا بڕیاریدا درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان نادەستورییەو بڕیاردرا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جێگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بگرێتەوە.

هەروەها لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هێمای بۆ ئەوە كردوە، لە ڕوی کولتوریشەوە، پێشکەوتنەکانی بەغدا کاریگەری نەرێنییان لەسەر هەرێم دەبێت، لە سێ دەیەی ڕابردودا کوردەکان پەرەیان بە زمانەكەی خۆیان داو پڕۆگرامی بەعسی عەرەبییان لابرد. نەوەی ئێستا نازانن بە عەرەبی قسەبکەن. بەڵام ئەم بابەتە خەریكە سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە. کوڕی یەکێك لە سەرکردە کوردەکان لە ئاهەنگی دەرچونیدا لە یەكێك لە زانكۆ لۆكاڵییەكان بە زمانی عەرەبی وتاری پێشكەش كرد. لەگەڵ توندبونەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا کەرتی تایبەت لە كوردستان داوای زانینی زمانی عەرەبی دەکات و زمانەكە گەڕاوەتەوە سەر روكاری دوکانەکانی هەولێری پایتەخت، شەپۆلی هاتنی عەرەبەكان لە باشورەوە بۆتە هۆی كڕینی موڵكە چۆڵەكان بە نرخێكی هەرزان.

راوێژكارێكی كوردی پسپۆڕ لە قەیرانەكان لەوبارەیەوە وتویەتی"عەرەبەكان دەرفەتی كارن، بەڵام لە هەمان كاتدا هەڕەشەن."

بەگوێرەی رۆژنامەكە، کوردەکان تا ئێستاش چەند کارتێکیان لەبەردەستدایە کە یاری پێبکەن، لەگەڵ چین چەند دەستپێشخەرییەكیان كردوە بۆ ئەوەی چەند بەنداوێک و کارگەی چیمەنتۆ و یەکەی نیشتەجێبون بەبەهای پێنج ملیار دۆلار لە دەرەوەی هەولێر دروستبکەن.

هەروەها هێمای بۆ ئەوە كردوە كە کوردەکان دەتوانن هەڕەشەی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەر دژبە رۆژئاوا بەكاربهێنن. كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندیی عێراقەوە، دەكرێت ببێتە مایەی كۆچی بە كۆمەڵ بەرەو توركیاو لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا.

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا هاتوە، زۆربەری کوردەکان هەست بە بێهیوایی دەکەن و چاودێرێك لە هەولێرەوە وتویەتی"دەبینە پارێزگایەک لە عێراق. ئەو چرای سەربەخۆییەی کە بۆ نزیکەی 30 ملیۆن کورد لە تورکیا و ئێران و سوریا، دەدرەوشایەوە، خەریکە دەكوژێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×