"پارتی بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پەكەكە روبەڕوی دەبێتەوە"
  2023-08-23       2268       

ئا: ئاوێنە

 

مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، "پارتی دەیەوێت هەمو کورد لەپێناو دەسەڵاتی سێ شاردا بفرۆشێت." دەشڵێت، ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لە سیاسەتەکانی ئێستای، ئەوا پەکەکە روبەڕوی دەبێتەوە.

 

مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەردا رایگەیاند، ئەمڕۆ هێرش دژی هەمو دەستکەوتەکانی کورد بەڕێوەدەچێت و "پارتیش هاوکاری ئەو هێرشانەیە، پێویستە ئیتر لەو ڕوەوە نە خۆمان هەڵبخەڵەتێنین و نە کات بەفیڕۆ بدەین، بەڕاستیش دەبێت چیتر پارتی لەسەر ئەو هەڵوێستانەی ڕابگیرێت."

بە بڕوای قەرەسو"بۆ ڕاگرتنی پارتی هەڵوێست و چالاکیی پێویستن، پارتی هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات بۆ لە ناوبردنی تێکۆشانی هەر چوار پارچەی کوردستان."

قەرەسوو، ئاماژەی بەوەش دا، "دەوڵەتی تورک لە باکوری کوردستان سیاسەتی لەناوبردن دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەو سیاسەتە بۆ پارتی هیچ واتایەکی نییە، پارتی دەیەوێت هەمو کورد لەپێناو دەسەڵاتی سێ شاردا بفرۆشێت، پێویستە لەپێناو پاراستنی باشوردا، خیانەت و هاوکارییەکانی پارتی ڕابگیرێن، ئیدی پێویستە دەست لەو سیاسەتانەیان هەڵگرن، چونکە ئەوە نە وڵاتپارێزییە و نە ڕۆشنبیرییە، پێویستە ڕاستییەکان ببینرێن، ئەو کاتەی هێرشکرایە سەر باشور، پارتی هەڵهات و بەرگریی نەکرد."

مستەفا قەرەسو، هۆشداریشیدا لەوەی، کە "ئەگەر پارتی بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا پەکەکە و پارتی ڕوبەڕوی یەک دەبنەوە، زۆر بەڕونی دەڵێم؛ هەرکەسێک ئەو سیاسەتانەی پارتی بە ڕەوا دەبینێت، ئەوا لەو شەڕە بەرپرسار دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×