ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: تورکیا لەعێراق خەڵکی مەدەنیی دەکوژێت
  2023-08-28       1243       

ئا: ئاوێنە

 

ماڵپەڕی فەیر ئۆبزێرڤەری ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی "تورکیا لەعێراق خەڵکی مەدەنیی دەکوژێت.. کوا هەڵڵای میدیایی" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا دەڵێت؛ چەندین ساڵە تورکیا لەهەرێمی کوردستان هەڵمەتی هێرشی ئاسمانیی بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامدەدات، بەڵام لەو هێرشانەی تورکیادا جگە لەئاوارەو دەربەدەرکردنی هەزاران خێزان، خەڵکی مەدەنیش دەبنە قوربانیی، بەشێوەیەک تەنها لەسەرەتای ئەم مانگەوە لانیکەم حەوت کەس لەقوڵایی خاکی هەرێم لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کوژراون.

 

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، لەماوەی چەند ڕۆژێکدا تورکیا بەشێوەیەکی بێ شەرمانەو بەشێوەیەکی چڕوپڕ چەند ناوچەیەکی نیشتەجێی دانیشتوانی لەناو خاکی هەرێم بۆردومانکرد، بەڵام هیچکام لەبەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان‌و هیچ بەرپرسێکی عێراقیش لەبەغدا ئیدانەی ئەو هێرشانەیان نەکرد.

ئەوەش هاتوە، تورکیا چەندینجار سنورەکانی هەرێمی کوردستانی بەزاندوەو هاتۆتە قوڵایی ناوچەکە وەک ناوچەی مەخمورو شنگال، ئەوەش بەپاساوی بەرەنگاربونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام بەردەوام لەو هێرشانەدا کەسانی مەدەنیی بونەتە قوربانیی، بەشێوەیەک بەگوێرەی زانیاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەساڵی 2015وە لانیکەم 129 مەدەنیی کوژراون‌و 180 کەسی تریش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە برینداربون، تەنانەت ساڵی 2022 لەنێوان 18 بۆ 20 کەس کوژراون کە شەشیان منداڵن، جگەلەوەی لەنێوان 57 بۆ 58 کەسیش برینداربون.

هەروەک دەڵێت، "لەبەرامبەر هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیاو کوشتنی کەسانی مەدەنیی، بەرپرسانی یەکێتیی‌و پارتی‌و بەرپرسانی عێراقیی لەبەغدا بێدەنگییان هەڵبژاردوە کە پێدەچێت ئەو بێدەنگییە دەستەجەمعییە بەهۆی سەردانەکەی ئەمدواییەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بێت بۆ بەغدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×