"چارەنوسی هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵات هاوشێوەی موجاهیدینی خەڵقە"
  2023-08-30       1402       

ئا: ئاوێنە

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (المدی)ی عێراقی، دۆسیه‌ی حیزبە ئۆپۆسیۆنەکانی ئێران، کە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانن، پێ دەچێت هاوشێوەی دۆسیه‌ی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی بێت، کە کاتی خۆی لە شاری ڕومادی خرانە سەربازگەوە و دواتر هەموو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەی ئێران ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە (بە تایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا کران)، پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد؛ دووبارەکردنەوەی ئەو ڕێكکارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بە دوور نازانێت.

 

المدی لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر پەرەسەندنە بەردەوامەکانی ئەو دۆسێیە، ئاماژەشی داوە بەوەی جگە لە پارتی ژیانەوەی ئازادی کوردستان (پژاک) کە ڕێکخراوێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، هیچکام لە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکە لە دوای ساڵی ١٩٩٢ەوە هیچ چالاکییەکی سەربازییان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام نەداوە و لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێرانیشدا کە بە (شۆڕشی ژینا) ئاماژەی پێ دەدرا بەشدار نەبوون و بێلایەنییان هەڵبژارد.

عەبدولسەلام بەرواری، نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە هەموو ئەو حیزبە کوردییانەی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ١٩٧٩ هاتبوونە عێراق و داڵدە دران، دوای ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پابەند کران بەوەی لە سنوورەکانی ئێران دوور بکەونەوە و هیچ چالاکییەکی سەربازیی لە سنووری هەرێمەوە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام نەدەن و ئەوانیش بە تەواوەتیی پابەند بوون.

بەرواری لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی داوە بەوەی تاکە هێز کە پابەند نەبووە بەو داواکارییەی هەرێمی کوردستانەوە (پژاک)ـە کە سەر بە پەکەکەیە و بە وتەی ئەو هەماهەنگییەکی پتەوی لەگەڵ ئێران هەیە، ئەوەیش بەوەی پژاک لە خاکی هەرێمەو چالاکیی دژی ئێران پەرە پێ دەدات بۆ ئەوەی ئێرانیش ئەوە بکاتە بیانوو بۆ دەستوەردانە کاروباری هەرێم و ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمەکە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کوردستان، بە دووری نازانێت دۆسێی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بەشێک بێت لە گرێبەستە سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، بە تایبەتیی گرێبەستی نەوت بەرانبەر غاز، بەرواریی پێشبینییش دەکات ئەندامانی ئەو هێزە سیاسییانە بخرێنە کەمپێکی سەربازییەوە کە سوپای عێراق دەستنیشانی دەکات، لەوێشەوە ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی بنێردرێنە دەرەوەی عێراق، هاوشێوەی ئەندامانی موجاهیدینی خەڵق کە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام لە سەربازگەیەکی گەورەی شاری ڕومادی کۆکرانەوە و دواتر پۆل پۆل نێردرانە وڵاتانی دەرەوە و دوا ئەندامی ئەو ڕێکخراوە ساڵی ٢٠١٦ خاکی عێراقی بەجێهێشت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×