گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ داعشه‌كانی‌ موسڵ نیگه‌رانیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌
  2019-07-30       1026       
گواستنه‌وه‌ی‌ 32 هه‌زار كه‌س له‌كه‌سوكاری‌ داعشه‌كانی‌ موسڵ له‌سوریاوه‌ بۆ عێراق نیگه‌رانیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و جێگری‌ پارێزگاری‌ نەینەواش ده‌ڵێت، جێگەی‌ قبوڵکردن نییە.

ئاوێنه‌: سیروان رۆژبەیانی‌ جێگری‌ پارێزگای‌ نەینەوا، بەئاژانسی‌ ئانادۆڵی‌ وتووه‌، نزیكەی‌ دو مانگە حکومەتی‌ عێراق لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان تاوتوێی‌ گەڕانەوەی‌ 32 هه‌زار كه‌س له‌کەسوکاری‌ داعش دەکەن لەسوریاوە بۆ عێراق، بەبێ ئەوەی‌ پرس بەئیدارەی‌ پارێزگای‌ نەینەوا بکرێت.

وتیشی‌، "لەئێستاشدا حکومەتی‌ عێراق‌و نەتەوەیەکگرتووەکان گەیشتونەتە رێککەوتن بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەم پرسە، ئێمەش وەکو ئیدارەی‌ پارێزگای‌ نەینەوا دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی‌ هاوڵاتییان‌و گواستنەوەی‌ کەسوکارانی‌ داعش لەسوریاوە بۆ پارێزگای‌ نەینەوا رەتدەکەینەوە، چونکە گەڕانەوەی‌ ئەو 32 هەزار کەسوکاره‌ی‌ داعش کە پشتڕاستین داعشی‌ توندڕەویان لەگەڵدایە مەترسییەکی‌ گەورە لەسەر ئاسایشی‌ موسڵ بەگشتی‌ دروستدەکات".

ناوبراو ده‌ڵێت، "بەگوێرەی‌ ئەو رێککەوتنەی‌ لەنێوان حکومەتی‌ عێراق‌و نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە زیاتر لە 500 خێزانی‌ داعش لەکەمپی‌ حەمام عەلیل‌و 300 خێزان لەکەمپی‌ حاج عەلی‌‌و 300 خێزان لەکەمپی‌ نەمرودو 200 خێزان لەکەمپی‌ جەدعە لەسنوری‌ پارێزگای‌ نەینەوا نیشتەجێ دەکرێن".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، جێگیرکردنی‌ ئەو ژمارە زۆرەی‌ کەسوکاری‌ داعش لەم کەمپانە جێگەی‌ قبوڵکردن نییە، چونکە ئەم کەمپانە لەنێو شارن‌و مەترسی‌ تێکەڵبونیان لەگەڵ هاوڵاتییان‌و بڵاوبونەوەی‌ بیری‌ توندڕەوی‌ هەیە لەنێو موسڵ لەداهاتوداو مەترسی‌ ئەمنی‌ لێدەکەوێتەوە.

سیروان رۆژبەیانی‌ راشیگه‌یاندووه‌، "ئەو کەسوکارانەی‌ داعش کە بڕیارە بگوازرێنەوە بۆ پارێزگای‌ موسڵ، زۆرینەیان منداڵی‌ تەمەن یەک ساڵ بۆ 12 ساڵن‌و بەشەکەی‌ دیکەشیان ئافرەت‌و پیاون کە پێشتر لەریزەکانی‌ داعش چالاکییان هەبووە، بەپێی‌ ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی‌ بەدەست ئێمە گەیشتووە سەرجەمیان دانیشتوی‌ موسڵن، هەر لەگەڵ داگیرکردنی‌ موسڵ لە لایەن داعشەوە پەیوەندییان بەرێکخراوەکەوە کردووە، دوای‌ کۆنتڕۆڵکردنەوەی‌ موسڵ‌و لەناوچونی‌ سەربازی‌ داعش ئەو ئەندام‌و کەسوکارانەی‌ داعش لەکەمپی‌ هۆل لەسوریا جێگیر کران".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×