وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە بەڵام ئیحتیاتی خۆیان وەرگرتوە
  2023-09-05       1296       

ئا: ئاوێنە

 

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەتیدەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک جوڵێنرابێت و رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە تەنیا "ئیحتیاتی" خۆیان وەرگرتووە و ئەو جوڵانەی هێزەکانی پێشمەرگەش لە ناوچەی پردێ، وەک ئامادەکاری لە ئەگەری هێرشی داعش و "قۆستنەوەی" خراپی دۆخی کەرکوک ناو دەبات.

 

عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە بەرەو پردێ و کەرکوک، بەڵام ئیحتیاتی خۆیان وەرگرتووە.

وتیشی: "هێزی پێشمەرگە خەتی تەماسی هەیە لەو ناوچانە، داعش هەیە لەو میحوەرانە، کاتێک حاڵەتێکی نا ئاسایی دروست دەبێت ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەکەن خۆیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ حالەتی ئیحتیات، هەموو یه‌كه‌كانی سه‌ربازی پاسه‌وانی خۆیان دەکەن و دەبێت تەواجوداتی خۆیان بسەلمێنن، خوا نەکات حاڵەتێکی لە ناکاو دروست ببێت یان داعش ئیستیغلالی ئەو دۆخە بکات".

رۆژی یەکشەممە 4ی ئه‌یلوولی 2023، نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە، لەسەر دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزیەکانی کەرکوک و جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندبوو، "پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین، بەڵام هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیان کرد و داوای دان بەخۆداگرتنیان لێکردین".

لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمریکای وت، "پێشمەرگە بێ پرسی وەزارەت جوڵەی پێکراوە".

بەڵام، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "پێشمەرگە جوڵە ناکات بەبێ پرسی وەزارەتی پێشمەرگە".

دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە دۆخی خۆپیشاندانەکانی کەرکوک بەرەو ئاساییبوونەوە چوو، بەڵام رۆژی دووشەممە جارێکی تر دەستی پێکردەوە و خۆپیشاندەران داوای سزادانی بکوژان و تەقەکەرانی خۆپیشاندانەکان دەکەن. بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر خەتن بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە".

وتیشی: "ئەوەی لە کەرکوک روویداوە دۆخێکی خراپە، کە رێ لە هەڵوێستی کورد بگرن، یان خەڵکێک بێت خۆپیشاندان بکات رێگری لێبکات، ئەوە شتێکی خراپە و ئێمە دژی ئەوەین."

رۆژی شەممە 2ی ئه‌یلولی 2023، دژی داخستنی رێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی تورکمانییەکانەوە، بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بارگرژی روویدا، به‌هۆی گرژییه‌كانه‌وه‌ چوار خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداو 15 خۆپیشاندەری تریش برینداربوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×