"دوو رۆژە لەسەریەک باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ کاربەده‌ستانی هەرێم کۆدەبێتەوە"
  2023-09-13       1641       

ئا: ئاوێنە

 

ئالینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا چەندین کۆبونەوەی ئەنجام داوە و تاووتوێی چەندین پرسی گرنگی کردووە لە ناویاندا پرسی کەرکوکیش باسكراوه‌.

 

لە دواین تویتیدا رۆژی سێشەممە 12ی ئه‌یلولی 2023، ئالینا رۆمانۆڤسکی رایگه‌یاندووه‌، "لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران  باسمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چاکسازییە ئابوورییە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم و پلانەکانی داهاتوو کرد. هەروەها پابەندبوونی پتەوی ئەمریکامان بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لە چوارچێوەی حکومەتی فیدراڵیدا بە وردی راگەیاند".

پێشتریش رۆژی دووشەممە بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مه‌سرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە.

لە تویتێکدا سەبارەت بە کۆبونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "سوپاسیم کرد بۆ پشتگیری بەردەوامی لە پلاندانان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە مانگی دوودا. ئێمە گفتوگۆیەکی بەبەرهەممان کرد لەسە هەموو پرسەکان و چاومان لەوەیە چۆن ئەمریکا و عێراق بتوانن هاوبەشبن بۆ پشتگیریکردن لە گەشەی ئابووری و هەمەچەشنکردنی دوور لە کەرتەکانی نەوت و غاز".

له‌و باره‌وه‌ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبونەوەکەوە باسی له‌وه‌كردبوو، "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی‌ ‏كوردستان، گفتوگۆی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تایبه‌تی‌ پرسی‌ ‏بودجه‌ و مووچه‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و دۆخی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ ‏كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌".‏

باسی له‌وه‌شكردبوو، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی‌ گفتوگۆیه‌كی‌ بنیاتنه‌رانه‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ ‏عێراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا كرده‌وه‌ بۆ لێكگه‌یشتنی‌ هاوبه‌ش و ‏چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوانیان، به‌ شێوه‌یه‌ك مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی‌ هه‌مووان ‏ده‌سته‌به‌ر بكات و ئارامی‌ و سه‌قامگیریی‌ سیاسیی‌ وڵات بپارێزێت.

هاوكات باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە رۆڵی" حکومەتی هەێمی کوردستان لە هاوکاریکردن لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە" کردووە.


دەڵێت: "هەمیشە دڵخۆشم بە دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بیروڕامان لەبارەی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد. هاوکات لەسەر گرنگی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسەکانی بودجە هاوڕا بووین".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا رایگه‌یاندوو، "تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان، تاوتوێکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو لە یاسای بودجەی فیدراڵدا. سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە بەداخەوە لایەن هەیە دەیانەوێ بە شێوەیەکی ناڕەوا و لە دەرەوەی یاسای بودجە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن، لەکاتێکدا شاندی دانوستانکاری هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە. بۆیە پێویستە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت".

هەروها بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئاساییکردنەوه‌و گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی دۆخی کەرکووک کرا".

جگە لە کاربەدەستانی هەرێم ئالینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا رۆژی سێشەممە چاوی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کەوت و باسیان لە "گرنگی یەکڕیزی کورد" کردووە.

لە تویتەکەیدا دەڵێت، "باسمان لە رێگاکانی ئەمریکا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی کە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆی بەرهەمدار لە نێوان هەولێر و بەغدا دراون، هەروەها گرنگی یەکڕیزی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان و پاڵپشتی لە سەقامگیری ناوچەکە".

ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم، حكومه‌تی فیدراڵی عێراق به‌ برسیكردنی خه‌ڵك و نه‌ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×