"بنکەو بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەچیای هەڵگوردو بەربزێن تێکدەدرێن"
  2023-09-13       1514       

ئا: ئاوێنە

 

سەرچاوەیەکی نزیک لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت "حزبەكانی رۆژهەڵات بەتەواوەتی هێزەکانیان لەچیای هەڵگوردو بەربزین کشاندوەتەوەو بڕیارە شاندی هەرێم و عێراق بچنە ئەو شاخانەو بنکەو بارەگاکان تێکبدەن".

 

دەنگی ئەمریكا لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە رایگەیاند "ڕەنگە دوای تێکدانی بنکەو بارەگای حزبە کوردییەکان لە شاخی هەڵگورد و بەربزین، وەفدی ئێرانی ببرێتە ناوچەکەو دڵنیاییان لە بارەی دۆخەکەوە پێبدرێت."

ئێران ڕۆژی 19 ی ئەیلولی وەکو دوا وادە بۆ چەكداماڵین لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم، دیاریکردوە، تەنها 6 ڕۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیە و بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.

لەگەڵ نزیکبونەوەی ئەو وادەیەی دیاریکردوە بۆ چەککردنی حزبە کوردییەکان، ئێران هێزێکی زۆری بەچەک و تەقەمەنی سوک و قورسەوە گواستوەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی ناوچە کوردییەکانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران هێزێکی زۆری لەهەمەدان و زنجان و تەبرێزەوە گواستوەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێم."

ئەرسەلان یارئەحمەدی، وتی،"بیستومانە گوایە لە ناوچەی خەلیفان كەمپ بۆ حزبە کوردییەکان دروست دەکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەمە، هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان لەناوچەی پردێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە چەکی قورس داماڵراون، وەکو هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە خواستەکانی ئێران.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە حسێن یەزدان پەنا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان و خەلیل نادری وتەبێژی ئەو حزبەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبون.

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە ڕێزمان لەسەروەری خاکی هەرێم و عێراق گرتوە، ساڵانێکی دور و درێژە سنورەکانمان بۆ هێرشکردن بەکار نەهێناوە، بەڵام ئێمە کراوینەتە بیانو."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×