دەقی نامەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ وەزیری دەرەوەی پێشوتری ئەمەریکا:  "دڵمان خوێنی لێ دەچۆڕێت"
  2023-09-14       2429       

ئا: ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا

سایتی ئەلمۆنیتەر، دوێنێ سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە نامەیەکی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد کە گوایە بۆ سەرۆکی ئەمریكا جۆ بایدنی ناردوە. هەرچەندە حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتەکەی پشتڕاست نەکردوەتەوە و ئاسۆ حاجی ، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاریش بابەتەکەی ڕەتکردوەتەوە و دەڵێت دورە لە ڕاستییەوە، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامەکە ئەو نامەیەمان بیردەخاتەوە کە مەلا مستەفا بارزانی لە دوای ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975 بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ناردوە.

مەلا مستەفا نامەکەی لە 10ی 3ی 1975 لە ڕێگەی باڵیۆزی ئەمەریکا لە تارانەوە بۆ هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمەریکا ناردوە .

لە نامەکەدا بارزانی داوای هاوکاری بە پەلەی ئەمەریکا دەکات بۆ شۆڕشی کورد کە بە هۆی ڕێککەوتنی ئێران و عێراق بە ناوبژی وڵاتی جەزائیر گەمارۆدرابو.

نامەکە لە لایەن ڕیچارد هێڵمس باڵوێزی ئەمەریکا لە تاران بە نهێنی بۆ هێنری کەیسنجەر نێردراوە و لە ساڵانی دواتر ئاژانسی سی ئای ئەی بڵاویکردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەی بارزانییە:

جەنابی بەڕێز دکتۆر هێنری کەیسنجەر

وەزیری دەرەوە

شاری واشنتن

10ی 3ی 1975

جەنابی بەڕێز:

ئێمە کە هەمیشە باوەڕمان بە چارەسەری ئاشتیانەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و عێراق هەبوە، خۆشحاڵین کە دەبینین ئەم دو وڵاتە گەیشتونەتە هەندێک ڕێککەوتن لە جەزائیر. بەڵام دڵمان خوێنی لێ دەچۆڕێت کە دەبینین بەرهەمێکی دەستبەجێی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە لە لەناوبردنی گەلە بێ پشتوپەناکەمان بە شێوەیەکی بێ وێنە لە کاتێکدا ئێران سنوری خۆی داخست و هاوکارییەکانی بۆ ئێمە بە تەواوی ڕاگرت و لە کاتێکدا عێراقییەکان دەستیان بە گەورەترین هێرش کرد تا ئێستا ئەنجامیان دابێت و ئێستا بەردەوامە. بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو و بە بێدەنگی هەمو لایەک لەناو دەچێت. ئێمە هەستدەکەین جەنابی بەڕێز کە ئەمەریکا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و سیاسی هەیە بەرامبەر بە گەلی ئێمە کە خۆی پابەند کردوە بە سیاسەتی وڵاتەکەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە لە جەنابی بەڕێزتان دەپاڕێینەوە کە بە زوترین کات هەنگاو بنێیت لەسەر ئەم دو بابەتەی خوارەوە.

1- ڕاگرتنی هێرشی عێراق و کردنەوەی ڕێگا بۆ گفتوگۆی نێوان ئێمە و عێراق بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ گەلەکەمان کە لانیکەم کەرامەت پارێز بێت.

2- بەکارهێنانی هەر کاریگەرییەکتان لەگەڵ دۆستانی ئێرانی بۆ هاوکاریکردنی گەلەکەمان لەم ساتە مێژوییە تراژیدی و خەمناکانەدا و لانیکەم بە شێوەیەک کە گەلەکەمان و پێشمەرگە بتوانن هەندێک ژیانکردنیان بپارێزن و لانیکەم چالاکی پارتیزانی لە کوردستانی عێراق ئەنجام بدەن تا کێشەکەمان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی گشتیی ئێران و عێراقدا چارەسەر دەکرێن.

جەنابی وەزیر، ئێمە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی وەڵامی خێرا و کرداری ئێوەین و دڵنیاین کە ئەمەریکا لەم کاتە گرنگ و سەختانەدا بێباکانە نامێنێتەوە.

هەروەها بەوردی لەسەر ئەم پرسانە یاداشتێکمان بۆ جەنابی ئیمپراتۆری خاوەنشکۆ نوسیوە.

تکایە جەنابی وەزیر، بەرزترین دەربڕینی پێزانین و هیوای باشمان قبوڵ بفەرمو.

مستەفا بارزانی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×